مه‌ڵبه‌ندی شاره‌زووری حزبی سۆسیالیست ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

ئازار 07, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

مه‌ڵبه‌ندی شاره‌زووری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان به‌بۆنه‌ی 28 هه‌مین ساڵڕۆژی ڕاپه‌ڕینی قه‌زای شاره‌زوور ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ تێداهاتووه‌ " ڕۆژی 8ی ئازاری 1991 پێشمه‌رگه‌ و ڕێكخستنه‌كانی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان به‌ هاوكاری جه‌ماوه‌ری قه‌زای شاره‌زوور توانیان داموده‌زگاكانی حزبی به‌عس راماڵن كۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتی حزبی به‌عس بهێنن له‌ قه‌زای شاره‌زوور".  

 

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی مه‌ڵبه‌ندی شاره‌زووری حزبی سۆسیالیست :

 

كه‌س و كاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان

جه‌ماوه‌ری تێكۆشه‌ری قه‌زای شاره‌زوور

به‌بۆنه‌ی 28 هه‌مین ساڵڕۆژی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری كوردستان سه‌ری ڕێز و وه‌فا نه‌وی ده‌كه‌ین بۆ شه‌هیدانی كورد و كوردستان و جوانترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستان و قه‌زای شاره‌زوور ده‌كه‌ین .

 ڕۆژی 8ی ئازاری 1991 پێشمه‌رگه‌ و ڕێكخستنه‌كانی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان به‌ هاوكاری جه‌ماوه‌ری قه‌زای شاره‌زوور توانیان داموده‌زگاكانی حزبی به‌عس راماڵن كۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتی حزبی به‌عس بهێنن له‌ قه‌زای شاره‌زوور. ‌

جه‌ماوه‌ری قه‌زای شاره‌زوور

حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان وه‌ك هێزێكی كاریگه‌ر له‌ نێو به‌ره‌ی كوردستانی ڕۆڵی به‌رچاوی بینی له‌ ئازاد كردنی به‌شێكی زۆری كوردستان به‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌ له‌ ده‌ستی ڕژێمی به‌عس، حزبی سۆسیالیست له‌ دوای ئازادكردنی خاكی كوردستان ئه‌ركی پاراستی ده‌سكه‌وته‌كانی راپه‌رینی له‌ ئه‌ستۆگرت و له‌و پێناوه‌شدا قوربانی گه‌وره‌ی داوه‌.

كه‌س و كاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان

جه‌ماوه‌ری كوردستان

سه‌ركه‌وتنی گه‌لی كورد له‌ راپه‌رینی ئازاری 1991دا له‌ ئه‌نجامی یه‌كگرتوو و یه‌كهه‌ڵوێستی هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و جه‌ماوه‌ری كوردستان بوو، بۆیه هه‌ر كات گه‌له‌كه‌مان یه‌كهه‌ڵوێست بووه‌ سه‌ركه‌وتنی مسه‌وگه‌ر كردووه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له‌رووبه‌ڕوبونه‌وه‌كانی چه‌كدارانی داعش هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ هاوكاری جه‌ماوه‌ری كوردستان و هیزه‌ هاوپه‌یمانه‌كان توانیان چه‌كدارانی داعش تێكبشكێنن و به‌ دونیای نیشان بده‌ن گه‌لی كورد شه‌ڕ له‌ دژی تیرۆر ده‌كات له‌ پێناو ئاشتی و ئارامی جیهاندا، بۆیه‌ پاراستن و به‌ ده‌ستهینانی مافی گه‌له‌كه‌مان له‌ یه‌كگرتندایه‌ له‌به‌رامبه‌ر نه‌یارانی میلله‌ته‌كه‌مان.

جه‌ماوه‌ری قه‌زای شاره‌زوور

ئه‌مرۆ له‌ كاتێكدا یادی راپه‌رین ده‌كه‌ینه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ قۆناغێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت و پێویستی به‌ هه‌موو هێزه‌كانه‌ بۆ گه‌یاندنی به‌ كه‌ناری ئارام و دابینكردنی خۆشگوزه‌رانی بۆ جه‌ماوه‌ری كوردستان، چونكه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا میلله‌ته‌كه‌مان له‌ یه‌ككاتدا ڕووبه‌ڕوی شه‌ڕی داعش و قه‌یرانێكی دارایی سه‌خت بویه‌وه‌، ئه‌مڕۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ كۆتایی به‌شه‌ڕی داعش هاتووه‌ و بارودۆخی ئابووری هه‌رێمش هه‌نگاو به‌ره‌و باشی ده‌نێت ، پێویسته‌ ئاوڕی جدی له‌ كه‌س و كاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و فه‌رمانبه‌ران و جه‌ماوه‌ری كوردستان بدرێته‌وه‌.

كه‌س و كاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان

جه‌ماوه‌ری كوردستان

ئێمه‌ له‌ حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بین له‌ پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كانی ڕاپه‌ڕین، هیواخوازین له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكبهێنرێت و به‌رژه‌وه‌ندی جه‌ماوه‌ر پێش هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی تر بخرێت تا له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ میلله‌ته‌كه‌مان به‌ خواسته‌كانی خۆی بگات ودڵنیایش ده‌ده‌ین به‌ میلله‌ته‌كه‌مان    داكۆكیكاری ڕاسته‌قینه‌ی مافه‌ ڕه‌واكانیان ده‌بین.

شكۆدار بێت 8ی ئازار ڕۆژی ئازادكردنی قه‌زای شاره‌زوور

نه‌مری و سه‌ربه‌رزی بۆ شه‌هیدان

 

 حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان

مه‌ڵبه‌ندی شاره‌زوور

8ی ئازاری 2019