به‌هۆى که‌مى به‌رهه‌مى ناوخۆییه‌وه‌ نرخى سه‌وزه‌ و میوه‌ زیاد ده‌کات

ئازار 18, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌باره‌ى گرانبونى هه‌ندێک له‌جۆره‌کانى سه‌وزه‌ و میوه‌ له‌عه‌لوه‌ى سلێمانى ڕونکردنه‌وه‌ ده‌درێت به‌ هاووڵاتیان.

عه‌تا محه‌مه‌د، نوێنه‌رى کاسبکاران له‌ عه‌لوه‌ى سلێمانى ڕایگه‌یاند "هه‌موو هاووڵاتیانى شارى سلێمانى ئاگادار ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ گرانبونى هه‌ند جۆرى پێداویستى هاووڵاتیان وه‌ک ته‌ماته‌ و سێوو خه‌یار و به‌رهه‌مى ناوخۆى گرانبووه‌ هیچ په‌یوه‌ندى به‌ پێدانى موچه‌ به‌ بێ پاشه‌که‌وته‌وه‌ نیه‌".

وتیشی" ئێمه‌ وه‌ک سلێمانى ته‌ماته‌ و خه‌یار و سێومان له‌ئێران هاورده‌ ده‌کرد به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئێران ڕێگه‌نادات ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ هه‌نارده‌ بکرێت به‌هۆى پێداویستى ناوخۆى ووڵاته‌که‌ى بۆیه‌ له‌ ئێستادا گرانبووه‌ وه‌ ئێمه‌ش له‌ ئێستادا بۆ پڕکردنه‌وه‌ى ئه‌و پێداویستیانه‌ ڕومانکردۆته‌ تورکیا و میسر بۆ هاورده‌کردنى ئه‌و پێداویستیانه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا" پێشتر کیلۆیه‌ک ته‌ماته‌ى ئێران به‌ 400 دیناربوو به‌ڵام ئێستا ته‌ماته‌ى ناوخۆى به‌سره‌ هه‌یه‌ که‌ کیلۆى بووه‌ به‌ 1200 دینار که‌ له‌ %200 زیادبووه‌ وه‌ ته‌ماته‌ى میسرى هه‌ر ته‌نێکى پێشتر به‌ 315 دۆلار بووه‌ به‌ڵام ئێستا بووه‌ به‌ ٥٥٠ دۆلاره‌ ته‌ماته‌ى تورکیش گرانبووه‌ له‌ %200 که‌ پێشتر به‌ 500 دۆلاربووه‌ ئێستا به‌ 900 دۆلاره‌".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات گرانبونى ئه‌و نرخانه‌ په‌یوه‌ندى به‌ گۆڕانکارى له‌ موچه‌دا نیه‌ ته‌نها هۆکارى که‌مى به‌رهه‌مى ناوخۆ و نه‌هاتنى ته‌ماته‌یه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆیه‌ له‌گه‌ڵ نزیکبونه‌وه‌ له‌ وه‌رزى هاوین و به‌رهه‌مى جوتیارانى کوردستان ئه‌و نرخه‌ هه‌رزان ده‌بێته‌وه‌.

له‌ماوه‌ى ڕابردوودا ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى سلێمانى داواى له‌ حکومه‌ت و لایه‌نه‌ پیوه‌ندیداره‌کان کرد بۆ دابینکردنى سوته‌مه‌نى بۆ جوتیارانى خانووه‌ پلاستیکیه‌کان به‌ڵام تائێستا هیچ بۆ ئه‌و جوتیارانه‌ نه‌کراوه‌ تا بتوانن له‌ وه‌رزى زستاندا به‌رهه‌مى هاوینه‌ و له‌هاویندا به‌رهه‌مى زستانه‌ بخه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌.