Error: No articles to display

په‌رله‌مانى کوردستان دانیشتنى تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى هه‌رێم به‌ڤیدیۆ بڵاوده‌کاته‌وه‌

 

له‌ سه‌ر داواى ژماره‌یه‌ک له‌ په‌رله‌مانتاران ته‌واوى دانیشتنى ژماره‌ (4)ى ئاساییى سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى هه‌رێمى کوردستان بڵاوکرایه‌وه‌
 
له‌ رۆژى 9-7-2018، په‌رله‌مانى کوردستان به‌سه‌رۆکایه‌تیى د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینکی، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان و بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی، سکرتێرى په‌رله‌مان، دانیشتنى ژماره‌ (4)ى ئاساییى خولى به‌هاره‌، ساڵى پێنجه‌م له‌ خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجامدا.
 
به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنه‌که‌ى له‌ چوار خاڵ پێکهاتبوو، خاڵى سێیه‌میش بریتى بوو له‌ گفتوگۆیه‌کى کراوه‌ سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵبژاردنه‌کانى هه‌رێمى کوردستان به‌ئاماده‌بوونى به‌رێزان ئه‌ندامانى ده‌سته‌ى کۆمیسیۆنى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌کان و راپرسی. 
 
به‌پێى خاڵى سێیه‌مى به‌رنامه‌ى کار جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان داواى له‌ هه‌ندرێن محه‌مه‌د، سه‌رۆکى کۆمیسیۆنى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌کان و راپرسى کرد روونکردنه‌وه‌کانى کۆمیسیۆن سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵبژاردنه‌کانى هه‌رێمى کوردستان بخاته‌ڕوو. سه‌رۆکى کۆمیسیۆنى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌کان و راپرسى له‌روونکردنه‌وه‌کانیدا چۆنیه‌تیى نوێکردنه‌وه‌ى تۆمارى ده‌نگده‌ران و پرۆسه‌کانى ئاماده‌کارى بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان و چۆنیه‌تیى رێکخستنه‌وه‌ى ناوه‌نده‌کانى تۆمارى ده‌نگده‌رانى بۆ په‌رله‌مان خسته‌ڕوو. دواى ته‌واوبوونى روونکردنه‌وه‌کانى سه‌رۆکى کۆمیسیۆن، له‌لایه‌ن به‌شى کارگێڕیى کۆمیسیۆنه‌وه‌ له‌رووى ته‌کنیکییه‌وه‌ زانیارى له‌باره‌ى چۆنیه‌تیى پاککردنه‌وه‌ى تۆمارى ده‌نگده‌ران و نوێکردنه‌وه‌ى بۆ په‌رله‌مانتاران باسکران. 
 
دواتر جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان ده‌رگاى گفتوگۆى به‌ڕووى په‌رله‌مانتاران کرده‌وه‌و چه‌ندین پرسیارو تێبینى له‌باره‌ى پرۆسه‌ى ده‌نگدان و تۆمارى ده‌نگده‌ران و ورده‌کارییه‌کانى دیکه‌ى په‌یوه‌ست به‌ده‌نگده‌ران ئاراسته‌ى ئه‌ندامانى ده‌سته‌ى کۆمیسیۆنى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌کان و راپرسى کران و له‌وه‌ڵامیشدا روونکردنه‌وه‌ى پێویست بۆ تێبینى و پرسیاره‌کانى په‌رله‌مانتاران درانه‌وه‌. 
 
له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان سوپاسى هه‌وڵ و ماندووبوونه‌کانى ده‌سته‌ى کۆمیسیۆنى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌کان و راپرسى  کرد و داواشى لێکردن دواى ئه‌نجامدان و ته‌واوکردنى کاره‌کانى پرۆسه‌ى ده‌نگدان، راپۆرتى تایبه‌ت به‌پرۆسه‌که‌ پێشکه‌شى په‌رله‌مان بکه‌ن و هه‌روه‌ها راپۆرتى پێشووى ساڵانه‌ش بدرێته‌ په‌رله‌مانتاران. 
 
له‌ سه‌ر داواى ژماره‌یه‌ک له‌ په‌رله‌مانتاران بۆ به‌خشینى به‌رچاوڕوونى زیاتر به‌ ده‌نگده‌ران و ڕاى گشتى له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ سه‌ر ئاماده‌کارییه‌کانى کۆمسیۆن و به‌ تایبه‌تى له‌ ڕووى پاککردنى تۆمارى ده‌نگده‌ران، ته‌واوى ئه‌و دانیشتنه‌ له‌ ماڵپه‌رى په‌رله‌مان بڵاوکرایه‌وه‌.