سلێمانى ... فرۆشتنى نێرگز به‌ڕه‌گه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێت

ئازار 17, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌پێناو پاراستن و مانه‌وه‌ى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامییه‌تى سلێمانى رێگرى له‌ فرۆشتنى گوڵه‌ نێرگز به‌ ڕه‌گه‌وه‌ ده‌کات و سه‌رۆکى لیژنه‌که‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت هه‌ر که‌سێک پابه‌ند نه‌بێت ڕوبه‌ڕووى لێپێچینه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌.

گۆران قادر، سه‌رۆکى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قایمقامیه‌تى سلێمانى ڕاگه‌یاند؛ له‌ پێناو پاراستنى ڕووه‌کى نێرگز و له‌ناونه‌چوونی، لیژنه‌هاوبه‌شه‌کان فرۆشتنى نێرگز به‌ ڕه‌گه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌که‌ن.

گۆران قادر وتی: ئه‌وه‌ى تێبینى کراوه‌ به‌شێک له‌ئه‌و که‌سانه‌ى ده‌چنه‌ ده‌شته‌کان بۆ هێنانى رووه‌کى نێرگز به‌ ره‌گه‌وه‌ هه‌ڵیده‌که‌نن و له‌بازاره‌کاندا ده‌یفرشنه‌وه‌، کاتێکیش که‌سێک نێرگز ده‌کڕێت ڕه‌گه‌که‌ى فڕى ده‌دات و هیچ سودى لێ‌ نابینێت، به‌ڵام ڕه‌گه‌که‌ى ئه‌گه‌ر له‌خاکدا بمێنێته‌وه‌ ئه‌وا دوباره‌ نێرگز به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌.

وتیشی: بڕیاره‌که‌ به‌هاوکارى وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ ده‌خرێته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌ و هه‌ر که‌سێک پابه‌ند نه‌بێت ڕوبه‌ڕووى لێپێچینه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌.


ساڵانه‌ له‌ وه‌رزى به‌هاردا له‌ هه‌رێمى کوردستان گوڵه‌ نێرگز له‌ شاخ و ده‌شته‌کاندا ده‌ڕوێت، به‌هۆى ڕه‌نگ و بۆنه‌که‌شییه‌وه‌ بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ى بژێوى ژیانى به‌شێک له‌ هاوڵاتییان و کڕین و فرۆشتنى پێوه‌ده‌که‌ن.