به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : که‌رکوک ناسنامه‌ى کوردستانه‌

ئازار 20, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

 

په‌یامى محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود به‌ بۆنه‌ى ۲٠ ى ئازار، ڕۆژى ئازاد کردنى که‌رکوک
که‌رکوک ناسنامه‌ى کوردستانه‌ ،شارى که‌رکوک، دووه‌م کۆنترین شارى کوردستان، له‌دواى هه‌ولێر له‌سه‌رده‌مى قه‌ڵه‌مڕه‌وى ده‌وڵه‌تى مادده‌کاندا، که‌رکوک به‌ پایته‌ختى دانراوه‌ به‌ناوى ئاراپخا .

ژێر زه‌مینى ئه‌م شاره‌، ده‌وڵه‌مه‌ندترین ،سه‌رمایه‌ى ئابورى بوه‌، بۆ ئه‌وانه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌م شاره‌یان به‌ده‌سته‌وه‌ بوبێ. ڕژێمه‌ یه‌ک له‌دوایه‌که‌کانى عێراق، به‌ چاوى ته‌ماعکارى و داگیرکارى لێیانڕوانیوه‌و هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵى به‌ عه‌ره‌بکردنى خه‌ڵکى شاره‌که‌دابوون و به‌به‌رنامه‌ و هه‌وڵى گۆڕینى دیمۆگراڤیاى شارى که‌رکوکیان داوه‌، تاوه‌کو، گه‌لى کورد که‌زۆرینه‌ى دانیشتوانى شاره‌که‌ پێکده‌هێنێ له‌به‌رامبه‌ر عه‌ره‌بى هاورده‌، نه‌توانێ ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر ئیداره‌ى شاره‌که‌دا بشکێ و سه‌ره‌وته‌ ژێرزه‌ویه‌که‌ی، که‌ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ نه‌وتى ڕه‌ش و گاز و کبریت، نه‌که‌وێته‌ ژێر ده‌ستى کورده‌کانه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌درێژایى سه‌د ساڵى ڕابردوو، هه‌ر ووتوێژێکى سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد له‌گه‌ڵ سه‌رانى ڕژێمه‌ یه‌ک له‌دوایه‌که‌کانى عێراق، نه‌گه‌یشتۆته‌ ئامانج ، له‌سه‌ر یه‌کلا بونه‌وه‌ى چاره‌نوسى شارى که‌رکوک ، به‌ئێستاشه‌وه‌ له‌دواى پرۆسه‌ى ئازادى عێراق، که‌له‌ده‌ستورى عێراقى فیدراڵى وێڕاى دیاریکردنى چاره‌نوسى شارى که‌رکوک به‌ مادده‌ى 140، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق، نه‌چونه‌ ژێر بارى ئه‌م مادده‌ ده‌ستوریه‌وه‌.

له‌به‌هارى ساڵى 1991 ، هاوکات بوو له‌گه‌ڵ جه‌ژنى نه‌ورۆز، سه‌رکردایه‌تى سیاسى به‌ره‌ى کوردستانی، بۆیه‌که‌مجار به‌ پشت به‌ستن به‌ تواناى له‌بن نه‌هاتوى گه‌ل و هێزى پێشمه‌رگه‌ توانى شارى که‌رکوک له‌چنگى دڕه‌نده‌ترین ڕژێمى سه‌رده‌مه‌که‌ ده‌ربهێنێ و شارى که‌رکوکى بابه‌ گوێ‌ گوێ‌ ى زێڕى ڕه‌ش ڕزگار بکرێ .

دووه‌مجاریش له‌ساڵى 2003 له‌کاتى پرۆسه‌ى ڕزگارى عێراق، جارێکى تر که‌رکوک ڕزگار کرا ، له‌لایه‌ن هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان و ئیداره‌دانى بکه‌وێته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى کورده‌وه‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ، له‌هه‌ردوو قۆناغه‌ مێژویه‌که‌، سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد نه‌یتوانى سود له‌ پێکهاته‌ جیاوازه‌کانى شاره‌ که‌ وه‌ربگرێ به‌ بوژانه‌وه‌ى شار و کارو پرۆژه‌ى خزمه‌تگۆزارى و دادپه‌روه‌رى و باشکردنى ژیانى خه‌ڵکه‌که‌ى به‌بێ جیاوازى ، تاوه‌کو سه‌ره‌نجام ، ئه‌و نه‌ته‌وه‌ جیاوازنه‌ى شاره‌که‌ ببنه‌ پشت و په‌نایه‌ک بۆ گه‌لى کوردستان و چاره‌نوسى خۆیان به‌ چاره‌نوسى حوکمه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ گرێ بده‌ن .

له‌ ساڵیادى ڕزگارکردنى که‌رکوک دا سڵاو بۆ شه‌هیدانى کوردستان و سڵاو بۆ شه‌هیدانى ڕاپه‌ڕینى ساڵى ۱۹۹۱، هیوادارین ئاوڕێک له‌ مێژووى ڕوداوه‌کان بده‌ینه‌وه‌و سود و په‌ند و وانه‌ى لێوه‌ربگیرێ، بۆ ئێستاو داهاتوو.

محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود
20-3-2019