ده‌ست به‌سه‌ر زیاتر له‌ 48 تون خۆراک و مادده‌ى به‌سه‌رچوو ده‌گیرێت

نیسان 05, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز
لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی ئابووری، دەست بەسەر برێکی زۆر کاڵاوشمەکی جۆراوجۆری نەشیاو بۆ خواردن و بەکارهێناندا دەگرن.
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی به‌ جه‌ماوه‌رنیوزى ڕاگه‌یاند له‌ئه‌نجامی سه‌ردانه‌‌ به‌رده‌وامه‌کانی لیژنە هاوبەشەکان بۆ بازاڕ و شوێنه‌ گشتیه‌کان و پشکنین بۆ ئه‌وکاڵاوشمه‌کانه‌ی له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ به‌کارده‌هێنرێن، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان به‌هاوکاری ئاسایشی ئابووری ‌مانگی (سێ) دەستی بەسەربڕی (48) تۆن و (785) کیلۆگرام خۆراک و ماددەی ماوەبەسەرچوودا گرتووه‌‌.
وتیشی به‌شێکی ئه‌و کاڵاوشمه‌کانه‌ به‌سه‌رچووبون و به‌شێکیشی گومانی خراپبوونیان لێکراوه‌، بۆیه‌ ره‌وانه‌ی تاقیگه‌کان کراوه‌ بۆ پشکنین، ئه‌نجامه‌که‌ ده‌ریخستووه‌ خراپبوون و شیاوی خواردن و بەکارهێنان نین.
سەرۆکی لیژنەهاوبەشەکان هێمانى بۆ ئه‌وه‌ کرد ئەو کاڵاوشمەکانە لە بەرواری 3.1 تاوەکو 3.31ی 2019 دەستی بەسەرداگیراوە، پێک هاتوون لە ( خواردن و خواردنەوە، شیرەمەنی، سەوزەو میوە، مەوادی پاککەرەوە، چەرەسات ، شیرینی و خواردەمەنی لەقتونراو، بۆن و ماددەکانی جوانکاری خانمان و که‌ره‌سته‌کانی بۆیاخ و ته‌لارسازی) کە سەرجەمیان پشکنینی فیزیایی و کیمیایی بۆ ئەنجام دراوە و شیاوی خواردن و بەکارهێنان نیین.
گۆران قادر، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەسوپاسەوە کە ئاسایشی ئابووری هەمیشە هاوکاری تەواوی لیژنەهاوبەشەکان دەکات، بە پێدانی زانیاری لەسەر هەبوونی کاڵاوشمەکی خراپ و ماوە بەسەرچوو یاخوود دەست بەسەردا گرتنی کاڵاوشمەکە گوماناویەکان و رەوانەکردنی بۆ لیژنە هاوبەشەکان بۆ پشکنین.
راشیگه‌یاند: ته‌واوی ئه‌وبڕه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنه‌وه‌ لەناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی، لەناوبراون.