پۆلیسی هه‌ولێر دڵنیایی ده‌دات به‌ گه‌شتیاران و هاوڵاتیان

ئازار 10, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

له‌م نانگه‌دا پێشبینی دەكرێت بە هەزاران گەشتیار لە عێراق و وڵاتانی دیكەوە بێنە هەرێمی كوردستان

لە راگەیەندراوێكدا لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگه‌یاند بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و بۆنەكانی ئادارەوە، بە هەماهەنگیی ئاسایشی هەولێر و پۆلیسی هاتووچۆ و پۆلیسی بەرگریی شارستانی، پلانێكی ئەمنی تۆكمەیان داڕشتووە و سەرجەم هێزە ئەمنییەكانی دیكەش تێیدا بەشدار دەبن. پلانە ئەمنییەكە لە سبەی دەست پێدەكات و تا 23ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت".

ناوبراو ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو ئەم نەورۆزە هاووڵاتیان بە گڕوتینێكی زیاترەوە بەرەو سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەكان دەچن و كاتێكی خۆش بەسەر دەبەن، هەرچەندە نەیاران و ناحەزانی كوردستانیش چاویان بە پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورییەكانی كوردستان هەڵنەیەت، بەڵام بە دڵنیاییەوە كوردستان دەچێتە قۆناخێكی باڵاتر و رۆژ دوای رۆژ بەرەو پێشتر دەچێت.  

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر راشیگەیاند: "هاونیشتمانیانیش دڵنیا دەكاتەوە، هێزە ئەمنییەكان وەك هەمیشە بە شەونخوونی و ماندووبوون و دڵسۆزییەوە ئەركەكانی سەر شانیان رادەپەڕێنن و سەروماڵی هاووڵاتیان دەپارێزن".

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت وتیشی پێشبینی دەكرێت بە هەزاران گەشتیار لە عێراق و وڵاتانی دیكەوە بێنە هەرێمی كوردستان، بۆیە تیمەكانمان لە ناوەوەی شار و دەرەوە و شوێنە گەشتیاری و گشتییەكانیش بڵاوەیان پێدەكرێت.