به‌یاننامه‌ى مه‌کته‌بى ڕاگه‌یاندنى سۆسیالیست له‌ یادى ۳۱هه‌مین ساڵڕۆژى ئه‌نفالدا

نیسان 13, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


مه‌کته‌بى ڕاگه‌یاندنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌ یادى ۳۱هه‌مین ساڵڕۆژى ئه‌نفالدا به‌یاننامه‌یه‌کى بڵاو کرده‌وه‌و تیایدا ئاماژه‌به‌وه‌ ده‌کات که‌شاڵاوى به‌دناوى ئه‌نفال که‌ له‌سه‌ر ده‌ستى ڕژێمى شۆفێنى به‌عس ده‌رهه‌ق به‌ گه‌ل و خاکى کوردستان ئه‌نجام درا‌ پلانێکى نامرۆڤانه‌ و دوور له‌ هه‌موو عورف و به‌هایه‌ک بوو که‌ تێدا ڕژێم ‌مه‌به‌ستى پاکتاوى نه‌ژادى شوێنبزرکردنى ڕۆڵه‌کانى گه‌له‌که‌مان بوو له‌ گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان و کۆمه‌ڵکوژیان له‌ بیابیانه‌کاندا.

ده‌قى به‌یاننامه‌که‌ :

به‌یاننامه‌ى مه‌کته‌بى ڕاگه‌یاندنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌ یادى ۳۱هه‌مین ساڵڕۆژى ئه‌نفالدا

۳۱ساڵ له‌مه‌و به‌ر ڕژێمى به‌عسى ڕوخاو به‌ چه‌ند قۆناغێک شاڵاوى ئه‌نفالى ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لى سته‌م دیده‌ى کورد ئه‌نجامدا که‌ به‌هۆیه‌وه‌ خه‌ڵکى سڤیلى گه‌له‌که‌مان که‌وته‌به‌ر شاڵاوى دڕندانه‌ى حزبى به‌عسى ڕوخاو که‌ له‌ پڕۆسه‌یه‌کى به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراوداو به‌ هه‌شت قۆناغى یه‌ک له‌دواى یه‌ک (۱۸۲) هه‌زار هاوڵاتى بێدیفاعى گه‌له‌که‌مانى جینۆسایدکرد و به‌ هه‌زاران گوندى وێرانکرد و که‌رتى ئابورى و کشتوکاڵیش به‌ته‌واوه‌تى له‌ناوبران هه‌رچه‌ند سیاسه‌تى قڕکردن و کوشتار و جینۆسایدى کوردى به‌ شێوه‌ى پلان بۆ داڕێژراو له‌ ساڵی۱۹۸۸ه‌وه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمى به‌عسه‌وه‌ ده‌ستى پێکردووه‌، ئه‌نجامدانى شاڵاوى ئه‌نفال وکۆمه‌ڵکوژى له‌دژى گه‌له‌که‌مان و له‌ ناو بردن و زینده‌ به‌چاڵکردن و شه‌هیدکردنى که‌سانى سڤیل و بێتاوان گه‌وره‌ترین تاوانه‌ که‌ تا ئێستا ڕژێمێک دژى هاوڵاتیانى خۆیى ئه‌نجامى دابێت .

شاڵاوى به‌دناوى ئه‌نفال که‌ له‌سه‌ر ده‌ستى ڕژێمى شۆفێنى به‌عس ده‌رهه‌ق به‌ گه‌ل و خاکى کوردستان ئه‌نجام درا‌ پلانێکى نامرۆڤانه‌ و دوور له‌ هه‌موو عورف و به‌هایه‌ک بوو که‌ تێدا ڕژێم ‌مه‌به‌ستى پاکتاوى نه‌ژادى شوێنبزرکردنى ڕۆڵه‌کانى گه‌له‌که‌مان بوو له‌ گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان و کۆمه‌ڵکوژیان له‌ بیابیانه‌کاندا، وێڕاى وێرانکردنى هه‌زاران گوند و به‌سووتماککردنى به‌شێکى به‌رچاوى خاکى کوردستان و به‌تاڵانبردنى سه‌روه‌ت و سامان و کوێرکردنه‌وه‌ى کانى و سه‌رچاوه‌کانى ئاو.

