به‌یاننامه‌ى هه‌ردوو ڕێکخراوى (بزوتنه‌وه‌ى خوێندکاران) و (لاوانى کوردستان ) به‌بۆنه‌ى (۳٦)هه‌‌مین ساڵیادى دامه‌زراندنیانه‌وه‌

نیسان 03, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌یاننامه‌ى هاوبه‌شى ( ڕێکخراوى بزوتنه‌وه‌ى خوێندکارانى کوردستان) و (ڕێکخراوى لاوانى کوردستان) به‌بۆنه‌ى (۳٦)هه‌‌مین ساڵیادى دامه‌زراندنیانه‌وه‌.

- خوێندکارانى ڕێگاى پێ‌ بایه‌خى زانست و زانیارى .
- لاوانى هه‌ڵگرى مه‌شخه‌ڵى پێشکه‌وتن .
۳٦ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ به‌روارى (٤/٤/۱۹۸۳) دا ، که‌ میلله‌ته‌که‌مان دژوارترین هه‌لومه‌رجى تێده‌په‌ڕاند . له‌سه‌ر ده‌ستى چه‌ند ڕۆڵه‌یه‌کى ئه‌م نیشتیمانه‌ ، بێ سڵه‌مینه‌وه‌ له‌ سته‌مى داگیرکه‌ران، ڕێکخراوى ( یه‌کێتى قوتابیان و لاوانى سۆسیالیستى کوردستان ) له‌بنارى قه‌ندیلى سه‌رکه‌ش هاته‌ دامه‌زراندن .

دامه‌زراندنى ڕێکخراوێکى وه‌ها له‌و ڕۆژگاره‌دا پێویستییه‌کى مێژویى ئه‌و قۆناغه‌ بوو ، که‌ ئامانج لێى هۆشیار کردنه‌وه‌ى ڕۆڵه‌کانى گه‌له‌که‌مان و ئاراسته‌کردنیان بوو بۆ به‌شدارى کارا ، له‌ خه‌باتى ڕزگارى نه‌ته‌وه‌یى دا. وه‌ڵامێکیش بوو بۆ به‌گژداچونه‌وه‌ى هه‌وڵ و ته‌قه‌لاى حزبى به‌عسى فاشى بۆ سه‌پاندنى په‌روه‌رده‌ و کلتور و زمانى عه‌ره‌بى .

به‌درێژایى ئه‌و قۆناغه‌یش ، ئه‌ندامانى ڕێکخراو به‌ خوێن و قه‌ڵه‌م ، مێژیه‌کى پێ‌ له‌ سه‌روه‌رییان بۆ خۆیان و میلله‌ته‌که‌مان تۆمار کرد .که‌ شه‌هیدبوونى یه‌که‌م سکرتێرى ڕێکخراویش (مامۆستا صلاح) ، گه‌واهى ئه‌و ڕاستییه‌یه‌ .
خوێندکاران و لاوانى ئازیز

ئێمه‌ له‌ ڕێکخراوى (بزوتنه‌وه‌ى خوێندکارانى کوردستان ) و ڕێکخراوى (لاوانى کوردستان) .درێژه‌پێده‌رى مێژوى پێ‌ له‌ تێکۆشانى (یه‌کێتى قوتابیان و لاوانى سۆسیالیستى کوردستان)ین .

که‌ پێشکه‌وتن و زانست و خزمه‌ت به‌ توێژى خوێندکاران و لاوان ، ئامانجى هه‌میشه‌ییمانه‌ . ئێمه‌ به‌ ئه‌رکى خۆمانى ده‌زانین که‌ له‌ پێناو خواست و مافه‌کانتان دا به‌شێوه‌یه‌کى پیشه‌ییانه‌ و به‌ شێوازه‌ جۆربه‌جۆره‌کانى خه‌باتى مه‌ده‌نى و دیموکراسى کۆڵ نه‌ده‌ین و هه‌میشه‌ ببینه‌ ده‌نگێکى زوڵاڵ و نوێنه‌رى ڕاسته‌قینه‌ى ئێوه‌ .
ھه‌وڵى ئه‌وه‌ده‌ده‌ین که‌ ئاراسته‌یه‌کى دروستى ئه‌و دوو توێژه‌ى کۆمه‌ڵگا بکه‌ین ،به‌ سوود بینین له‌ئه‌زموونى چه‌ندین ساڵه‌ى ڕێکخراو له‌و بواره‌دا و سوود بینین له‌ ئه‌زمونى ووڵاتانى پێشکه‌وتوو .

خوێندکاران و لاوانى هێژا

له‌ ئێستادا له‌ ھه‌مووکات زیاتر ، میلله‌ته‌که‌مان پێویستى به‌ زانست و ڕۆشنبیرى و ھێز و بازوى ئێوه‌یه‌ . ده‌بێت به‌ ئه‌رکى سه‌رشانى خۆتان ھه‌ڵبسن و ڕۆڵى گرنگ بگێڕن له‌ به‌ دیموکراتى کردنى کۆمه‌ڵگا و بنیاتنانى داھاتوویه‌کى گه‌شاوه‌تر و شایسته‌ بۆ خۆتان و نه‌ته‌وه‌که‌تان. که‌ دیاره‌ ھه‌نگاوى یه‌که‌مى ئه‌م ئه‌رکه‌ش له‌ خۆ پێگه‌یاندن و ھۆشیار کردنه‌وه‌ و خۆ پێ‌ چه‌ک کردن به‌ چه‌کى زانست و زانیارى ده‌بێت .
له‌م ده‌رفه‌ته‌یش دا ئه‌ وه‌ دوپات ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ئه‌رکى ده‌وڵه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانه‌ ، که‌ ده‌سته‌به‌رى (خوێندنێکى هاوچه‌رخ) بکه‌ن بۆ خوێندکاران و سود له‌ نوێترین پڕۆگرامه‌کانى خوێندن و ته‌کنه‌لۆژیاى سه‌رده‌م وه‌ربگیرت بۆ پڕۆسه‌ى خوێندن .

ده‌رفه‌تى گونجاویش له‌ گشت کایه‌کانى ژیان دا بۆ لاوان بڕه‌خسێنرێت ،تاوه‌کو ڕۆڵى مه‌زنى خۆیان بگێڕن .

- سڵاو له‌ (۳٦) ساڵ خه‌باتى پێ‌ له‌ قوربانیدان و خزمه‌ت .

ڕێکخراو ى بزوتنه‌وه‌ى خوێندکارانى کوردستان ڕێکخراوى لاوانى کوردستان

4-4-2019