مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

ڕێکخراوى گه‌شه‌پێدانى ئافره‌تان : ژنانى کورد ڕۆڵى خۆیان گێڕاوه‌ و که‌ هه‌ر کاتێک ده‌رفه‌تیان بۆ ڕه‌خسابێت نمونه‌ى باڵایان پێشکه‌ش کردووه‌

ئازار 07, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

 


ڕێکخراوى گه‌شه‌پێدانى ئافره‌تانى کوردستان به‌بۆنه‌ى 8 ى مارسه‌وه‌ راگه‌یه‌نراوێکى بڵاو کرده‌وه‌و تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌ ژنانى کورد ڕۆڵى خۆیان گێڕاوه‌ و که‌ هه‌ر کاتێک ده‌رفه‌تیان بۆ ڕه‌خسابێت نمونه‌ى باڵایان پێشکه‌ش کردووه‌ ،ئه‌مه‌ ده‌قى راگه‌یه‌نراوه‌که‌یه‌:

 

- گه‌لى کوردى پێشکه‌وتووخواز و نیشتمان په‌روه‌ر .
- ئافره‌تانى ئازادیخواز و سمبوڵى به‌رخودان و گیان فیدایی.

زیاتر له‌ سه‌ده‌یه‌که‌ ته‌واوى جیهان ، شانبه‌شانى ئافره‌تان و ژنانى دونیا . ڕۆژى (۸)ى مارس وه‌ک یادێک بۆ وه‌ستانه‌وه‌ له‌ ڕووى بێ دادى و ژێر ده‌سته‌یى و نایه‌کسانى و چه‌وساندنه‌وه‌ى ئافره‌تان ، به‌رز ده‌نرخێنن .

له‌ زۆرێک له‌ ووڵاتانى جیهان دا و له‌م بۆنه‌یه‌دا ، چاو ده‌خشێنرێته‌وه‌ به‌ ئاستى ژیان و پێشکه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنى ئافره‌تان له‌ کۆمه‌ڵگادا و له‌ پێناو به‌ره‌و پێش بردنى ڕۆڵ و تواناى ئافره‌تان و ده‌سته‌به‌ر کردنى مافه‌کانیان ، هه‌نگاوى به‌ جێ هه‌ڵده‌گیرێت و ڕێوشوێنى گونجاو ده‌گیرێته‌به‌ر .

بێ گومان چه‌سپاندنى ئه‌م یاده‌یش به‌رهه‌مى قوربانیدان و تێکۆشانى بێ ووچانى ئافره‌تان خۆیان و ئازادیخوازان بووه‌ .
له‌و پێناوه‌شدا تێچوى زۆر دراوه‌ تا وه‌کو ئه‌م یاده‌ گه‌یشتۆته‌ ئه‌م ئاسته‌ له‌ گرنگى پێدان.
به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و هه‌موو هه‌وڵ و قوربانیدانه‌یش وه‌ڵامى گونجاویان وه‌رگرتۆته‌وه‌ و ڕۆڵى دیار و به‌رچاوى ئافره‌تان له‌ گشت کایه‌کانى ژیان دا ( له‌ هونه‌ر و ڕامیارى و ئه‌ده‌ب و به‌ڕێوه‌بردن و وه‌رزش و په‌روه‌رده‌ و...... هتد ) یه‌کێکه‌ له‌ به‌روبومه‌کانى ئه‌و هه‌موو ته‌قه‌لا و ماندوبونه‌.به‌ڵام له‌ ئێستایش دا و له‌ به‌شێکى فراوانى جیهاندا ، ئافره‌تان هێشتاش نایه‌کسانى و سته‌م مۆته‌که‌ى ژیانیانه‌ و چه‌وساندنه‌وه‌یان دزێوترین دیارده‌ى به‌رجه‌سته‌ى ژیانى چه‌ندین کۆمه‌ڵگایه‌.به‌ڵێ ، سه‌دان ملیۆن ئافره‌ت گیرۆده‌ى قێزه‌ونترین چه‌وساندنه‌وه‌ن و ناچارى کارى له‌شفڕۆشى و گیرۆده‌ى بانده‌کانى قاچاخچێتى و بازرگانین به‌مرۆڤه‌وه‌ .

سه‌ره‌ڕاى ئه‌وانه‌یش ئافره‌تان قوربانى گه‌وره‌ى جه‌نگه‌کانن و نه‌خوێنده‌وارى و توندوتیژى خێزانى و کلتور و دابونه‌ریتى دواکه‌وتووى ناو به‌شێک له‌ کۆمه‌ڵگاکان ژیانى ئافره‌تانیان خاپور کردووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌یشدا ، کاروانى خه‌باتى مه‌ده‌نى بۆ ده‌سته‌به‌رکردنى مافه‌کانى ئافره‌تان و نه‌هێشتنى جیاوازى ڕه‌گه‌زى به‌رده‌وامه‌ و پێویستى به‌ قوربانى زیاتره‌ .

