باره‌گاى بارزانی وه‌ڵامی وته‌کانى عه‌بادی ده‌داته‌وه‌

ئازار 26, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


نووسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى باره‌گاى بارزانی وه‌ڵامى وته‌کانى حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌داته‌وه‌و تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌ عه‌بادى هه‌ندێ قه‌زاوه‌ت و قسه‌ى نابه‌جێى له‌ باره‌ى که‌رکووک و پێشمه‌رگه‌ و گه‌لى کوردستان کردوون، عه‌بادى که‌سێکى بێ وه‌فا بوو به‌رانبه‌ر پێشمه‌رگه‌ و گه‌لى کوردستان. ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ نه‌با که‌سێکى وه‌ک ئه‌و هه‌رگیز چاوى به‌ موسڵ نه‌ده‌که‌وت .

ده‌قى وه‌ڵامه‌که‌ى باره‌گاى بارزانى :

حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆکى یه‌کێک له‌ کوتله‌کانى ناو ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌فزیۆنى دیجله‌ که‌ ڕۆژى شه‌ممه‌ ٢٣ـى ٣ـى ٢٠١٩ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ قه‌زاوه‌ت و قسه‌ى نابه‌جێى له‌باره‌ى که‌رکووک و پێشمه‌رگه‌ و گه‌لى کوردستان خستووته‌ڕوو که‌ مه‌به‌ست لێى تێکدانى ئه‌و که‌شه‌ ئیجابیه‌یه‌ که‌ له‌دواى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ و بۆ مه‌رامى تاکه‌که‌سى ئه‌و قسانه‌ى کردووه‌.

بۆ هه‌موو لایه‌ک ڕوونه‌ که‌ پێکهاته‌کانى عێراق له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا عه‌بادى و هه‌موو ئه‌وانه‌ى تریان سزا دا که‌ به‌نیازى شه‌ڕى ناوخۆ و تێکدانى پێکه‌وه‌ژیان بوون و له‌ به‌رانبه‌ر گه‌لى کوردستان حاقد بوون و پێشێلکاریى ده‌ستوورى و تاوانیان له‌ که‌رکووک و دوز ئه‌نجام دا و له‌ هه‌مانکاتدا گه‌لى کوردستانیش له‌ هه‌ڵبژاردنى پارله‌مانى کوردستاندا پاداشى پێشمه‌رگه‌ و به‌رگریکارانى کوردستانیان دایه‌وه‌.
عه‌بادى که‌سێکى بێ وه‌فا بوو به‌رانبه‌ر پێشمه‌رگه‌ و گه‌لى کوردستان. ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ نه‌با که‌سێکى وه‌ک ئه‌و هه‌رگیز چاوى به‌ موسڵ نه‌ده‌که‌وت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێ سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر داعش له‌ موسڵ بۆ خۆى بدزێت و خۆى پێ هه‌ڵکێشێ.

به‌لاى گه‌لى کوردستانیش ئه‌و لایه‌نه‌ کوردیانه‌ى عه‌بادى به‌ توندڕه‌و وه‌سفى ده‌کات دڵسۆز و نیشتیمانپه‌روه‌رن و، ئه‌وانه‌ى ته‌نسیقیان له‌گه‌ڵ عه‌بادى کرد ئه‌وان خائین و نیشتیمانفرۆشن. ئه‌وه‌ى به‌لاى ئێمه‌وه‌ گرنگه‌ ڕاى گه‌لى کوردستانه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنى خه‌ڵکى حاقید هیچ به‌هایه‌کى نییه‌.

هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستانیش چۆن خه‌ونى ناحه‌زان و ڕژێمه‌کانى پێشووى له‌گۆێ‌ نا ئه‌وه‌هایش به‌ قاره‌مانێتیى خۆى پیلانه‌ نه‌گریسه‌ى عه‌بادى له‌گۆێ‌ نا و خودى عه‌بادى باشتر له‌ هه‌رکه‌س ده‌زانێ پێشمه‌رگه‌ چیى به‌سه‌ر خۆى و پیلانه‌که‌یدا هێنا..

ده‌بێ هه‌موولایه‌کیش ئه‌وه‌ باش بزانن ئێستا دۆخێکى تر له‌ عێراقدا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ و ده‌موچاوى حاقد و خۆپه‌رست و یاساشکێن نابێ ڕۆڵیان هه‌بێ. قۆناغى ئێستا قۆناغى به‌رپرسیارێتى و پته‌وکردنى بنه‌ماکانى پێکه‌وه‌ژیان و چه‌سپاندنى شه‌راکه‌ت و ته‌وافوق و ته‌وازونه‌ له‌ عێراقدا.


نووسینگه‌ى ڕاگه‌یاندنى باره‌گاى بارزانی
٢٦ـى ٣ـى ٢٠١٩