مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

په‌یامى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ ٨ى مارسدا

ئازار 08, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ یادى ٨ى مارس، ڕۆژى جیهانیى ئافره‌تاندا، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران په‌یامێکى بڵاوکرده‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى:

٨ى مارس، ڕۆژێکى پرشنگداره‌ له‌ یاده‌وریى مرۆڤایه‌تیدا، یادکردنه‌وه‌ى ئه‌م ڕۆژه‌، ڕێزگرتنه‌ له‌ خه‌باتى زیاتر له‌ سه‌ده‌ و نیوێکى ئافره‌تان و یه‌کسانیخوازان، له‌پێناو یه‌کسانى و دادپه‌روه‌ریى کۆمه‌ڵایه‌تیدا. له‌م یاده‌ شکۆداره‌دا گه‌رمترین پیرۆزبایى ئاراسته‌ى سه‌رجه‌م ئافره‌تانى کوردستان و جیهان ده‌که‌ین.

مایه‌ى شانازییه‌ که‌ ئافره‌تانى کوردستان هه‌میشه‌ به‌شدارییه‌کى کاریگه‌ریان له‌ بواره‌ جیاکانى خه‌بات و تێکۆشاندا هه‌بووه‌. خانمان هه‌میشه‌ قوربانیى سه‌ره‌کیى توندوتیژی، له‌ سه‌رووى هه‌مووشیانه‌وه‌ توندوتیژییه‌کانى جه‌نگ و ئه‌و کاره‌ساتانه‌ بوون که‌ به‌سه‌ر گه‌له‌که‌ماندا هاتوون، هه‌ر له‌ ئه‌نفال و کیمیابارانه‌وه‌ تا شاڵاوى نامرۆڤانه‌ى تیرۆریستانى داعش ده‌رهه‌ق به‌ خانمانى ئێزدیمان له‌ شه‌نگال، به‌ڵام هیچ ڕووداوێکى کاره‌ساتهێن نه‌یتوانیوه‌ له‌ شکۆى ئافره‌تى کوردستانى و وره‌یان بۆ ژیان، خه‌بات و سه‌رفرازی، که‌م بکاته‌وه‌.

حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌میشه‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌، وه‌ک پره‌نسیپێکى چه‌سپیوى مافه‌کانى مرۆڤ و دیموکراسى له‌ که‌یسى یه‌کسانى و مافى ئافره‌تانى ڕوانیوه‌. وێڕاى هه‌بوونى ده‌سته‌ و دامه‌زراوه‌ى حکوومیى تایبه‌ت به‌ ئافره‌تان و داکۆکیکار له‌ مافه‌کانیان، دۆخێکى له‌باریش ڕه‌خسێنراوه‌ بۆ کار و تێکۆشانى ڕێکخراوه‌ ناحکومییه‌ تایبه‌تمه‌نده‌کانى بوارى ژنان و مافه‌کانیان.

ژنان ڕۆڵێکى سه‌ره‌کییان له‌ که‌رتى په‌روه‌رده‌وه‌ و پێگه‌یاندنى ڕۆڵه‌کانى ئه‌مڕۆ و داهاتووى گه‌له‌که‌ماندا هه‌یه‌ و ساڵ به‌ساڵ ڕۆڵیان له‌م که‌رته‌ گرنگه‌دا زیاد ده‌بێت. به‌رزبوونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى خانمانى په‌رله‌مانتار و خاوه‌ن پۆسته‌ باڵا و گرنگه‌کان له‌ دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌کانى هه‌رێمى کوردستاندا، ئاماژه‌یه‌کى گرنگى به‌هێزبوونى بنه‌ماکانى یه‌کسانییه‌، ئاماده‌بوونى ئافره‌تى کوردستانى له‌ بوارى سه‌رمایه‌گوزارى و که‌رتى تایبه‌تدا، هه‌نگاوێکى دیکه‌ى گرنگه‌ بۆ به‌شداربوونیان له‌ کۆمه‌ڵگادا و ده‌بێ هه‌وڵه‌کانیان له‌م بواره‌دا پشتیوانیى جددى لێ بکرێت و زیاتر په‌ره‌ى پێبدرێت.

ئه‌رکى هه‌موو که‌س و گرووپ و لایه‌نێکى کوردستانییه‌، به‌تایبه‌تیش ده‌سته‌بژێران، پشتیوانى له‌ پرسى یه‌کسانى و چه‌سپاندنى بنه‌ماکانى بکه‌ن له‌پێناو ژیانێکى پێ‌ به‌هاى جوانى مرۆڤدۆستانه‌ و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى لێبوورده‌ى یه‌کسانیخواز و ئایینده‌یه‌کى گه‌شدا.

به‌رز و شکۆدار بێت ساڵڕۆژى ٨ى مارس، ڕۆژى جیهانیى ئافره‌تان.

سڵاو له‌ گیانى پیرۆزى ئه‌و خانمه‌ قاره‌مانانه‌ى گه‌له‌که‌مان که‌ له‌پێناو مافه‌ ڕه‌واکانى گه‌ل و نیشتماندا گیانیان به‌خشی.

سڵاو له‌ گیانى پیرۆزى سه‌رجه‌م شه‌هیدانى ڕێگاى ڕزگارى و سه‌رفرازی.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان
8ى مارسى 2019