بارزانى : هیوادارم نه‌ورۆزى ئه‌مساڵ ببێته‌ ده‌ستپێکێک بۆ ئاسووده‌یى هه‌موو خه‌ڵکى کوردستان

ئازار 20, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌رێز مه‌سعود بارزانی، به‌ بۆنه‌ى جه‌ژنى نه‌ته‌وه‌یى نه‌ورۆز و هاتنى به‌هار و نوێبوونه‌وه‌ى سرووشته‌وه‌، په‌یامێکى ئاراسته‌ى جه‌ماوه‌رى کوردستان کرد که‌تیایدا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد که‌ نه‌ورۆز بۆ گه‌لى کوردستان هه‌میشه‌ موژده‌ى ده‌ستپێکێکى نوێ و ئومێدى تازه‌ و سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر سته‌مکاران و سه‌ختییه‌کاندا بووه‌.

ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تی:

به‌ ناوى خوداى به‌خشنده‌ و میهره‌بان

به‌ بۆنه‌ى جه‌ژنى نه‌ته‌وه‌یى نه‌ورۆز و هاتنى به‌هار و نوێبوونه‌وه‌ى سرووشت، گه‌رمترین پیرۆزبایى خۆم ئاڕاسته‌ى هاووڵاتیانى خۆشه‌ویستى کوردستان و خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و هه‌موو تێکۆشه‌ر و نیشتیمانپه‌روه‌رانى کوردستان ده‌که‌م.

نه‌ورۆز بۆ گه‌لى کوردستان هه‌میشه‌ موژده‌ى ده‌ستپێکێکى نوێ و ئومێدى تازه‌ و سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر سته‌مکاران و سه‌ختییه‌کاندا بووه‌. خه‌ڵکى کوردستان له‌ ساڵانى ڕابردوودا له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆریستان و له‌ به‌رانبه‌ر زوڵمى ناحه‌زان و کێشه‌ و قه‌یران و گوزه‌رانى خراپ، خۆڕاگر بوونه‌ و ئه‌و خۆڕاگرییه‌یان مایه‌ى پێزانینه‌. جێگه‌ى خۆیه‌تى له‌و بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌دا داوا له‌ هه‌موو لایه‌ک بکه‌م وه‌ک وه‌فایه‌ک بۆ خوێنى شه‌هیدان و قاره‌مانێتیى پێشمه‌رگه‌ و خۆڕاگریى گه‌لى کوردستان، پێشکه‌وتن و پاراستنى کوردستان بکه‌نه‌ ئه‌وله‌ویه‌تى کاره‌کانیان. ئێستا قۆناغێکى تره‌ له‌ ژیانى گه‌لى کوردستاندا و پێویستییه‌کانى ئه‌و قۆناغه‌ وا ده‌خوازێ که‌ به‌ره‌و بنیاتنانى کوردستانێکى به‌هێز و گه‌شه‌سه‌ندوو هه‌نگاو بنێین که‌ له‌ ڕاستیدا هه‌ر ئه‌وه‌یش ویستى ڕاسته‌قینه‌ى هه‌موو هاووڵاتیانى کوردستانه‌ و پێویسته‌ ڕێز له‌و ئیراده‌یه‌ بگیرێت. چونکه‌ ئه‌و ئازادى و ده‌ستکه‌وتانه‌ى ئێستا هه‌ن، به‌رهه‌مى خوێنى شه‌هیدان و خۆڕاگریى خه‌ڵکى کوردستانه‌.

له‌و بۆنه‌یه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنى فه‌رهه‌نگى پێکه‌وه‌ژیان و برایه‌تى و ته‌بایى نێوان پێکهاته‌کانى کوردستان ده‌که‌ینه‌وه‌ و ئومێدى قووڵتربوونى ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ به‌هاداره‌ى گه‌لى کوردستان ده‌خوازین. وێڕاى سوپاسگوزاریم بۆ زه‌حمه‌ت و شه‌ونخونیى هێزه‌کانى پۆلیس و ئاساییش له‌ خزمه‌تکردنى خه‌ڵک و دابینکردنى ئاساییش له‌ جه‌ژن و بۆنه‌کاندا داوا له‌ هه‌موو هاووڵاتیانى خۆشه‌ویست ده‌که‌م پاراستنى ژینگه‌ و جوانیى وڵاته‌که‌مان به‌ ئه‌رکى سه‌ره‌کیى خۆیان بزانن.

هیوادارم نه‌ورۆزى ئه‌مساڵ ببێته‌ ده‌ستپێکێک بۆ ئاسووده‌یى هه‌موو خه‌ڵکى کوردستان و ئومێد ده‌که‌م ئه‌و نه‌ورۆزه‌ و هه‌موو جه‌ژنه‌کان به‌ کامه‌رانى و به‌خته‌وه‌رى به‌ڕى بکه‌ن.

نه‌ورۆزتان پیرۆز و بمێنن به‌ خێر و خۆشی.

 

مه‌سعوود بارزانی

20ـى 3ـى 2019