قائیمقامى سلێمانى : رێگه‌ نادرێت نرخى بازاڕ به‌رز بێته‌وه‌

ئازار 12, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کدا که‌ له‌ دیوانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى به‌ به‌شدارى د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر- پارێزگارى سلێمانى و ئاوات محه‌مه‌د- قائیمقامى سلێمانى و ئاسایشى ئابوورى و چادێرى بازرگانى و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان به‌رێوه‌چوو گفتوگۆى ورد کرا له‌باره‌ى چاودێرى بازاێ‌ بۆ رێگرتن له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى شمه‌ک و کاڵا و ماده‌ خۆراکییه‌کان به‌تایبه‌ت که‌ بڕیارى لابردنى سیستمى پاشه‌که‌وتى موچه‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ دراوه‌ و له‌ وه‌رزى گه‌شت و سه‌یرانیش نزیکبوینه‌ته‌وه‌.

له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا هه‌ریه‌که‌ له‌ پارێزگار و قائیمقامى سلێمانى ته‌واوى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تیان راسپارد سه‌ردان و چاودێرییه‌کانیان زیاتر و وردتر بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى رێگه‌نه‌درێت هیچ که‌س و فرۆشگایه‌ک نرخى شمه‌ک و خۆراک به‌رز بکاته‌وه‌. پشتگیرى ته‌واوى خۆیان و فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانیان بۆ کارى لیژنه‌کانى قائیمقامیه‌ت دوپاتکرده‌وه‌.

دواتر له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا ئاوات محه‌مه‌د- قائیمقامى سلێمانى رایگه‌یاند تا ئێستا له‌ بازاڕه‌کانى سلێمانیدا به‌ هیچ جۆرێک نرخ به‌رزنه‌بووته‌وه‌ و چاودێرییه‌کانیشمان زیاتر کردووه‌ بۆ فرۆشگا و بازاڕه‌کان.

وتیشی: له‌م ماوه‌یه‌دا ته‌نها نرخى گۆشتى سور و مریشک به‌رزبووه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌ویش هیچ په‌یوه‌ندییه‌کى به‌ دۆخى ئابورى و سیستمى موچه‌وه‌ نییه‌، ته‌نها په‌یوه‌ندى به‌ که‌مبونه‌وه‌ى ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ له‌ ناوخۆ و که‌مبونه‌وه‌ى بڕى هاورده‌وه‌ هه‌یه‌ و کارى پێویست ده‌که‌ین بۆئه‌وه‌ى ئه‌و حاڵه‌ته‌ش چاره‌سه‌ر بکه‌ین.

هه‌ر له‌و کۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌دا قائیمقامى سلێمانى ئاشکرایکرد که‌ له‌ ماوه‌یه‌کى نزیکدا لیژنه‌یه‌کى تایبه‌ت به‌ پاراستنى شوێنه‌وار دروست ده‌که‌ین که‌ رێگه‌ ده‌گرێت له‌ له‌ناوچوونى خانو و گه‌ڕه‌که‌ کۆنه‌کانى شارى سلێمانی.