قوباد تاڵه‌بانى له‌گه‌ڵ جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا کۆبووه‌وه‌

ئازار 13, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13ى ئازارى 2019، به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سیداد ئۆنال جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا کۆبووه‌وه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و تورکیا تاوتوێ کرا و هه‌ردوولا هاوڕابوون که‌ به‌هێزبوونى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان حکوومه‌تى هه‌رێم و تورکیا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌ردوولایه‌ و هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا، به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى جه‌ختى له‌وه‌ کردووه‌ که‌ کۆمپانیاکان و وه‌به‌رهێنه‌رانى تورکیا ده‌توانن ڕۆڵێکى باشتر ببینن له‌ گه‌شه‌ کردنى ئابووریى هه‌رێمى کوردستان.

له‌ ته‌وه‌رێکى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌دا باس له‌ دۆخى ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان کرا و به‌ڕێز جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ده‌بێت له‌و ناوچانه‌ به‌بێ جیاوازى مافى هه‌موو پێکهاته‌کان پارێزراوبێت.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌دا باسى پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا و ته‌واوکردنى کابینه‌که‌ى به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدى کرا و هه‌ردوولا دید و بۆچوونى خۆیان له‌مباره‌یه‌وه‌ خسته‌ ڕوو.

هه‌ریه‌ک له‌ به‌ڕێزان گونه‌ى جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دۆسیه‌ى عێراق، هاکان کاراچاى کونسوڵى گشتیى تورکیا له‌هه‌رێمى کوردستان و یاریده‌ده‌رى کونسوڵ ئه‌فه‌ جیلان، ئاماده‌ى دیداره‌که‌ بوون.