نێچیرڤان بارزانى : ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى زێد و باشترکردنى هه‌‌لومه‌رجى ژیانی که‌سوکارى ئه‌نفاکراوان له‌ ئه‌ستۆى ئێمه‌دایه‌

نیسان 14, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان له‌ یادى ئه‌نفالدا په‌یامێکى بڵاوکرده‌وه‌و تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌نابێ ته‌نها یادى قوربانیانى ئه‌نفالکراو بکه‌ینه‌وه‌، به‌ڵکو هاوکاریى ته‌واوى که‌سوکاریان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى زێد و باشترکردنى هه‌‌لومه‌رجى ژیانیشیان، له‌ ئه‌ستۆى ئێمه‌دایه‌.

ده‌قى په‌یامه‌که‌ى نێچیرڤان بارزانى :


وا جارێکى تر دواى زیاتر له‌ (۳۰) ساڵ یادى قوربانیان و که‌سوکارى شاڵاوى دڕنده‌ى ئه‌نفال ده‌که‌ینه‌وه‌. ئه‌و شاڵاوه‌ى هیچ سنوورێکى نه‌ده‌ناسى، ئافره‌ت، پیاو، منداڵ و به‌ساڵاچوو، گرنگ له‌ناوبردنى ژیان بوو له‌ گوند و شارۆچکه‌ و شاره‌کانى ئه‌م به‌شه‌ى کوردستان.

سیاسه‌تى ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ى ڕژێمى به‌عس به‌رامبه‌ر میلله‌‌ته‌که‌مان جگه‌ له‌ وێرانکارى و تۆقاندن و سه‌پاندنى ده‌سه‌ڵاتى دێوه‌زمه‌ى ده‌وڵه‌تى عێراق، ژیانى زیاتر له‌ (‌١٨٠) هه‌زار که‌سى به‌ چه‌کى قورس و گازى کوشنده‌ و کیمیابارانى ئاسمانیى کوردستان، به‌کۆتا هێنا.

ئێمه‌ وه‌ک میلله‌تێک ده‌بێت به‌ ئه‌رکى خۆمان بزانین که‌ نه‌ک ته‌نها یادى قوربانیانى ئه‌نفالکراو بکه‌ینه‌وه‌، به‌ڵکو هاوکاریى ته‌واوى که‌سوکاریان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى زێد و باشترکردنى هه‌‌لومه‌رجى ژیانیشیان، له‌ ئه‌ستۆى ئێمه‌دایه‌.

سه‌ربارى هه‌موو ئاڵۆزى و سه‌ختییه‌کى سیاسیى وڵات، ساڕێژکردنى برینى ئه‌نفال و قه‌ره‌بووکردنه‌ویان، ده‌بێت کارى سه‌ره‌کیى ده‌وڵه‌ت و حکوومه‌تى عێراق بێت، ئه‌مه‌ به‌رپرسییه‌کى ئه‌خلاقى و مێژووییه‌.

بۆ ڕێگرى له‌ هه‌ر هێرشێکى هاوشێوه‌ى ئه‌نفال له‌ داهاتوودا دژى گه‌له‌که‌مان جا له‌ژێر دروشمى نه‌ژادپه‌رستی، نه‌ته‌وایه‌تی، ئایینى یان ئایدیۆلۆژیى سیاسیدا بێت، ئێمه‌ نابێت قوربانیانى ئه‌نفال و که‌سوکاریان له‌بیر بکه‌ین. با ئه‌مڕۆ، سبه‌ینێ و هه‌موو ڕۆژێک یادیان بکه‌ینه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانى
14/4/2019