له‌نه‌ورۆزدا زیاتر له‌ 80 هه‌زار گه‌شتیار هاتوونه‌ته‌ سلێمانی

ئازار 23, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


رۆژانى جه‌ژنى نه‌ورۆز بۆ به‌سه‌ربردنى کاتێکى خۆش گه‌شتیارێکى زۆر روویان له‌ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌کانى شارى سلێمانى کرد و ئه‌و زۆرییه‌ى گه‌شتیار و هاتوچۆى سه‌یرانکه‌ران به‌وته‌ى به‌رپرسانى ته‌ندروستى "رووداوى زۆرى به‌دواى خۆیدا هێنا”.

ئارام شوانى وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گه‌شتوگوزارى سلێمانى ده‌رباره‌ى هاتنى گه‌شتیاران له‌نه‌ورۆزدا بۆ پارێزگاى سلێمانى ڕاگه‌یاند "له‌ 15ى ئاداره‌وه‌‌ تا یه‌که‌م ڕۆژى جه‌ژنى نه‌ورۆز زیاتر له‌ 80 هه‌زار گه‌شتیار له‌ باشوور و ناوه‌ڕاستى عێراق و ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان هاتوونه‌ته‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانی”.

به‌وته‌ى شوانى زۆرینه‌ى گه‌شتیاره‌کان گه‌شتیارى ناوخۆى عێراق بوون و له‌سه‌ره‌تاى جه‌ژنى نه‌ورۆزدا ڕوویان له‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌کان کردووه‌ و پاشتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌نته‌رى شاره‌کان.

تیمه‌کانى قایمقامیه‌تى سلێمانى سه‌رکه‌وتنى ئه‌و پلان و ئاماده‌کارییانه‌ى خۆیانى راگه‌یاند بۆ کۆنترۆڵکردنى دۆخى بازاڕ و رێگریکردن له‌قۆرخکاریى و به‌وته‌ى سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قایمقامیه‌تى سلێمانى لیژنه‌کانیان به‌هۆى سه‌ردانى به‌رده‌وامیان بۆ بازاڕه‌کان ئاگادارى دۆخى بازاێ‌ بوون و رێگر بوون له‌ به‌رزکردنه‌وه‌ى نرخ.

گۆران قادر سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قایمقامیه‌تى سلێمانى وتى "له‌ پێشوازى جه‌ژندا و له‌ سلێمانى زیاتر سێ هه‌زار سه‌ر ئاژه‌ڵ سه‌ربڕدراوون، و هاووڵاتیان له‌چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یان بۆ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌کان زۆرتر گۆشتیان بۆ خواردن به‌کارهێناوه‌”.