نێچیرڤان بارزانى:که‌رتى گه‌شتیارى ده‌که‌ینه‌ سه‌رچاوه‌یه‌کى داهات

ئازار 17, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

 

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 17-3-2019 به‌ ئاماده‌بوونى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، عه‌بدولئه‌میر ئه‌لحه‌مدانى وه‌زیرى ڕۆشنبیرى و گه‌شتیارى و شوێنه‌وارى عێراقی، ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، به‌رپرسان و په‌رله‌مانتارانى عێراق و هه‌رێمى کوردستان، باڵیۆزان و دپلۆماتکار و کونسول و نوێنه‌رانى وڵاتانى بیانى له‌ هه‌رێمى کوردستان، ڕێوڕه‌سمى پیشانگه‌ى گه‌شتیاریى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا دواى ئه‌وه‌ى نێچیرڤان بارزانى پێشانگه‌که‌ى کرده‌وه‌ و به‌شه‌کانى به‌سه‌رکرده‌وه‌، وته‌یه‌کى پێشکه‌ش کرد و تیایدا هیواى سه‌رکه‌وتنى بۆ کاره‌کانى پیشانگه‌که‌ خواست که‌ ببێته‌ هۆکارێک بۆ بره‌ودانى زیاتر به‌ بوارى گه‌شتیارى له‌ هه‌رێمى کوردستان وجه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان خاوه‌ن زه‌مینه‌یه‌کى له‌بار و مادده‌یه‌کى خاوى زۆر باشه‌ و پێویستیى گه‌شتیارى ‌و‌ ژینگه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تیى ئاماده‌ و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى خه‌ڵکدۆست و میوانپه‌روه‌رى هه‌یه‌ که‌ هه‌میشه‌ حه‌زى له‌ خۆشى، ژیان‌، ئارامى و ئاشته‌وایییه‌ و هیچ کێشه‌یه‌کى له‌گه‌ڵ بیر و فه‌لسه‌فه‌ى گه‌شتیاریدا نییه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ هیواى خواست ئه‌م پێشانگه‌یه‌ بتوانێت خزمه‌تێکى باش پێشکه‌ش بکات و وه‌به‌رهێنه‌ران هان بدات بۆ وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزارى له‌ بوارى گه‌شتیاریدا و ببێته‌ هانده‌رێک بۆ هاتنى زیاترى گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمى کوردستان تاکو ببێته‌ خاوه‌نى باشترین خزمه‌تگوزاریى گه‌شتیارى له‌سه‌ر ئاستى عێراق و وڵاتانى ناوچه‌که‌.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى وته‌که‌یدا سه‌رۆک وه‌زیران ڕایگه‌یاند :حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پلانێکى فراوانى بۆ بره‌ودان و پێشخستنى که‌رتى گه‌شتیارى جێبه‌جێ ده‌کرد، هه‌روه‌ها ئاشکراى کرد که‌ حکوومه‌تى هه‌رێم به‌ پله‌ یه‌ک پشت به‌ که‌رتى تایبه‌ت ده‌به‌ستێت بۆ بنیاتنانى که‌رتى گه‌شتیارى و له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ پێویستى زانى دۆخ و ڕووداوه‌کانى ساڵانى ڕابردوو ببنه‌ په‌ند و وانه‌ و کار بۆ ئه‌وه‌ بکرێت له‌ جیاتى نه‌وت و سامانه‌ سروشتییه‌کان، زۆرترین داهات له‌ که‌رته‌کانى گه‌شتیارى، کشتوکاڵ و پیشه‌سازى دابین بکرێت .

 

زانیارى زیاتر له‌باره‌یه‌وه‌ ...