سلێمانی ... پلانى لیژنه‌ى فریاگوزارى خێرا بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ى لافاو سه‌رکه‌وتوو بوو

ئازار 27, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


سه‌ره‌ڕاى به‌رده‌وامبوونى چه‌ند رۆژێکى شه‌پۆلى به‌ خوڕى بارانبارین له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى هیچ قوربانییه‌کى گیانى نه‌بووه‌ و زیانه‌ ماڵییه‌کانیش که‌م بوون، پێشتریش لیژنه‌ى تایبه‌تمه‌ند بۆ به‌رگرتن له‌ هه‌ر روداوێکى نه‌خوازراو پێکهێنراوه‌.

دارا حه‌سه‌ن- ئه‌ندامى لیژنه‌ى فریاگوزارى خێرا له‌ قائیمقامیه‌تى سلێمانى رایگه‌یاند: پێشبینى کرابوو به‌وه‌ى که‌ ئه‌و شه‌پۆله‌ تونده‌ى بارانبارین ناوچه‌که‌ بگرێته‌وه‌ و ببێته‌ هۆى دروستبوونى لافاو، هه‌ربۆیه‌ لیژنه‌ى فریاگوزارى خێرا که‌ له‌ نوێنه‌رى قائیمقامیه‌ت و شاره‌وانى و به‌رگرى شارستانى و چه‌ند لایه‌نێکیتر پێکدێت ئاماده‌کارى ته‌واوى کرد و پێش ده‌ستپێکردنى شه‌پۆله‌که‌ش ته‌واوى ئاوه‌رۆکانى سلێمانى پاکرانه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى له‌ هیچ شوێنێک ئاوى زۆر کۆنه‌بێته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌ ناوشارى سلێمانى له‌ هه‌ندێک شوێنى که‌م کۆبونه‌وه‌ى ئاو رویدا و زیانه‌کانیش به‌هۆى ئه‌و شه‌پۆله‌وه‌ زیانى که‌مى ماڵى هه‌بووه‌ و هیچ زیانێکى گیانى لێنه‌که‌وته‌وه‌. وتیشی: له‌ رێگاکانى ده‌ره‌وه‌ى سلێمانى به‌تایبه‌ت له‌ نێوان که‌لار و ده‌ربه‌ندیخان پردى (ده‌ره‌دوێن) روخا و له‌ ماوه‌ى 24 کاتژمێردا چاکرایه‌وه‌، له‌سه‌ر رێگاى سلێمانى شارباژێڕیش له‌ هه‌ندێک شوێن هه‌ره‌سى که‌مى جاده‌ هه‌بووه‌ و چاککراوه‌ته‌وه‌.

دارا حه‌سه‌ن ئاشکراشیکرد: که‌ له‌ دواین کۆبونه‌وه‌ى لیژنه‌ى فریاگوزارى خێرادا چه‌ند داواکارییه‌کمان ئاراسته‌ى پارێزگارى سلێمانى کردووه‌ بۆ جێبه‌جێکرد.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کرد له‌ ماوه‌ى (50) ساڵى رابردوودا شه‌پۆلى بارانبارینى له‌م جۆره‌ له‌ سلێمانیدا که‌م بووه‌ و پلانى لیژنه‌ى فریاگوزارى خێراش به‌ته‌واوى سه‌رکه‌وتوو بوو.