مه‌راسیمى به‌خشینى دکتۆراى فه‌خرى به‌ کۆچه‌ر بیرکار به‌ڕێوه‌چوو

ئازار 27, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 27--2019 به‌ ئاماده‌بوونى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، د. ڤالا فه‌رید سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان، قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران و ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیر و په‌رله‌مانتار و کونسول و نوێنه‌رانى وڵاتانى بیانى و ئه‌کادیمى و دکتۆر و مامۆستایانى زانکۆکانى ناوخۆ و بیانی، له‌ ڕێوڕه‌سمێکدا خه‌ڵاتى دکتۆراى شانازیى زانکۆى سه‌ڵاحه‌دین به‌خشرایه‌ پرۆفیسۆر د. کۆچه‌ر بیرکار.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان وته‌یه‌کى پێشکه‌ش کرد و تیایدا جیا له‌ به‌خێرهێنانى میوانانى ڕێوڕه‌سمه‌که‌ به‌تایبه‌تى د. کۆچه‌ر بیرکار، سوپاسى زانکۆى سه‌ڵاحه‌دین و سه‌رۆکى زانکۆ‌ د. ئه‌حمه‌د دزه‌یى کرد بۆ پێشکه‌شکردنى دکتۆراى شانازى به‌ پرۆفیسۆر د. کۆچه‌ر و خۆشحاڵیى خۆیشى بۆ به‌شداریکردن له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا‌ بۆ دوو هۆکار گه‌ڕانده‌وه‌ که‌ یه‌که‌میان بوونى د. کۆچه‌ر له‌ هه‌رێمى کوردستان و دووه‌میشیان گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ بوارى ژیانى شارستانیى ئـاسایى که‌ ساڵانێکه‌ به‌ هۆى گرژىیه‌کان و ئاڵۆزى و شه‌ڕه‌وه‌ که‌مێک دوور که‌وتبوونه‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کرد که‌ تاکه‌ ڕێگه‌ى پێشکه‌وتنى هه‌ر گه‌لێک فێربوونى زانستى سه‌رده‌مییانه‌یه‌، بۆیه‌ ڕایگه‌یاند گه‌لى کوردستان شانازى به‌و که‌سایه‌تییه‌ زانستییانه‌وه‌ ده‌کات ئه‌وانه‌ى ده‌توانن له‌ بوارى جۆراجۆردا ناوى کوردستان ببه‌نه‌ پێشه‌وه‌ و له‌ ناوخۆشدا ببنه‌ هانده‌رى گۆڕانى بیر و هزرى کۆمه‌ڵگه‌ و ئـه‌مه‌شى به‌ خه‌باتێکى گه‌وره‌ له‌ پاڵ خه‌باتى سیاسیدا زانى و دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ کوردستان پێشمه‌رگه‌ و که‌سى چاونه‌ترسى زۆره‌ و ئێستا پێویستى به‌ که‌سانى لێهاتوو و زاناى بواره‌کانى زانسته‌ که‌ بتوانن په‌ره‌ به‌ بیر و مێشک بده‌ن.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى وته‌که‌یدا ئاشکراى کرد که‌ د. کۆچه‌ر خۆى خۆى پێگه‌یاندووه‌ و ته‌نیا بنه‌ماڵه‌که‌ى پشتیوان و هانده‌رى بوون تا گه‌یشته‌ ئـه‌وه‌ى خه‌ڵاتى ناودارى (فیڵدز) له‌ بوارى زانستى ماتماتیکدا به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌مه‌شى به‌ وانه‌یه‌کى دیکه‌ بۆ لاوان زانى تا زیاتر پشت به‌ خۆیان ببه‌ستن، چونکه‌ بیانوو و گله‌یى هیچ که‌موکوڕییه‌ک چاره‌سه‌ر ناکات و به‌ ‌پێویستى زانى سوود له‌ کات وه‌ربگیرێت.

له‌ به‌رده‌وامیى وته‌که‌یدا نێچیرڤان بارزانى ڕایگه‌یاند هه‌رێمى کوردستان خاوه‌نى نزیکه‌ى (٣٠) زانکۆ یه‌ که‌ (٧٠٠) هه‌زار قوتابى و خوێندکار و (٨٠٠٠) دکتۆر و مامۆستا له‌خۆ ده‌گرن و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیش سه‌ره‌ڕاى هه‌موو که‌موکوڕییه‌ک کاره‌ له‌پێشینه‌کانى پشتیوانى خوێندن بووه‌ و به‌پ ێویستى زانى قوتابیان و مامۆستایان له‌م سه‌رده‌مه‌ زێڕینه‌دا کات به‌ فیڕۆ نه‌ده‌ن و زانایه‌کى وه‌ک "د. کۆچه‌ر بیرکار" بکه‌ن به‌ نموونه‌ى باڵاى خۆیان که‌ هه‌نگاوێکى مه‌زنى هه‌ڵنا و گه‌یشت به‌ لووتکه‌یه‌کى به‌رز و هیواى خواست که‌ بگات به‌ لووتکه‌ى به‌رزتریش.

