11 هه‌زار زه‌وى به‌سه‌ر که‌سوکارى ئه‌نفالکراوان دابه‌شده‌کرێت

نیسان 14, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌یادى 31 ساڵه‌ى شاڵاوى ئه‌نفال له‌ گوندى دێبنه‌ له‌ رزگارى تاجه‌ گوڵینه‌ له‌ مۆنۆمێنتى شه‌هیدان دانرا.

ئه‌مڕۆ 31 ساڵ تێپه‌رده‌بێت به‌سه‌ر شاڵاوه‌کانى ئه‌نفالدا، که‌ له‌ درێژه‌ى سیاسه‌تى پاکتاوى نه‌ژادى و جینۆسایدکردنى گه‌لى کوردستاندا که‌ رژێمى له‌ناوچووى به‌عس به‌ دڕندانه‌ترین شێواز جێبه‌جێى کرد، له‌ ئه‌نجامدا 182 هه‌زار مرۆڤى بێتاوانى کورد له‌ ژن و مناڵ و پیرو گه‌نج به‌زیندوویى خرانه‌ ژێر گڵه‌وه‌ و هه‌زارانى تریش له‌ زیندانه‌کاندا ئه‌شکه‌نجه‌ى ده‌روونى و جه‌سته‌یى دران

له‌ ساڵیادى شاڵاوه‌کانى ئه‌نفال مه‌حموود حاجى ساڵح وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراونى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند: 11 هه‌زار پارچه‌ زه‌وى به‌سه‌ر رزگاربووانى شاڵاوه‌کانى ئه‌نفال و که‌سوکارى ئه‌نفالکراوان دابه‌ش ده‌کرێت.

وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراون له‌ گوندى دێبنه‌ له‌ ناحیه‌ى رزگارى وتارێکى پێشکه‌شکرد و رایگه‌یاند، ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران ره‌زامه‌ندى پیشانداوه‌ له‌سه‌ر دابه‌شکردنى 11 هه‌زار پارچه‌ زه‌وه‌ى بۆ ئه‌وه‌ى رزگاربووان و که‌سوکارى شه‌هیدانى ئه‌نفال لێى سوودمه‌ند بن.

رۆژى 14 نیسانى 1988 به‌هۆى ئه‌وه‌ى شاڵاوى ئه‌نفال گه‌یشته‌ ئاستێکى ترسناک‌و زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆرى ناوچه‌کانى کوردستانى گرته‌وه‌، بۆیه‌ به‌رۆژى ئه‌نفال ناونراوه‌.
دادگاى باڵاى تاوانه‌کانی عێراق له‌ساڵى 2007 پڕۆسه‌ی ئه‌نفالى وه‌کو جێنۆسایدى گه‌لى کورد ناساند.