تاوانبارانی بردنی موچه‌ی کارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌ی شار ده‌ستگیر کران

ئازار 13, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


پێشنیوه‌رۆی ئه‌مرۆ 13-3-2019، له‌کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا، به‌رێزان لیوا حه‌سه‌ن نوری به‌رێوه‌به‌ری گشتی ئاسایشی سلێمانی‌و عه‌مید ئاسۆ شێخ ته‌ها به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ده‌ستگیرکردنی تاوانبارانی بردنی موچه‌ی کارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه‌ی شاریان راگه‌یاند.

له‌سه‌ره‌تای کۆنگره‌که‌دا لیوا حه‌سه‌ن نوری وتی، به‌چه‌ند کاتژمێرێکی که‌م دوای روداوه‌که‌، له‌لایه‌ن ئاژانسی زانیاریی‌و دژه‌ تیرۆره‌وه‌ توانرا سه‌ره‌داوه‌کانی تاوانه‌که‌ بدۆزرێته‌وه‌و زانیارییه‌کان بدرێت به‌ئێمه‌، شه‌وی رابردو به‌هه‌ماهه‌نگی هێزه‌کانی پۆلیس‌و ئاسایش‌و دژه‌ تیرۆر توانرا له‌ماوه‌یه‌کی که‌مدا بانده‌که‌ ده‌ستگیر بکرێن‌و ئه‌و پاره‌یه‌یه‌ی بانده‌که‌ش رفاندبوی ده‌ستیبه‌سه‌ردا گیراوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئوتومبیلانه‌ی کاره‌که‌یان پێ ئه‌نجامداوه‌.

وتیشی، ئه‌و بانده‌ی تاوانه‌که‌ی ئه‌نجامداوه‌ له‌ 7 که‌س پێکهاتوه‌و سه‌رجه‌میان له‌ناو شاری سلێمانیدا ده‌ستگیرکراون، دانیشیان به‌تاوانه‌که‌یاندا ناوه‌.

ئه‌وه‌شی وت، ئه‌ندامانی بانده‌که‌ که‌سانی کۆنه‌پیاوکوژو رێگر بون‌و پێشتر پێشینه‌ی ئه‌نجامدانی تاوانی دیکه‌یان هه‌بوه‌و بۆ ماوه‌ی (3 تا 7) ساڵ سزدا دراون، به‌شێکیان له‌ناو زیندان یه‌کتریان ناسیوه‌.

به‌رێوه‌به‌ری گشتی ئاسایشی سلێمانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش کرد که‌ به‌هیمه‌تی هێزه‌کانی پۆلیسی سلێمانی که‌ له‌دوای روداوه‌که‌وه‌ ژماره‌یه‌کی زۆر بازگه‌یان دانابو له‌سه‌ر شه‌قام‌و ده‌روازه‌کانی شار، تۆمه‌تباره‌کان نه‌یانتوانی له‌ناو شاری سلێمانی بچنه‌ ده‌ره‌وه‌و خۆیان ون بکه‌ن.

لای خۆیه‌وه‌ عه‌مید ئاسۆ شێخ ته‌ها پاش ده‌ستخۆشیکردن له‌هێزه‌کانی ئاسایش‌و دژه‌ تیرۆر که‌ شانبه‌شانی هێزه‌کانی پۆلیس ده‌ورێکی باشیان بینیوه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران، هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، هیچ ده‌ستێک له‌پشتی بانده‌که‌وه‌ نییه‌، بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌وه‌ بڵاوده‌کرێته‌وه‌ که‌ چاویان به‌ئارامی شاری سلێمانی هه‌ڵنایه‌ت.

راشیگه‌یاند، به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێک که‌ناڵی راگه‌یاندن فێری ئه‌وه‌ بون که‌ پێش لیکۆڵینه‌وه‌کان‌و پێش ده‌زگاکانی پۆلیس‌و ئاسایش‌و دادگا ده‌که‌ون، بۆیه‌ داوا له‌و که‌ناڵانه‌ ده‌که‌ین که‌ روداوێک روده‌دات چاوه‌روانی لێکۆڵینه‌وه‌کان‌و لێدوانی ره‌سمی ده‌زگا ئه‌منییه‌کان بکه‌ن.

به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی جه‌ختی له‌وه‌ش کرده‌وه‌ که‌ بانده‌که‌ له‌ماوه‌ی که‌متر له‌ 15 کاتژمێر دوای روداوه‌که‌ ده‌ستگیرکران‌و هیچ که‌سێکیشیان له‌پشته‌وه‌ نییه‌و ته‌نها خۆیان به‌ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه‌ هه‌ستاون.