به‌ پێویستیشى زانى قوتابیان و خوێندکارانى کوردستان به‌ سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ بچنه‌ سه‌ر گۆڕى شاعیرانى وه‌ک حه‌زره‌تى خانى، مامۆستا قانیع، پیره‌مێرد و بێکه‌س که‌ داواى فێربوونى زانستیان له‌ گه‌له‌که‌یان ده‌کرد، بچنه‌ به‌رده‌م وێنه‌ى سه‌رکرده‌ مه‌زنه‌کانى وه‌ک شێخ مه‌حموود، قازى محه‌مه‌د و بارزانیى نه‌مر که‌ له‌پێناو داهاتووى گه‌له‌که‌یاندا هه‌موو قوربانییه‌کیان به‌خشى، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى بیرهێنایه‌وه‌ کاتێک هه‌رێمى کوردستان له‌ژێر دوو گه‌مارۆى ئـابووریدا بوو، حکوومه‌تى هه‌رێم ئـه‌وله‌وییه‌تى دابوو به‌ زانکۆ و په‌یمانگاکان. ئاشکراى کرد له‌ سه‌رده‌مى پێش ڕاپه‌ڕین گه‌یشتن به‌ زانکۆ بۆ زۆر که‌س خه‌ونێک بوو، به‌ڵام له‌ سه‌رده‌مى حکوومه‌تى هه‌رێمدا هه‌موو ماڵێک پێ‌ بووه‌ له‌ قوتابى و ده‌رچووى زانکۆ، دووپاتیشى کرده‌وه‌ که‌ ئامانجى یه‌که‌م و سه‌ره‌کیى قوتابیان و خوێندکاران به‌ده‌ستهێنانى زانست و زانین بێت نه‌ک ته‌نیا ده‌رچوون له‌ زانکۆ و وه‌رگرتنى بڕوانامه‌.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى وته‌که‌یدا سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان داواى له‌ سه‌رۆکایه‌تیى زانکۆ حکوومى و ئـه‌هلییه‌کان کرد هه‌وڵى زیاتر بده‌ن هه‌رێمى کوردستان ببێته‌ نموونه‌ى پێشکه‌وتنى خوێندن و زانست، چونکه‌ خه‌باتى ڕاسته‌قینه‌ و به‌دیهاتنى خه‌ونى باوک و باپیران ته‌نیا به‌ سووربوون و ماندووبوونى ئه‌وان له‌ پێناو فێربوون و زانستدا دێته‌ دی.

ئاشکراشى کرد که‌ له‌ ڕابردووى کۆندا، شان به‌ شانى سه‌رکرده‌ى سیاسیى مه‌زن و ناودار، گه‌لێک زانا و ڕۆشنبیر و هونه‌رمه‌ندى گه‌وره‌ش له‌ناو گه‌لى کورددا هه‌ڵکه‌وتوون و ناوى سه‌دانیان له‌ناو ئه‌و لاپه‌ڕه‌ مێژووییانه‌ى زانست و کولتووریدا هه‌یه‌ که‌ به‌ زمانه‌کانى عه‌ره‌بى و فارسى و تورکى نووسراون و ئه‌مه‌شى به‌ به‌شێک له‌ مێژووى هاوبه‌شى گه‌لى کورد و گه‌لانى ده‌وروبه‌ر زانى که‌ ئه‌و کات کوردستان خاوه‌نى هیچ پێناسه‌یه‌کى سه‌ربه‌خۆ نه‌بوو، بۆیه‌ به‌رهه‌مى زانا و بلیمه‌ته‌کانى کورد بێکه‌س ده‌مانه‌وه‌ و ده‌که‌وتنه‌ لاى گه‌لانى دیکه‌، به‌ڵام ئـێستا کوردستان خاوه‌ن و پێناسه‌ى خۆى هه‌یه‌ و له‌ ڕیزى گه‌لاندایه‌ و له‌ داهاتووشدا ده‌بێته‌ خاوه‌نى پێناسه‌ى گه‌وره‌تر و دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ ئـه‌م ئـه‌رکه‌ هه‌ر سیاسه‌ت نایکات و هه‌ر پێشمه‌رگه‌ش شانى ناداته‌ به‌ر، به‌ڵکو‌ زانکۆ و په‌یمانگه‌ و قوتابخانه‌کانى کوردستان گۆڕه‌پانى پێشبڕکێى ژیار و شارستانیه‌تى سه‌رده‌م به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن.

