گۆشت فرۆشى سه‌ر شه‌قامه‌کان راده‌ستى دادگا ده‌کرێن

نیسان 02, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌ت به‌ هاوکارى لیواى یه‌کى پاراستنى سلێمانی، رۆژانه‌ ‌چاودێرى شه‌قام و شاڕێکان ده‌که‌ن و ده‌ست به‌سه‌ر گۆشتى ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌دا ده‌گرن که‌ به‌نایاسایى و به‌ده‌ر له‌ رێنماییه‌ ته‌ندروستى و ڤێتنه‌رییه‌کان سه‌رده‌بڕدرێت و به‌ هاوڵاتیانى ده‌فرۆشن.

گۆران قادر، سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێکدا که‌ وێنه‌یه‌کى بۆ 'ئاڕاسته‌' نێردراوه‌ ڕایگه‌یاندووه‌:"لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌‌کان که‌ نوێنه‌رى به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تیه‌کانى ڤێتنه‌رى و ته‌ندروستى تێدایه‌ به‌ هاوکارى لیواى یه‌کى پاراستنى سلێمانی، چاودێرى ئه‌و شه‌قام و شاڕێیانه‌ ده‌که‌ن که‌ ئاژه‌ڵ سه‌رده‌بڕن و به‌ هاوڵاتیانى ده‌فرۆشن".

ڕاشیگه‌یاندووه‌:"داواکارى گشتى سه‌ربڕینى ئاژه‌ڵ و فرۆشتنى گۆشته‌که‌ى له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان به‌ تاوانى بینراو (الجریمه‌ المشهوده‌) ناوبردووه‌‌ و به‌ فه‌رمى نوسراوى ئاراسته‌ى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان کردووه‌ بۆ ده‌ستگیرکردن و گرتنه‌به‌رى رێکارى پێویست به‌رامبه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ى ئه‌وکاره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌:له‌چه‌ند رۆژى رابردودا لیژنه‌هاوبه‌شه‌کان ده‌ستیان به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ک ئاژه‌ڵى سه‌ربراودا گرتووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پێداویستیانه‌ى له‌لایه‌ن گۆشتفرۆشه‌کانه‌وه‌ به‌کارده‌هێنرێت، گۆشته‌که‌ش ره‌وانه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ڤێتێرنه‌رى سلێمانى کراوه‌ بۆ له‌ناوبردنی، هه‌روه‌ها، رێکارى پێویست به‌رامبه‌ر به‌ خاوه‌نه‌کانیان ده‌گیرێته‌به‌ر.

سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى داوا له‌ هاوڵاتیانى شارى سلێمانیش ده‌کات، بۆ سه‌لامه‌تى ته‌ندروستیان ئه‌و گۆشته‌ى له‌شه‌قام و شاڕیکاندا ده‌فرۆشرێت مه‌کڕن، که‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ڤێته‌نه‌رییه‌وه‌ پشکنینى بۆ نه‌کراوه‌، له‌کاتى هه‌بوونیشیدا له‌ شه‌قام و کۆڵانه‌کان له‌ڕێى ژماره‌ (07708677777)‌ یاخود تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوک لاپه‌ڕه‌ى فه‌رمى (قائیمقامیه‌تى سلێمانی)ه‌وه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان ئاگادار بکه‌نه‌وه‌.‌