پێکهێنان و ئه‌ندامانى هه‌ر 14 لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌که‌ى په‌رله‌مان په‌سندکرا

ئازار 12, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


کاتژمێر 11ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 12-3-2019، به‌سه‌رۆکایه‌تیى د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان و هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان و مونا قه‌هوه‌چی، سکرتێرى په‌رله‌مان،و سه‌رۆکى فراکسیۆنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان ، دانیشتنى ژماره‌ (2)ى ئاساییى خولى به‌هاره‌ له‌ ساڵى یه‌که‌می خولى پێنجه‌مى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.

به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ له‌ دوو خاڵ پێکهاتبوو، خاڵى یه‌که‌م بریتى بوو له‌ سوێندخواردنى پاڵێوراو به‌ڕێز (راهى ره‌هبه‌ر سه‌ید ئیبراهیم) له‌ شوێنى ئه‌و پاڵێوراوه‌ى که‌ سوێندى یاسایى نه‌خواردبوو‌، به‌پێى مادده‌ى (یه‌که‌م) له‌ یاساى ژماره‌ (13)ى ساڵى 2009، خاڵى دووه‌م و کۆتایى به‌رنامه‌ى کاریش بریتى بوو له‌ زیادکردنى دوو ئه‌ندام بۆ سه‌ر لیژنه‌ى یاسایى و پێکهێنانى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان و ده‌نگدان له‌سه‌ریان به‌پێى ماده‌کانى (28 و 29) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان-عێراق.



سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌که‌ له‌لایه‌ن سکرتێرى په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌ به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ و کۆنووسى دانیشتنى پێشوو و ناوى ئه‌ندامانى ئاماده‌نه‌بوو و مۆڵه‌ت خوێندرایه‌وه‌.

دواتر به‌پێى خاڵى یه‌که‌مى به‌رنامه‌ى کار، پاڵێوراو (راهى ره‌هبه‌ر سه‌ید ئیبراهیم) به‌ فه‌رمى سوێندى یاسایى خوارد و بووه‌ په‌رله‌مانتارى کوردستان.

به‌پێ خاڵى دووه‌م و کۆتایى به‌رنامه‌ى کاریش، په‌سندکردنى ناوى ئه‌ندامانى هه‌ر 14 لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌که‌ى په‌رله‌مان که‌ مابوون ده‌نگییان له‌سه‌ر درا و زیادکردنى دوو ئه‌ندام بۆ لیژنه‌ى یاسایى و له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مانه‌وه‌ ناوى ئه‌و دوو ئه‌ندامه‌ى فراکسیۆنى یه‌کێتى بۆ لیژنه‌ى یاسایى خوێندرایه‌وه‌ و به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ په‌سندکرا، هه‌ر یه‌پێى ئه‌و خاڵه‌ى به‌رنامه‌ى کار، به‌جیا ناوى ئه‌ندامانى هه‌ر 14 لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌که‌ى په‌رله‌مان که‌ مابوون خوێندرانه‌وه‌ و به‌جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و په‌سندکران.

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ى دانیشتنه‌که‌دا له‌لایه‌ن فراکسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ-وه‌ تێبینى له‌باره‌ى چۆنیه‌تیى دانانى ئه‌ندامان له‌لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌کان ئاراسته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان کرا و ئه‌وه‌شیان خسته‌روو که‌ به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆ فراکسیۆنه‌که‌یان به‌رکه‌وته‌ى له‌چه‌ند لیژنه‌یه‌ک ده‌بێـت به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌کرا.

له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆکى په‌رله‌مان داواى له‌جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان کرد روونکردنه‌وه‌ى یاسایى له‌باره‌ى چۆنیه‌تیى دانان و میکانیزمه‌کانى جێکردنه‌وه‌ى نوێنه‌رى فراکسیۆنه‌کان له‌ئه‌ندامییه‌تى لیژنه‌کان بخاته‌ڕوو. له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "دانانى نوێنه‌رى فراکسیۆنه‌کان له‌ئه‌ندامییه‌تى لیژنه‌کان به‌پێى چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له‌نێوان سه‌رۆکى فراکسیۆنه‌کان و ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى بووه‌. چه‌ند پێشنیازێک بۆ چۆنیه‌تیى دانان و میکانیزمه‌کانى جێکردنه‌وه‌ى نوێنه‌رى فراکسیۆنه‌کان له‌ئه‌ندامییه‌تى لیژنه‌کان خرانه‌ڕوو، له‌وانه‌: په‌یڕه‌وکردنى سانتلیگۆ به‌رێژه‌ى (1.7) یاخود (1.6)، که‌ ئه‌م پێشنیازه‌ش واى ده‌کرد زیاتر فراکسیۆنه‌ گه‌وره‌کان نوێنه‌ریان هه‌بێت و بۆیه‌ بریاردرا بۆئه‌وه‌ى زۆرترین پێکهاته‌و فراکسیۆن جێگایان بۆ بکرێته‌وه‌ کارمان به‌ سانتلیگۆ به‌رێژه‌ى (1.4) کرد و ئه‌مه‌ش به‌ره‌زامه‌ندیى سه‌رجه‌م فراکسیۆنه‌کان بوو. بۆیه‌ ئه‌وه‌ى په‌یڕه‌و کراوه‌ له‌چوارچێوه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ و یاسا به‌رکاره‌کان بووه‌".

دواى ته‌واوبوونى پرۆسه‌ى ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌ندامییه‌تى لیژنه‌کان و په‌سندکردنیان، سه‌رۆکى په‌رله‌مان کۆتایى به‌دانیشتنه‌که‌ هێنا.