گه‌لى کوردیش سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى سه‌رقاڵى خه‌باتى ڕزگارى بووه‌ له‌ ڕابردودا و به‌ئێستایشه‌وه‌ . به‌ڵام ژنانى کورد ڕۆڵى خۆیان گێڕاوه‌ و که‌ هه‌ر کاتێک ده‌رفه‌تیان بۆ ڕه‌خسابێت نمونه‌ى باڵایان پێشکه‌ش کردووه‌ ، له‌ نمونه‌کانى (حه‌پسه‌خانى نه‌قیب و عادیله‌خانم و له‌یلا زانا و له‌یلا قاسم و ڕه‌وشه‌ن به‌درخان و دایه‌ گوڵه‌ و ده‌یان و سه‌دانى تر).
به‌ڵێ له‌ ئێستایش دا ژنانى کورد ڕووبه‌ڕووى گه‌وره‌ترین مه‌ینه‌تى و چه‌وسانه‌وه‌ ده‌بنه‌وه‌ و سه‌دان و هه‌زارانیان له‌ به‌ندیخانه‌کانى ووڵاتانى ئێران و تورکیادا به‌ند ده‌کرێن و له‌ سێداره‌ ده‌درێن .
به‌ به‌رچاوى دونیاوه‌ ، هه‌زاران ئافره‌تى پاکیزه‌ى کوردانى ئێزیدى له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ده‌فڕێندرێن و مامه‌ڵه‌ى کۆیله‌یان پێوه‌ ده‌کرێت و له‌ دواساته‌کانى ته‌مه‌نى خه‌لافه‌ته‌ نه‌گریسه‌که‌یاندا ده‌یان ئافره‌تى کورد (ملیان له‌ لاشه‌ ده‌کرێته‌وه‌)
به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ئافره‌تانى کورد
وه‌ک سمبوڵى به‌رخودان و به‌رگرى له‌ ڕۆژئاواى کوردستان ده‌جه‌نگێن و له‌ باشورى کوردستان و پارچه‌کانى تریش ڕۆڵى گه‌وره‌ى خۆیان ده‌گێڕن.
ئێمه‌ وه‌ک ڕێکخراوى (گه‌شه‌پێدانى ئافره‌تانى کوردستان) پێمان وایه‌ ، که‌ بۆ ده‌سته‌به‌رکردنى مافه‌کانمان پێوستمان به‌ به‌رزکردنه‌وه‌ى ئاستى هۆشیارى خۆمان و کۆمه‌ڵگا هه‌یه‌. له‌ڕێگاى کار و چالاکى مه‌ده‌نى و گردبونه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ڕێکخراوه‌کانى ئافره‌تان و ژنان و کارى ده‌سته‌جه‌معى ده‌توانین بگه‌ینه‌ مافه‌کانمان.
فشار کردن له‌ حکومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان بۆ به‌یاسایى کردنى مافه‌کان و گرتنه‌ به‌رى ڕێشوێنى پێویست بۆ به‌دیهاتنى خواسته‌ ڕه‌واکانمان و پێش به‌هه‌ر چه‌وسانه‌وه‌ و توندوتیژییه‌ک بگیرێت که‌ به‌رامبه‌ر ئافره‌تان ده‌کرێت .

ئێمه‌ له‌ ڕێکخراوى (گه‌شه‌پێدانى ئافره‌تانى کوردستان)له‌م یاده‌ پێ‌ له‌ شکۆیه‌دا ، وێڕاى پیرۆزبایى گه‌رممان له‌ سه‌رجه‌م ئافره‌تان و ژنانى جیهان به‌ گشتى و کوردستانیانى ئازیز به‌ تایبه‌تى .پێداگرى ده‌که‌ین له‌سه‌ر خواست و داخوازییه‌ ڕه‌واکانى ئافره‌تان و هاوهه‌ڵوێست له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ خوشکانمان له‌ ڕێکخراوه‌کانى تر و سه‌رجه‌م ئازادیخوازان و داکۆکیکاران له‌ ئازادى و ماف له‌ دونیادا.
ڕایده‌گه‌یه‌نین که‌ ده‌سته‌به‌رکردنى مافه‌کانى ئافره‌تان پێوه‌رى ئازادى کۆمه‌ڵگا و پێشکه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنیه‌تى .

سه‌رکه‌وتن بۆ خه‌باتى جه‌ماوه‌رى ، له‌پێناو ده‌سته‌به‌رکردنى یه‌کسانى ژن و پیاو .

مه‌کته‌بى سکرتارییه‌تى
ڕێکخراوى گه‌شه‌پێدانى ئافره‌تانى کوردستان
۸ مارس ۲۰۱۹