له‌ دووکان 3 ڕاوچى له‌کاتى ڕاوکردنى ماسیدا ده‌ستگیرکران

ئازار 27, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

 


بۆ ئه‌م ساڵ له‌ 15-3-2019 ڕاوکردنى ماسى به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک قه‌ده‌غه‌کراوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ئێستادا وه‌رزى گه‌رادانان و زۆربوونى ماسیه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌ڕێوه‌به‌رایتى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى پارێزگاى سلێمانى مه‌فره‌زه‌کانیان له‌سه‌رجه‌م ده‌ریاو ده‌ریاچه‌کان چڕکردۆته‌وه‌ تا بتوانن به‌رده‌وام ڕێگرى بکه‌ن له‌و سه‌رپێچیکارانه‌ى ڕاوى ماسى ئه‌که‌ن له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له‌سنورى قه‌زاى دووکان (3) ڕاوچى ده‌ستگیرکران .

له‌و باره‌یه‌وه‌ عمید هێمن کمرخان: به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندن له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان وژینگه‌ى سلێمانى ڕایگه‌یاند : ئه‌م شه‌و له‌ئه‌نجامى گه‌ڕان و پشکنینى ده‌ریاچه‌و ڕووباره‌کان مه‌فره‌زه‌یه‌کى هاوبه‌شى به‌شى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى (دووکان) / بنکه‌ى خدران له‌ ده‌رچونێکیان بۆ سنورى گونده‌کانى (تۆربه‌ +په‌ڵکۆ + خۆشاو) توانیان (3) سه‌رپێچیکار ده‌ستگیر بکه‌ن که‌ سه‌رقاڵى ڕاوکردنى ماسى بوون هاوکات ده‌ستگیرا به‌سه‌ر (48) چل و هه‌شت تۆڕو (2) دوو به‌له‌م و (10) ماسى دا دواتر ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ماسى زیندوو جارێکى تر گه‌ڕێنرا نه‌وه‌ ناو ده‌ریاو ده‌ریاچه‌کان .

عمید هێمن جه‌ختى کرده‌وه‌ له‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ڕاوچیه‌کان ڕاده‌ستى یاسا کرا بۆ لێپێچینه‌وه‌ هاوکات مه‌فره‌زه‌کانمان به‌رده‌وامیان ئه‌بێت له‌سه‌رجه‌م ده‌ریاو ده‌ریاچه‌کان بۆ ڕیگریکردن له‌ سه‌رپێچیکاران .