مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

په‌یامى به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود له‌رۆژى 8 ى مارسدا

ئازار 08, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌ڕێز محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود به‌بۆنه‌ى 8ى مارس ڕۆژى ئافره‌تان په‌یامێکى بڵاوکرده‌وه‌ تێداهاتووه‌ " له‌ڕۆژى جیهانى ئافره‌تاندا ئه‌رکى هه‌موو لایه‌که‌ هاوکارو هه‌ماهه‌نگیان بین بۆ به‌گژاچوونه‌وه‌ى کرده‌وه‌ى توندو تیژی، که‌تاکو ئێستاش له‌ چه‌ندین شوێن و ناوچه‌یه‌ک دژ به‌ ئافره‌تان ئه‌نجام ده‌درێ".

ده‌قى په‌یامى به‌ڕێز محه‌مه‌د حاجى مه‌حمود به‌بۆنه‌ى 8ى مارس رۆژى ئافره‌تان:

پیرۆزبێت 8ى مارس ڕۆژى جیهانى ئافره‌تان پێشکه‌وتنى هه‌رکۆمه‌ڵگه‌یه‌ک به‌نده‌ به‌ به‌شداریکردنى ئافره‌تان له‌ کایه‌کانى سیاسى و ئابورى و کۆمه‌ڵایه‌تى هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک به‌شدارى کاریگه‌رى ئافره‌ت تێیایدا به‌رجه‌سته‌ ببوو نیشانه‌ى زیندوێتى ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌ نیشان ده‌دات.

گه‌لى کوردستانیش وه‌ک هه‌ر گه‌لێکى زیندووى کۆمه‌ڵگاى مرۆڤایه‌تى پێ به‌پێى قۆناغه‌کانى گه‌شه‌کردنى کۆمه‌ڵگا، ئافره‌ت ڕۆڵى کاریگه‌رى خۆى تیایدا گێڕاوه‌و چه‌ندین که‌سایه‌تى ئافره‌تى کورد شان به‌شانى پیاو ڕۆڵى ووشیارکردنه‌وه‌و هاتنه‌ مه‌یدانى ئافره‌تیان گێڕاوه‌ بۆ به‌شداریکردنى کاریگه‌ریانه‌ى ئافره‌ت له‌ جومگه‌کانى کۆمه‌ڵگادا، وه‌ له‌به‌شداریکردنى شۆڕش و خه‌باتى سیاسى و پێشمه‌رگایه‌تیشدا نمونه‌ى زیندوومان هه‌یه‌ له‌و خانمانه‌ى که‌ ناوو ناوبانگیان له‌لاپه‌ڕه‌ى پرشنگدارى مێژووى بزاوتى ڕزگارى نیشتمانى و نه‌ته‌وایه‌تیدا گێڕاوه‌، به‌نمونه‌ى خانزاد و حه‌پسه‌خانى نه‌قیب و لیلى قاسم و چه‌ندینى تر.

بۆیه‌ له‌م یاده‌دا له‌ ڕۆژى جیهانى ئافره‌تاندا پێویسته‌ هه‌رچى زیاتره‌ ڕێکخراوه‌کانى ئافره‌تان به‌گشتى شان به‌شان پیاوان بێنه‌ مه‌یدانى خه‌باتى مه‌ده‌نیانه‌ى کۆمه‌ڵگا و به‌گژ هه‌موو کارو کرده‌وه‌یه‌کى توندو تیژى بوه‌ستنه‌وه‌ که‌لێره‌و له‌وێ ئه‌نجام ده‌درێ ، پێویسته‌ ئافره‌تان به‌شێوه‌یه‌کى گشتگیرانه‌ خه‌بات و تێکۆشانیان یه‌کبخه‌ن له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانى ماف و داخوازیه‌ ڕه‌واکانیان که‌خۆى له‌ یه‌کسانى و دادپه‌روه‌رى و ئازادیه‌ مه‌ده‌نیه‌کاندا ده‌بینێته‌وه‌.

‎له‌ڕۆژى جیهانى ئافره‌تاندا ئه‌رکى هه‌موو لایه‌که‌ هاوکارو هه‌ماهه‌نگیان بین بۆ به‌گژاچوونه‌وه‌ى کرده‌وه‌ى توندو تیژی، که‌تاکو ئێستاش له‌ چه‌ندین شوێن و ناوچه‌یه‌ک دژ به‌ ئافره‌تان ئه‌نجام ده‌درێ ، بۆیه‌ پێویسته‌ شان به‌شانى ئافره‌تان بوه‌ستینه‌وه‌ بۆ به‌دیهێنانى ژیانێکى شایسته‌و ته‌ندروست بۆ ئافره‌تان له‌ناو کۆمه‌ڵگاى مرۆڤایه‌تیدا، به‌م هه‌نگاوه‌ش ده‌توانین نمونه‌یه‌کى زیندووى کۆمه‌ڵگه‌ى کوردستان نیشانى گه‌لانى جیهان بده‌ین .


‎به‌رزو پیرۆزبێ تێکۆشانى ئافره‌تان له‌پێناو یه‌کسانى و دادپه‌روه‌رى و ئازادى ، پیرۆزبێ له‌ ئافره‌تانى جیهان به‌گشتى و ئافره‌تانى کوردستان به‌تایبه‌تى ڕۆژى جیهانى ئافره‌تان.

 

‎محمد حاجى محمود
‎2019-3-8