راگه‌یه‌ندراوى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان له‌ ساڵیادى کیمیابارانکردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا

ئازار 16, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ساڵیادى کاره‌ساتى کیمیابارانکردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا، سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مانى کوردستان، راگه‌یه‌ندراوێکى بڵاوکرده‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تی:

له‌ساڵڕۆژى 31 ساڵه‌ى تاوانى کیمیابارانکردنى هه‌ڵه‌بجه‌، سه‌رى رێزو نه‌وازش بۆ سه‌رجه‌م قوربانیانى تاوانه‌که‌ داده‌نوێنین، داواده‌که‌ین کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌وڵه‌کانى چێ‌ بکاته‌وه‌ بۆ رێگریکردن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ى تاوانه‌کانى له‌مشێوه‌یه‌ له‌جیهاندا، داواده‌که‌ین حکومه‌تى عێراقى فیدڕال ئه‌رکى یاسایى خۆى له‌به‌رامبه‌ر قوربانیانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ جێبه‌جێ بکات، که‌بریتییه‌ له‌قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى تێکڕاى ئه‌و زه‌ره‌ره‌و زیانه‌ مادى و مه‌عنه‌وى و ژینگه‌ییه‌ى که‌ به‌ر پارێزگاکه‌ و دانیشتوانه‌که‌ى که‌وتوون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى که‌ پێویسته‌ بودجه‌ى پارێزگاکه‌ دابین بکرێت و هه‌موو فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌کانى پارێزگاکه‌ بکه‌ونه‌ کار به‌مه‌به‌ستى پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزاریى زیاتر به‌ دانیشتوانى ده‌ڤه‌ره‌که‌.

سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مانى کوردستان