ده‌ست به‌سه‌ر بڕێکى زۆر ده‌رمانى جۆراوجۆردا ده‌گیرێت‌

نیسان 14, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى ده‌ستى به‌سه‌ر بڕێکى زۆر ده‌رمانى جۆراوجۆردا گرتوه‌ و نوێنه‌رى ته‌ندروستى له‌ لیژنه‌کان ده‌ڵێت: زیانى زۆرى به‌ ته‌ندروستى هاوڵاتیان گه‌یاندووه‌.

د. ژیار ره‌ئوف، نوێنه‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستى له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى رایگه‌یاند: به‌مه‌به‌ستى کۆنترۆڵکردنى بازاڕى ده‌رمان و ده‌رهێنانى له‌ ده‌ست هه‌موو ئه‌وکه‌سانه‌ى که‌ پسپۆڕى بواره‌که‌ نین لیژنه‌ى هاوبه‌شى ته‌ندروستى پێکهێنراوه‌.


وتی: به‌هۆى هه‌بونى ده‌رمانێکى زۆرى کوالێتى نزم کڕین و فرۆشتنى له‌لایه‌ن هه‌موو که‌سێکه‌وه‌ به‌بێ رێنماییه‌ زانستى و یاسایى زیانى زۆرى به‌ ته‌ندروستى هاوڵاتیان گه‌یاندووه‌.

وتیشی: لیژنه‌ى هاوبه‌شى ته‌ندروستى ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێکى زۆر ده‌رمانى جۆراوجۆردا گرتووه‌ که‌ به‌شێکى ماوه‌به‌سه‌رچووه‌ و به‌شێکیشى ئه‌و ده‌رمانانه‌یه‌ که‌ سه‌رچاوه‌کانیان‌ نادیارن و نازانرێت له‌چ وڵاتێک دروستکراوه‌ و به‌شێوه‌ى قاچاخ هاورده‌کراوه‌.

هه‌روه‌ها له‌ ماوه‌ى (9) مانگى ده‌ست به‌کاربونى لیژنه‌که‌ (722) سه‌ردانیان بۆ ده‌رمانخانه‌ و نۆرینگه‌ و هه‌موو ئه‌وشوێنانه‌ى هاوڵاتیانى تیا چاره‌سه‌ر ده‌کرێت، کردووه‌ که‌ (258) پسوڵه‌ى سه‌رپێچى تۆمارکرداوه‌ و (40) شوێن ئاگادارکراونه‌ته‌وه‌ که‌ پابه‌ندى مه‌رج و ڕێنماییه‌کانى ته‌ندروستى و کارکردن بن به‌ڵام به‌هۆى دوباره‌ سه‌رپێچى کردنه‌وه‌ (35) شوێنیان داخراوه‌.


د. ژیار ره‌ئوف ئاماژه‌ى بۆئه‌وه‌کرد به‌هۆى به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر پابه‌ندنه‌بوون و سه‌رپێچی، به‌شێک له‌ شوێنانه‌ى سه‌ردانیان کراوه‌ رێکارى یاساییان به‌رامبه‌ر گیراوه‌ته‌ به‌ر و روبه‌روى دادگا کراونه‌ته‌وه‌.

لیژنه‌ى هاوبه‌شى ته‌ندروستى یه‌کێکه‌ له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌ت و له‌ مانگى (6ى 2018) به‌فه‌رمانى قائیمقامى سلێمانى دامه‌زراوه‌، رۆژانه‌ سه‌ردانى نۆرینگه‌ و ده‌رمانخانه‌ و هه‌موو ئه‌وشوێنانه‌ ‌ده‌کات که‌ هاوڵاتیان به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ر رووى تێده‌که‌ن، له‌کاتى هه‌بونى سه‌رپێچى شوێنه‌که‌ و خاوه‌نه‌که‌ى روبه‌روى رێکارى یاسایى ده‌کاته‌وه‌.