لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکان تاوتوێی پلانی چوار ساڵی داهاتوو ده‌كات

نیسان 08, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 8ی نیسان بە مەبەستی دانانی پلانی کارکردنی لیژنەکە بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتووی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لێژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکان بە سەرپەرشتی عه‌بوڵڵا حاجی محمود، سەرۆکی لیژنە و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆک و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەکە کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە لە هۆڵی لیژنەکە بەڕێوەچوو، گفتوگۆیان لەبارەی دانانی پلانی کارکردنی چوار ساڵی داهاتووی لیژنەکە کرد و هەموو ئەو پڕۆژە و پێشنیازانە خرانەڕوو کە پەیوەستن بە هێزەکانی بەرگری و هێزەکانی ناوخۆ و باشترکردنی ژیانی پێشمەرگە و کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆ.
ئامادەبووان بۆچوونەکانیان خستەڕوو و بە چڕی گفتوگۆیان لەبارەی خاڵەکانی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە کرد و بڕیاریاندا بە ڕاپۆرتێک سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاگادار بکەنەوە.