حزبى سۆسیالیست دیمۆکراتى کوردستان له‌ یادى ۳۱ هه‌مین ساڵڕۆژى ئه‌نفالدا جه‌خت له‌ سه‌ر داوه‌ ڕه‌واکانى که‌س و کارى ئه‌نفالکراوه‌کان ده‌کاته‌وه‌له‌ پێناو قه‌ربوو کردنه‌وه‌ى که‌س و کارى قوربانیان و دۆزینه‌وه‌ و گێڕانه‌وه‌ى ڕوفاتى شه‌هیدانى ئه‌نفال و خزمه‌تکردنى که‌سوکاره‌ سه‌ربه‌رزه‌کانیان که‌ له‌ ئاکامى ئه‌و کاره‌ساته‌دا دووچارى چه‌ندین کێشه‌و گرفتى ده‌روونى و کۆمه‌ڵایه‌تى بوون.

له‌ ئێستادا ۳۱ ساڵ به‌ سه‌ر ئه‌و کاره‌ساته‌دا تێده‌په‌ڕێت تا ئێستا حکومه‌تى عیراق ده‌رهه‌ق به‌م کاره‌ساته‌ نه‌یتوانیوه‌ له‌ ئاستى به‌رپرسیارێتیدا بێت و نه‌ له‌ ڕووى ماددى و نه‌ له‌ ڕووى مه‌عنه‌وییه‌وه‌ قه‌ره‌بووى که‌سوکارى ئه‌نفالکراوان نه‌کراوه‌ته‌وه‌.هاوکات پێویست بوو له‌ سه‌ر حکومه‌تى عێراق داواى لێبوردنى له‌ قوربانیانى هه‌ڵبجه‌ و که‌س و کارى ئه‌نفالکراوان بکردایه‌.

ئه‌مڕۆ له‌ کاتێکدا یادى ئه‌م کاره‌ساته‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ گه‌له‌که‌مان خۆڕاگرانه‌ له‌به‌رده‌م شاڵاوێکى دیکه‌ى ئه‌نفال و جینۆسایددا وه‌ستاوه‌ که‌ به‌رگرتن بوو له‌ هێرش و په‌لاماره‌کانى داعش بۆ سه‌ر هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان داگیرکردنى خاکى کوردستان که‌ توانرا به‌ خوێنى شه‌هیدان و به‌رگرى قاره‌مانانه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان سه‌روه‌ریه‌کى مێژوویى مه‌زن تۆمار بکه‌ن. ئه‌گه‌رچى هێرش داعش بۆ سه‌نگه‌رکانى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان به‌ هه‌مان مه‌به‌ستى پاکتاوى نه‌ژادیى به‌عسى بوو و له‌ژێر ناونیشانێکى دیکه‌دا ئه‌نجامدا هه‌مان کاره‌ساتى ئه‌نفالیان له‌ شنگال دووباره‌ کرده‌ دژى پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئاینییه‌کانى دیکه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستاندا.وه‌ هاوکات ئه‌رکى ده‌زگاو دامه‌زراوه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌ کار بکه‌ن بۆ به‌ جینۆساید ناساندى ئه‌و کێسه‌ له‌ سه‌ر ئاستى جیهان و دامه‌زراوه‌ نێو ده‌وڵه‌تیه‌کان.

دروود بۆ گیانى پاکى شه‌هیدانى شاڵاوى ئه‌نفال و ته‌واوى شه‌هیدانى کوردستان.

سه‌رکه‌وتن بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان و که‌س و کارى قوربانیانى ئه‌نفال.


مه‌کته‌بى ڕاگه‌یاندنی
حزبى سۆسیالیست دیمۆکراتى کوردستان
14-4-2019