مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

له‌م مانگه‌وه‌ پاشه‌که‌وتى مووچه‌ نامێنێت

ئازار 08, 2019


جه‌ماوه‌رنیوز


دواى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ینى 8-3-2019ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌ریمى کوردستان، له‌ لێدوانێکى ڕۆژنامه‌وانیدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان تیشکى خسته‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆکى کۆبوونه‌وه‌که‌ و ئه‌و بڕیارانه‌ى که‌ دران.

ده‌قى لێدوانى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی:

کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران تایبه‌ت بوو به‌ بابه‌تى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان. خۆشحاڵم به‌وه‌ى که‌ ڕابگه‌یه‌نم له‌م مانگه‌وه‌ بڕیارى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستاندا هه‌ڵده‌گیرێت و مووچه‌ وه‌کوو خۆى به‌ ته‌واوه‌تى دابه‌ش ده‌کرێت له‌م مانگه‌وه‌ به‌ بێ پاشه‌که‌وت.

ئه‌وه‌ى ئاشکرایه‌ لاى هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان به‌هۆى بارودۆخێکى قورسى ده‌ره‌وه‌ى ئیراده‌ى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌، سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئێمه‌ ناچار بووین ئه‌و بڕیاره‌ بده‌ین و پاشه‌که‌وتى مووچه‌ دابنێین بۆ مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان. بڕیاره‌که‌ ئاسان نه‌بوو و زۆر زۆر زه‌حمه‌ت بوو، هه‌م بۆ کاک قوباد و هه‌م بۆ من وه‌کوو سه‌رۆک وه‌زیران و جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران، پێم وایه‌ ناخۆشترین بڕیار و قورسترین بڕیار بوو له‌ ژیانى سیاسى که‌ له‌م وڵاته‌ هه‌مانبووه‌.

ئه‌وه‌ى که‌ توانى ئه‌و بڕیاره‌ى ئێمه‌ سه‌ربخات و توانیمان ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێ بکه‌ین، تێگه‌یشتنى هاووڵاتیان و مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان بوو له‌ بارودۆخى ئه‌م هه‌رێمه‌مان، ئه‌گه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ نه‌بوایه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نه‌مانده‌توانى ئه‌مڕۆ دواى سێ ساڵ له‌به‌رده‌م هاووڵاتیانى خۆمان له‌ هه‌رێمى کوردستان بڵێین پاشه‌که‌وتى مووچه‌ هه‌ڵگیرا. به‌ڵێنمان دابوو به‌ هاووڵاتیان له‌ کاتى خۆیدا گه‌ر هه‌ر کاتێک بتوانین و بگه‌ینه‌ ئه‌و بڕوایه‌ى دۆخى داراییى هه‌رێمى کوردستان به‌ شێوه‌یه‌ک بێت که‌ بتوانین پاشه‌که‌وته‌که‌ هه‌ڵبگرین، پاشه‌که‌وته‌که‌ هه‌ڵده‌گیرێت، ئه‌مڕۆ ئه‌و ڕۆژه‌یه‌ که‌ به‌ هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان بڵێین ئێمه‌ ئه‌و به‌ڵێنه‌ى خۆمانمان جێبه‌جێ کرد و پێشیان بڵێین خۆڕاگریى ئه‌وان و تێگه‌یشتنى مووچه‌خۆران له‌ بارودۆخى داراییى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان قه‌ت له‌بیر ناکه‌ین.