نێچیرڤان بارزانى ڕاشیگه‌یاند که‌ له‌به‌ر ئه‌م سه‌رنجانه‌ بوو ویستوویه‌تى به‌شدارى له‌م بۆنه‌یه‌دا بکات و‌ پیرۆزبایى له‌ گه‌لى کوردستان کرد که‌ ڕۆڵه‌ى وه‌ک پرۆفیسۆر د. کۆچه‌ر بیرکارى پێگه‌یاندووه‌ که‌ هه‌موو تاکێکى کوردستان شانازى پێوه‌ ده‌کات، هه‌روه‌ها پیرۆزباییه‌کى گه‌رمى ئاراسته‌ى د. کۆچه‌ر کرد بۆ هه‌موو ده‌سکه‌وته‌ زانستییه‌کانى ڕابردووى و ئـه‌و خه‌ڵاته‌ به‌رزانه‌ى به‌ده‌ستى هێناون که‌ به‌ ‌هۆیه‌وه‌ خزمه‌تێکى گه‌وره‌ى به‌ گه‌ل و وڵاته‌که‌ى کردووه‌. پیرۆزبایى و ده‌سخۆشى له‌ بنه‌ماڵه‌ به‌ڕێزه‌که‌یان کرد که‌ ئـه‌م شانازییه‌ گه‌وره‌یه‌ى به‌ دیارى داوه‌ به‌ نیشتمان و وته‌یه‌کى سه‌رۆکى پێشووترى ئه‌مه‌ریکا جۆن که‌نه‌دى بیرهێنایه‌وه‌ که‌ ده‌ڵێت "مه‌پرسه‌ وڵاته‌که‌ت ده‌توانێ چیت بۆ بکات، بپرسه‌ خۆت ده‌توانى چى بۆ وڵاته‌که‌ت بکه‌یت؟".

نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى له‌ گه‌لى کوردستان کرد بۆ ئـه‌و هه‌موو زانکۆ و ئـه‌م ژماره‌ گه‌ورانه‌ى قوتابى و دکتۆر و مامۆستایان و به‌ پێشکه‌وتنێکى مه‌زنى ناسی، هه‌روه‌ها سوپاسى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و جه‌نابى وه‌زیر د. پشتیوان سادق کرد که‌ هه‌وڵه‌کانیان ده‌ست پێکردووه‌‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان بتوانێت له‌ ساڵى 2022ـه‌وه‌ له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى نێوده‌وڵه‌تى بۆ خوێندنى ماتماتیک و زانسته‌کان به‌شدار بێت که‌ هه‌ر چوار ساڵ جارێک ئه‌نجام ده‌درێت و تیایدا ئاستى سیستمى په‌روه‌رده‌یى ده‌رده‌که‌وێت.

له‌ کۆتاییدا سڵاو و ڕێزى بۆ هه‌موو لایه‌ک دووباره‌ کرده‌وه‌ به‌تایبه‌ت سه‌رۆکایه‌تیى زانکۆکان و قوتابیان و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و ڕایگه‌یاند که‌ چاوه‌ڕوانى زۆریان لێده‌که‌ن و هیواى خواست ئـه‌م بۆنه‌یه‌ و ساڵى تازه‌ ده‌سپێک بێت بۆ سه‌رده‌مێکى تازه‌ى ژیانى گه‌لى کوردستان که‌ سه‌رده‌مى پێشبڕکێى زانسته‌.

هیواى سه‌رکه‌وتن و ته‌مه‌ندرێژى بۆ پرۆفیسۆر د. کۆچه‌ر خواست و ڕایگه‌یاند له‌گه‌ڵ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانى پێشنیارى ئه‌وه‌یان کردووه‌ له‌ یه‌کێک له‌ زانکۆکانى هه‌رێمى کوردستان هۆڵێک به‌ ناوى پرۆفیسۆر د. کۆچه‌ر بیرکاره‌وه‌ بکرێت.

 

 

ده‌قى وتاره‌که‌ى نێچیرڤان بارزانى ...