به‌رێزمحه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود پێشوازى له‌شاندێکى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌کات

ئازار 18, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


دواى نیوه‌ڕۆى رۆژى شه‌مه‌ 16-3-2019 ،به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود له‌شوێنى تایبه‌تى خۆى له‌گوندى گوڵه‌خانه‌ى ده‌ڤه‌رى شاره‌زوور پێشوازیکرد له‌ هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان، به‌ یاوه‌ریى ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌فراکسیۆنه‌ جیاوازه‌کان .

له‌ دیدارێکدابه‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود وێڕاى به‌خێرهاتنى شاندى په‌رله‌مانى کوردستان ستایشى هه‌وڵه‌کانى په‌رله‌مانتاران کرد بۆ کارا بوونى په‌رله‌مانى کوردستان و هه‌ڵبژاردنى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌کان و هه‌نگاونان بۆ ئه‌نجامدانى کارى سه‌ره‌کى په‌رله‌مان له‌پێناو خزمه‌تکردن به‌هاوڵاتیانى کوردستان .

له‌لاى خۆیه‌وه‌ هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان، رۆڵ و که‌سایه‌تیى خه‌باتگێڕ به‌رێزمحه‌مه‌دى حاجى مه‌حمودى له‌ بزاڤى رزگاریخوازیى گه‌له‌که‌مان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ داگیرکه‌رانى وڵاته‌که‌مان و له‌دوایشدا له‌شه‌ڕى تیرۆریستانى داعش به‌رزنرخاند.

سه‌باره‌ت به‌رێکار و رێوشوێنه‌ یاساییه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان، هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان، رایگه‌یاند: "دواى ده‌ستبه‌کاربوونى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان له‌ 18 شوبات و پاشان پێکهێنانى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌کانى په‌رله‌مان، رۆژى سێ شه‌ممه‌ى داهاتوو ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى لیژنه‌کان هه‌ڵده‌بژیردرێت و ئه‌و رێکارانه‌ى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان گرتوویه‌تییه‌ به‌ر له‌چوارچێوه‌ى رێکاره‌ یاساییه‌کان و به‌گوێره‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستانه‌".

له‌به‌شێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر یه‌کڕیزیى نێوان هێزه‌ سیاسییه‌کان کرده‌وه‌ و دووپاتیان کرده‌وه‌ که‌پێویسته‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاکان بخرێته‌ پێش ده‌ستکه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبییه‌کان و هه‌موو لایه‌ک کاربکه‌ن بۆئه‌وه‌ى به‌یه‌کده‌نگى له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ بکرێت و چاره‌نووسى ناوچه‌ کوردستانییه‌کان یه‌کلایى بکرێته‌وه‌و بودجه‌و شایسته‌ داراییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان به‌ده‌ست بێنینه‌وه‌ و له‌هه‌رێمى کوردستانیش کار بکه‌ین بۆ پێکهێنانى حکومه‌تێکى به‌هێزى نیشتیمانى که‌خزمه‌ت به‌ هاووڵاتییان بکات و ژیانى خه‌ڵک باشتر بکات و چاکسازیى ڕیشه‌یى له‌سه‌رجه‌م کایه‌کان ئه‌نجام بدات.