به‌ شێوه‌یه‌کى گشتى سوپاسى هه‌موو مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌م، سوپاس بۆ ئه‌و مامۆستایانه‌ که‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌و بارودۆخه‌ ناخۆشه‌ نه‌یانهێشت ده‌رگاى قوتابخانه‌کان دابخرێت، سوپاس بۆ ئه‌و پزیشک و کارمه‌ندانه‌ى ته‌ندروستى که‌ ده‌رگاى نه‌خۆشخانه‌کانیان به‌ کراوه‌یى هێشته‌وه‌، سوپاس بۆ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کانى ئێمه‌ که‌ له‌و کاته‌ سه‌خته‌دا سه‌نگه‌ره‌کانیان جێنه‌هێشت له‌پێناو به‌رگریکردن له‌ خاکى کوردستان و له‌و پێناوه‌شدا ١٨٠٠ شه‌هید و نزیکه‌ى ١٠ هه‌زار بریندارمان دا. هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ گیانى پاکى ئه‌و شه‌هیدانه‌ داده‌نه‌وێنین و هیواى چاکبوونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌کان ده‌خوازین.

سوپاس بۆ ئاسایش و پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منییه‌کان که‌ شه‌ونخوونییان کرد و نه‌یانهێشت بارى ئارامى و ئاسایشى هه‌رێمى کوردستان تێکبچێت. سوپاس بۆ که‌سوکارى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان، زیندانیانى سیاسى، خانه‌نشینان و سوودمه‌ندانى تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى و فه‌رمانبه‌ران به‌گشتى و سوپاسى دڵسۆزى و خۆڕاگریش بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى که‌ پاڵپشتى به‌هێزى حکوومه‌ته‌که‌یان بوون.

سوپاسى به‌ڵێنده‌ران و وه‌به‌رهێنه‌ران و خاوه‌نپیشه‌ و کاسبکارانى کوردستانیش ده‌که‌م که‌‌ له‌ ده‌ره‌نجامى قه‌یرانى دارایى کێشه‌ى گه‌وره‌یان بۆ دروست بوو و ئه‌وانیش به‌ خۆڕاگرى ئه‌و باره‌ سه‌خته‌یان هه‌ڵگرت و به‌رگه‌یان گرت و تا ئێستاش له‌گه‌ڵ ئێمه‌ مانه‌وه‌. خه‌ڵکى کوردستان شایسته‌ى خزمه‌تکردنى زۆر زۆرتره‌ له‌وه‌ى که‌ تا ئێستا بووه‌.

ئه‌وه‌ى خۆشتان ده‌زانن هۆکارى سه‌ره‌کیى پاشه‌که‌وت په‌یوه‌ندى به‌ حکوومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ نه‌بووه‌، له‌ ئه‌نجامى چه‌ند شتێک دروست بووه‌. یه‌که‌میان، بڕینى بودجه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌. بڕینى بودجه‌ کاریگه‌رییه‌کى گه‌وره‌ى هه‌بوو له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى پاشه‌که‌وت. دووه‌م، شه‌ڕى داعش. ١١٠٠ کیلۆمه‌تر سنوورى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ دڕنده‌ترین ڕێکخراوى تیرۆریستى بووه‌ له‌ جیهاندا. سێیه‌م، دابه‌زینى نرخى نه‌وت و هه‌روه‌ها هاتنى نزیکه‌ى یه‌ک ملیۆن و ٨٠٠ هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ر بۆ هه‌ریمى کوردستان، ئه‌مانه‌ هه‌موویان ئه‌و هۆیانه‌ بوون که‌ بوونه‌ هۆکارى ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ئه‌و بڕیاره‌ قورس و ناخۆشه‌ بده‌ین له‌ ژیانى خۆماندا.

هیوادارین له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه‌ ده‌ره‌نجامێکى باش له‌ گفتوگۆکان و جارێکى دیکه‌ هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان باجى هیچ کێشه‌یه‌کى سیاسى له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌ده‌ن و بگه‌ینه‌ ئاستێک که‌ ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندیى ئێمه‌ چه‌ندیش تێک بچێت که‌ هیوادارم به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک تێک ناچێت له‌گه‌ڵ به‌غدا، واى لێ نه‌یه‌ت وه‌کوو کارتێکى فشار له‌سه‌ر هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان به‌کارى بهێنن و مووچه‌ى مووچه‌خۆران ببڕن. ئێمه‌ هیوادارین بگه‌ینه‌ ئه‌و ئاسته‌.

هه‌روه‌ک خۆشتان ده‌زانن ئه‌وه‌ى که‌ ئه‌مڕۆ له‌ به‌غدا بۆ هه‌رێمى کوردستان دێت، نزیکه‌ى ٥٢٢ ملیار دیناره‌، ئه‌وه‌ هه‌موو مووچه‌ نییه‌ و مووچه‌ى هه‌رێمى کوردستان زیاتره‌ له‌وه‌ و ته‌واوکه‌رى ئه‌وه‌ وه‌ک به‌ڕێز وه‌زیرى دارایى باسى کرد نزیکه‌ى ٨٨١ ملیار دیناره‌ که‌ ته‌واکه‌ره‌که‌ى خۆمان له‌ هه‌رێمى کوردستان ده‌یده‌ین.

ئێمه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆماندا داکۆکیمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان زۆر جددییه‌ له‌وه‌ى کێشه‌کانى خۆى له‌ بوارى دارایی، له‌ بوارى نه‌وت له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزێته‌وه‌.

ده‌مه‌وێ لێره‌ سوپاسێکى تایبه‌ت بنێرم بۆ په‌رله‌مانتارانى فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کان له‌ په‌رله‌مانى عێراق که‌ ئه‌وانیش له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا زۆر هه‌وڵیان دا و کۆششیان کرد بۆ ئه‌وه‌ى پاشه‌که‌وت هه‌ڵبگیرێت. سوپاسى به‌ڕیز د. عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق ده‌که‌م بۆ تێگه‌یشتنى به‌ڕێزیان له‌م بابه‌ته‌ و هه‌وڵى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى مووچه‌خۆران وه‌کوو هه‌موو عێراق سه‌یرى کرد و هه‌وڵى دا. هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ سوپاسى تایبه‌تى وه‌زیرى داراییى حکوومه‌تى فیدراڵ به‌ڕێز د. فوئاد حسێن بکه‌م که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌گه‌ڵ تیمى ئێمه‌ به‌ڕێزان د. ئامانج ڕه‌حیم، ڕێباز حه‌ملان له‌ وه‌زاره‌تى دارایى له‌سه‌ر هێل بوون بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وانیش بتوانن ئه‌م کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ن، سوپاسى تایبه‌تى ده‌که‌ین هه‌ر لێره‌وه‌ به‌ ناوى حکوومه‌ت، به‌ ناوى کاک قوباد و به‌نده‌ که‌ به‌ ڕاستى زۆر زه‌حمه‌تیان کێشا.

ئه‌مه‌ کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئێمه‌ بوو و ئه‌و بڕیارانه‌شى که‌ ده‌رمانکردووه‌ له‌م کۆبوونه‌وه‌ به‌ڕێز سکرێترى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌خوێنێته‌وه‌ و هیوادارم ئه‌مه‌ هه‌واڵێکى خۆش بێت بۆ مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان به‌ شێوه‌یه‌کى گشتى و ئێمه‌ش خۆشحاڵین.

هه‌ر له‌و کاته‌دا که‌ بڕیاره‌که‌ قورس بوو، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم که‌ تێگه‌یشتنى هه‌موو هاووڵاتیان و مووچه‌خۆران له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ گرنگ بوو، به‌ڵام پاڵپشتیى جێگرى به‌ڕێز سه‌رۆکى حکوومه‌ت براى خۆشه‌ویستم کاک قوباد تاڵه‌بانى له‌و کاته‌دا و هه‌موو کابینه‌ى حکوومه‌ت که‌ ئه‌و بڕیاره‌ قورسه‌ ئه‌مان خوێندیانه‌وه‌ له‌و کاته‌دا. هیوادارین جارێکى دیکه‌ هاووڵاتیان و مووچه‌خۆران تووشى کێشه‌یه‌کى دیکه‌ى دارایى نه‌بن و کوردستان به‌ره‌و خۆشى و ئاوه‌دانى و خزمه‌تگوزاریى زیاتر بڕوات له‌ داهاتوودا.