قایمقامى نوێى دوکان ده‌ستبه‌کاربوو

نیسان 02, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 2-4-2019 ، قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان له‌ مه‌راسیمێکدا له‌ قه‌زاى دوکان سه‌رپه‌رشتى ئاڵوگۆڕى پۆستى قایمقامى قه‌زاکه‌ى کرد و له‌ وته‌یه‌کیشدا له‌سه‌ر گرنگیى ده‌ڤه‌ره‌که‌ له‌ڕووه‌کانى گه‌شتیارى و کشتوکاڵییه‌وه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ى کرد و مژده‌ى هه‌ندێ پرۆژه‌ى نوێى ڕاگه‌یاند.

له‌ مه‌راسیمه‌که‌دا جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌ستخۆشى له‌ قایمقامى پێشوى دوکان شاهۆ عوسمان کرد و سیروان سه‌رحه‌دى وه‌ک قایمقامى نوێى دوکان ناساند و هیواى سه‌رکه‌وتنى بۆ خواست.

له‌میانه‌ى وته‌یه‌که‌یدا قوباد تاڵه‌بانى به‌گرنگییه‌وه‌ باسى بواره‌کانى گه‌شتوگوزار و کشتوکاڵى کرد له‌ دوکان و به‌ دوو که‌رتى گرنگ و بنه‌ڕه‌تى له‌ ڕه‌خساندنى هه‌لى کار و بوژاندنه‌وه‌ى ئابووریى کوردستان له‌قۆناغى داهاتوودا له‌قه‌ڵه‌مدا.

هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌ش کرد که‌ حکوومه‌ت نه‌ک هه‌ر بۆ دوکان، به‌ڵکو بۆ سه‌رجه‌م ده‌ڤه‌ره‌که‌ پرۆژه‌ و به‌رنامه‌ى تایبه‌تى هه‌یه‌ وه‌ک چاککردنى رێگاکانى ده‌وروبه‌رى دوکان و دووسایدکردن و ڕوناککردنى شه‌قامى سه‌ره‌کیى ناحیه‌ى خه‌له‌کان.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى وته‌که‌یدا جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ ئه‌وه‌ى له‌توانادا بێت درێغى ناکه‌ن بۆ ناوچه‌که‌ له‌پێناو ئه‌وه‌ى دوکان و ده‌ریاچه‌که‌ى ببنه‌ ڕووگه‌یه‌کى سه‌ره‌کیى گه‌شتیاریى له‌سه‌ر ئاستى هه‌موو عێراق و وتى "ئه‌مه‌ش به‌شێکه‌ له‌و ئه‌رکه‌ بنه‌ڕه‌تیانه‌ى که‌ ده‌که‌ونه‌ سه‌رشانى حکوومه‌تى داهاتووى هه‌رێم چونکه‌ خه‌ڵکى کوردستان شایسته‌ى خزمه‌تى زیاترن".

قوباد تاڵه‌بانى به‌ڵێنى ئه‌وه‌شى به‌دانیشتوانى ده‌ڤه‌ره‌که‌ دا ئه‌گه‌ر له‌ئه‌رکدا مایه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌به‌دواداچوون له‌گه‌ڵیان.