Error: No articles to display

حکومەتی هەرێم وەڵامی بەریتانیا دەداتەوه‌

ئاب 28, 2018
لە ناوەڕاستی مانگی حوزیران وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ساڵی ٢٠١٨ بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بە عێراق و هەرێمی کوردستانیش کردووە بەتایبەتی لە بواری ئازادی رۆژنامەوانی و رادەربڕین و مافەکانی ئافرەتان.
 
د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی ئەم راپۆرتەوە به‌ جه‌ماوه‌رنیوزی رایگەیاند وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راپۆرتەکەیدا پشتی بە چەند سەرچاوەیەک بەستووە بێ ئەوەی ئاماژەیان پێبکات و روون نییە کە ئەم سەرچاوانە تا چەند بێلایەن و باوەڕپێکراون.
 
لە بارەی ئازادی رۆژنامەنووسی و رێگری کردن لە ئەنجامدانی کارەکانیان وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە زێباری وتی: بەپێی یاسای ڕۆژنامه‌نووسی ژماره‌ (35)ی ساڵی (2007) تایبەت بە کاری رۆژنامەوانی ناکرێت هیچ رۆژنامەنووسێک دەستگیر بکرێت بەبێ بڕیاری دادگا و رەزامەندی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە هەمان کاتدا پێویسته‌ ده‌زگاکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان پێچه‌وانه‌ی یاسا کار پێکراوه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ره‌فتار نه‌که‌ن و رووماڵ کردنه‌که‌یان بۆ رووداوه‌کان بەمەبەستی گه‌یاندنی راستییه‌کان بێت و داواکاری ره‌وای هاووڵاتیان بێت به‌ حکومه‌تی هه‌رێم نه‌ک ببێته‌ هۆی نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌. لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردوودا هیچ دەزگایەکی راگەیاندن سکاڵای دژی لایەنە ئەمنییەکان بەرز نەکردۆتەوە کە تێیدا بە ئەنجامدانی توندوتیژی تۆمەتباریان بکات و هەر کاتێک دەزگایەکی راگەیاندن سکاڵایەکی هەبێت دژی لایەنە ئەمنییەکان ئەوا دەزگا پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی یاسایی پێویست دەگرنە بەر دژی  ئەو کەسانە کە پێشێلکاریان ئەنجامداوە.
 
دەربارەی ئازادی خۆپیشاندان کە لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی پێکراوە، زێباری وتی: لە کوردستان (رێکخستنی خۆپیشاندان) به‌ یاسای  ژمارە (١١)ی ساڵى (2010)  رێکخراوە کە شێواز و کات و ئامانجى خۆپیشاندان بە وردى دیارى دەکات بەپێی ئەم یاسایە هەموو هاووڵاتیان و ئەوانەی بەشێوەیەکی یاسایی لە هەرێمدا نیشتەجێن مافی رێکخستنی خۆپیشاندانیان هەیە دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی و تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی، هەروەها  هەڵگرتن یان لە خۆ بەستنی چەک لەلایەن خۆپیشاندەران بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە تەنانەت ئەگەر ئەو کەسەی بەشداری لە خۆپیشاندانەکەدا دەکات مۆڵەتی هەڵگرتن یان بەستنیان هەبێت، لە هەمان کاتدا نابێ هیچ ماددەیەکی تەقەمەنی یان ژەهراوی یان سووتێنەر لە کاتی خۆپیشاندانەکە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هەڵبگیرێت یان لە خۆ ببەسترێت.
 
سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2017  رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: لە بنەڕەتدا خۆپیشاندانەکان بە ناوی داواکانی مامۆستایان ئەنجامدرا چەند لە لایەنێکی سیاسی هەوڵیانداوە سوود لە داوا رەواکانی خەڵک بەتایبەتی چینی مامۆستایان وەربگرن و خۆپیشاندانی مامۆستایان بە لاڕێدا ببەن بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان، هەرچەندە کەسانێکی گێرەشێوێن خۆیان خزاندبووە نێو خۆپیشاندەران بۆ ئیستفزاز کردنی لایەنە ئەمنییەکان بۆیە هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسک ڕێژیان بەکارهێنا بۆ بڵاوکردنی ئاژاوەگیڕان ، لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک پەرلەمانتاری سەر بە چەند لایەنی سیاسی لە نێو خۆپیشاندەران ئامادەبوون و بە وشەی نەشیاو و بەرزکردنەوەی دروشمی هاندان بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی خۆیان وەک نوێنەری مامۆستایان ناساند.
 
