هۆشدارى سه‌باره‌ت به‌خراپونى جۆرێک له‌ئاوى خواردنه‌وه‌ ده‌درێت

نیسان 15, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌هۆى زوو تێکچونى پێکهاته‌که‌ی، له‌باره‌ى ئاوى له‌ده‌به‌نراوه‌وه‌ هۆشدارى ده‌درێت و سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان داوا له‌هاوڵاتیان ده‌کات ئاوى خواردنه‌وه‌ى به‌رتیشکى خۆر نه‌کڕن.


گۆران قادر، سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان رایگه‌یاند : به‌هۆى تیشکى خۆره‌وه‌ کارلێک کردن له‌نێوان ده‌به‌ى پلاستیک و ئه‌و ئاوه‌ى بۆ خواردنه‌وه‌ تێى ده‌که‌ن، پێکهاته‌که‌ زوو ده‌گۆڕێت شیاوى خواردنه‌وه‌ى نامێنێت بۆیه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان ئاگادارى سه‌رجه‌م کارگه‌کانى کردۆته‌وه‌ له‌کاتى گواستنه‌وه‌یدا ئاوى له‌ده‌به‌نراو به‌ته‌واوى داپۆشراوبن و دوربن له‌ تیشکى خۆر.


وتی: به‌هاوکارى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان رێگرى له‌و بارهه‌ڵگرانه‌ ده‌کات به‌ سه‌ردانه‌ پۆشراوى له‌کارگه‌کان یاخود له‌ کۆگاکانى عه‌مبارکردنه‌وه‌‌ ئاوى خواردنه‌وه‌ى له‌ده‌به‌نراو ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ بازاێ‌ و چێشتخانه‌و مارکێته‌کان، ده‌ست به‌سه‌ر ئوتۆمبیله‌که‌یاندا ده‌گیرێت.

وتیشی : پێشتر دوکان و مارکێته‌کان ئاگادار کراونه‌ته‌وه‌ نابێت خواردن و خواردنه‌وه‌کان له‌به‌ر تیشکى خۆر دابنرێت یاخود عه‌مبار بکرێت، به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ ئاوى خواردنه‌وه‌ى له‌ده‌به‌نراو له‌به‌رئه‌وه‌ى پێش واده‌ى به‌سه‌رچونیان زوو خراپ ده‌بن و زیان بۆسه‌ر ته‌ندروستى مرۆڤ دروست ده‌که‌ن.

ئه‌وه‌ى رونکرده‌وه‌ که‌ هه‌ر کارگه‌، بارهه‌ڵگر، مارکێت و شوێنێک پابه‌ند نه‌بێت و ئاوى خواردنه‌وه‌ى له‌ده‌به‌نراو له‌ به‌رتیشکى خۆر دابنێت به‌فه‌رمانى قائیمقامى سلێمانى و له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانه‌وه‌ رێکارى یاسایى پێویست به‌رامبه‌ریان ده‌گیرێته‌ به‌ر.


سه‌رۆکى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کان داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌کات له‌کاتى کڕینى ئاوى خواردنه‌وه‌دا شوێنێک ئاوى خواردنه‌وه‌ى له‌ده‌به‌نراوى له‌به‌ر تیشکى خۆر دانابوو لێى نه‌کڕن، ته‌نها له‌و شوێنانه‌ ئاوى خواردنه‌وه‌ى له‌ده‌به‌نراو بکڕن دورله‌تیشکى خۆر و شوێنى تایبه‌ت دایانناوه‌.