رێنمایی نوێ‌ بۆ نوسینگە‌و كۆمپانیا كشتوكاڵییەكان دەردەكرێت

نیسان 02, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌مه‌به‌ستى پێداچونه‌وه‌ به‌ کارى نوسینگه‌ و کۆمپانیا کشتوکاَلییه‌کان و چاودێرى ئه‌و ده‌رمان و ماده‌ قڕکه‌رانه‌ى ده‌فرۆشرێن کۆبونه‌وه‌یه‌ک له‌ دیوانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى به‌رێوه‌چوو.

رزگار حه‌مه‌د خدر- جێگرى به‌رێوبه‌رى کشتوکاڵى سلێمانى رایگه‌یاند: کۆبونه‌وه‌که‌ به‌ سه‌رپه‌رشتى ئاوات محه‌مه‌د- قائیمقامى سلێمانى و به‌شدارى نوێنه‌رى به‌رێوبه‌رایه‌تى کشتوکاڵ و ڤێتێرنه‌رى و شاره‌وانى و باخچه‌کانى سلێمانى و لیژنه‌ى باڵاى به‌دواداچوونى نوسینگه‌ کشتوکاڵییه‌کان و سه‌ندیکاکانى ئه‌ندازیارانى کشتوکاڵى و پزیشکانى ڤێتێرنه‌رى و فرۆشیارانى که‌لوپه‌لى کشتوکاڵى به‌رێوه‌چوو، ئامانج لێى به‌دواداچوونى نوسینگه‌ کشتوکاڵییه‌کان و مه‌شته‌له‌کان بوو به‌تایبه‌ت بابه‌تى ماده‌ قڕکه‌ره‌کان و ئه‌و ده‌رمانانه‌ى هاورده‌ ده‌کرێن و پێویسته‌ به‌رێگاى یاسایى هاورده‌ بکرێن و رێگه‌پێدراو بن، رێگه‌ش بگیرێت له‌ هاورده‌کردنى ده‌رمان و په‌ینى کیمیایى و ماده‌ قرکه‌ره‌ زیانبه‌خش و به‌سه‌رچووه‌کان، ئه‌وه‌ش له‌پێناو پاراستنى ته‌ندروستى هاوڵاتیان و به‌رهه‌مهێنانى خۆراکێکى شیاو بۆ به‌کارهێنان.

وتیشی: له‌ کۆبونه‌وه‌که‌ بڕیاردرا سه‌رجه‌مى نوسینگه‌ و کۆمپانیا کشتوکاڵییه‌کان له‌ژێر چاودێرى ئه‌ندازیارى کشتوکاڵیدا بن که‌ ئه‌ندامى سه‌ندیکاى ئه‌ندازیارانى کشتوکاڵى و هونه‌روه‌رانى کشتوکاڵى بن و له‌ژێر چاودێرى و رێنمایى ئه‌واندا ده‌رمان بدرێت به‌ جوتیاران و خانووه‌ پلاستیکییه‌کان و باخه‌کان، به‌هیچ شێوه‌یه‌کیش رێگه‌ نادرێت نوسینگه‌ و کۆمپانیاى کشتوکاڵى به‌بێ‌ ئه‌ندازیارى کشتوکاڵى کار بکات.

هاوکات بریار درا له‌گه‌ڵ سه‌رۆکایه‌تى شاره‌وانى سلێمانى و به‌رێوبه‌رایه‌تى باخچه‌کان سه‌رژمێرییه‌کى ته‌واوى نه‌مامگاکان و مه‌شته‌له‌کان بکرێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى چاودێرى وردى هاورده‌ و فرۆشتنى نه‌مام بکرێت. بڕیارێکى ترى کۆبونه‌وه‌که‌ بریتى بوو له‌ پێداچونه‌وه‌ به‌ هاورده‌کردنى بنه‌تۆو، بۆئه‌وه‌ى دڵنیابینه‌وه‌ له‌وه‌ى که‌ ئه‌و بنه‌تۆوه‌ى هاورده‌ده‌کرێت گونجاو و رێگه‌پێدراوه‌ و رێگه‌ نه‌ده‌ین بنه‌تۆى تۆمار نه‌کراو هاورده‌ بکرێت.

رزگار حه‌مه‌د ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کرد که‌ به‌هاوکارى لیژنه‌کانى قائیمقامیه‌ت و ئاسایش و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان کار بۆ جێبه‌جێکردنى ئه‌و بڕیارانه‌ ده‌که‌ن و ئامانجیان ده‌ستکه‌وتنى به‌رهه‌مێکى ته‌ندروسته‌ له‌لایه‌ن جوتیارانه‌ وه‌ بۆ هاوڵاتیان.