ئاسایشی سلێمانی دانپێدانانی بانده‌ تاوانكاره‌كه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

نیسان 09, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

ئەمڕۆ سێ شه‌ممه‌ 9ی نیسان بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ڤیدیۆی دانپێدانانی ئەندامانی بانده‌‌ تاوانكاره‌كه‌ی  بڵاوكردەوە.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا ئاسایشی سلێمانی باندێكی تاوانكاری ئاشكرا كرد كه‌ تۆمه‌تباربوون به‌ كوشتن و دزین و رفاندن، به‌ گوته‌ی تاوانكاره‌كان 40 تاوانی جۆراوجۆریان ئه‌نجامداوه‌.

ئاسایشی سلێمانی باندەکە بە "مەترسیدار" ناودەبات و دەڵێت، چەندین تاوانی جیاوازیان ئەنجامداوە، لەنێویاندا کوشتن.

به‌پێی دانپێدانانی ئەندامانی باندە تاوانكاره‌كه‌ ، له‌ ساڵی 2016 ‌ به‌ دزینی مۆبایل و رفاندنی جانتای ژنان ده‌ستیان بە تاوانەکان کردووە‌، دواتر ئۆتۆمبێلی خەڵکیان رفاندووە و لە ناوچەکانی عێراق فرۆشتوویانە.

بەگوتەی خۆیان، لەکاتی رفاندنی ئۆتۆمبێلدا هه‌ر كه‌سێك خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌دابێت و به‌رگری كردبێت، كشتوویانه ‌.

باندەکە لە دووکانێکدا گەنجێکیان کوشتووە، دواتر پیاوێک بەناوی تاریقی بەقاڵ دەڕفێنن و دەیکوژن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەکاتی هەوڵدان بۆ رفاندنی ئۆتۆمبێلەکەی بەرگری لە خۆی کردووە.

به‌ گوته‌ی بانده‌كه‌ پەیوەندیان لەگەڵ هەندێک کەسی دیکە هه‌بووه‌ لە خواروی عێراق كه‌ ئۆتۆمبیله‌كانیان پێداون بۆ ئه‌وه‌ی دووریبخه‌نه‌وه‌ له‌ شاری سلێمانی. 

پێشتروه‌ستا حەسەن نوری، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەوکاتەی من لێکۆڵینەوە دەکەم و لەم دەزگایەم گروپی وا مەترسیدارم نەبینیوە، کە شەوانە لە ناو شاری سلێمانیدا گەڕاون کە هیچیان خەڵکی سلێمانی نین و جێگەیان کراوەتەوە، دەستیان کردوە بەتاوانی رفاندنی پارە و جانتا، هەروەها لە ساڵی 2016 ەوە دەستیان بە رفاندنی ئۆتۆمبێل کردوە.