دیندار زێباری هەروەها وتی: ژمارەیەک خۆپێشاندەر دەستگیرکران و درانە دادگا بە تۆمەتی ئەوەی کە کاری تێکدەرانەیان ئەنجامداوە و خودی خۆپیشاندانەکەش مۆڵەتی یاسایی نەبووە و هێرشیان کردە سەر کارمەندێکی پۆلیس و بە چەقو بریندار کرا بۆیە ئەم کارمەندە سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەسە تۆمار کردووە، و ئەو کەسەی کە هانی داوە بۆ لێدانی ئەو کارمەندەی پۆلیس سەر بە لایەنێکی سیاسی بووە و ئەوەی لێشیداوە سەر بە لایەنێکی سیاسی دیکە بووە و ناسراون، هەروەها بە بەڵگە خۆپیشاندەران جۆرەها (مبرز جرمى)یان لە لابووە وەکو (چەقۆ/دامل بۆکس/دار لاستیک) بۆیە بەپێی ماددەى (١٠) ی خۆپیشاندان بەپێی یاسا لێکۆڵینەوە لەگەڵدا کرا دواتر ئازاد کران.
 
سەبارەت بە رەوشی ئافرەتان کە لە راپۆرتەکەدا باس کراوە زێباری وتی: لە هەرێمی کوردستاندا ئافرەتان جێگە و پێگەیەکی تایبەتیان هەیە و چەندین یاسای تایبەت بە مافەکانی ئافرەت لە هەرێمی کوردستان دەرچووە و کاریان پێدەکرێت ورۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دەرکردنی بڕیارەکان و لەسەر میلاکی وە‌زارە‌تە‌کان و رێکخراوە‌ مە‌دە‌نیە‌کان بە‌شداری کارایان پێکراوە‌ و‌ چە‌ندین پۆستى گرنگی وەکو کە‌سی یە‌کە‌می هەندێک وەزارەت و دامودەزگای حکومیان پێدراوە، بەردەوام کارکراوە بۆ ئەوەی رێژە‌ی رە‌گە‌زی مێینە‌ لە‌ کارکردندا زیاد بکرێت و بە‌شداریان پێبکرێت لە‌ کار و بڕیارە‌ گرنگە‌کاندا. بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر لە (١٥٠) رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی تایبەت بە ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان هەن و کاردەکەن لەپێناو پاراستنی مافی ئافرەتان. هەروەها (6) شەڵتەر هەیە بۆداڵدەدانی ئافرەتانی، لەم شەڵتەرانەدا دەیان کەیسی ئافرەتان چارەسەرکراون. لە بارەی بەشداری کردنی ئافرەتان لە دامودەزگاکانی وەزارەتی ناوخۆ (882) لە ئافرەتان پێکهاتووە.
 
دیندار زێباری لە بارەی بە زۆر بە شوودانی منداڵان کە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیادا هاتووە ئاماژەی بەوە کرد لە بڕگەی (٣)ی مادەی دووی یاسای ژمارە (٨ی ساڵی ٢٠١١ یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی) لە هەرێمی کوردستان بە زۆر بە شوودانی کچان وەک یەکێک لە تاوانەکانی خێزانی دانراوە بۆیە لە هەمان یاسادا سزای توند بۆ ئەو کەسانە دانراوە کە ئەم جۆرە تاوانە ئەنجام دەدەن.
 
 رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر بەشداری ئافرەتان لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا و وتی: بۆ ئەوەی زۆرترین رێژەی کچان روو لە خوێندن بکەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانێکی پەروەردەیی تۆکمەی داناوە لە رێگای هاندانی زیاتری کچان و کەسوکاریان و بێبەش نەبوونیان لە خوێندن، بەپێی ئەم پلانەی حکومەتی هەرێم چەند هەنگاوێکی گرنگی ناوە، لە بواری خوێندنی باڵا دەیان ئافرەت پۆستی باڵایان هەیە وەک راگر و سەرۆک بەش، هەروەها بە دەیان هەزار قوتابی و فەرمانبەری ئافرەت لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ئەرکەکانی خۆیان رادەپەڕێنن، جگە لەمە لە زۆربەی بەشەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان رێژەی وەرگرتنی قوتابیانی کچ زیاترە لە کوڕان، ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر زیادبوونی رێژەی ئافرەتان لە ناوەندەکانی کارکردن و کەم کردنەوەی رێژەی بێکاری بەشێوەیەکی بەرچاو لەنێو ئافرەتاندا.