نێچیرڤان بارزانی: به‌رپرسیارێتى به‌رامبه‌ر ژینگه‌ هیچ کاتێک کۆتایى نایه‌ت

نیسان 16, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 16-4-2018 به‌ ئاماده‌بوونى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان وقوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران و ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیر و په‌رله‌مانتار و کونسول و نوێنه‌رى وڵاتانى بیانى و ڕێکخراوه‌ ناحکوومییه‌کان و ئه‌کادیمى و که‌سایه‌تییانى بوارى پاراستنى ژینگه‌، له‌ له‌ هه‌ولێر ڕێوڕه‌سمى یادى ڕۆژى ژینگه‌ى کوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا سه‌رۆک وه‌زیران وته‌یه‌کى پێشکه‌ش کرد و تیایدا وێڕانى به‌خێرهێنانى میوانان، ڕایگه‌یاند که‌ ژینگه‌ بابه‌تێکى زۆر گرنگ و خه‌مێکى گه‌وه‌رى جیهانییه‌ و به‌رپرسیاریه‌تى و ڕه‌فتارى چاک به‌رامبه‌ر به‌ ژینگه‌، ئه‌رک و پێویستییه‌کى هه‌میشه‌یییه‌ چونکه‌ سه‌ره‌تا و ئاینده‌ى مرۆڤ سه‌رچاوه‌ى یه‌که‌مى ژیانه‌ و تا ژینگه‌ پاکوخاوێن بێ‌، مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیان و مرۆڤایه‌تى که‌متره‌ و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ مه‌ترسى زیاتر ده‌بێت‌.

ئاماژه‌شى به‌ هۆکاره‌کانى پیسبوونى ژینگه‌ کرد وه‌ک به‌رزبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى دانیشتوانى جیهان، به‌کارهێنانى زۆرى وزه‌، شه‌ڕ و پێکدادانى سه‌ربازى و ناهۆشیاریى ژینگه‌یى که‌ بوونه‌ته‌ هۆکارى پیسبوونێکى ترسناک و تێکچوونى هاوسه‌نگیى ژینگه‌ و به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌کانى گه‌رما که‌ وێڕاى هه‌موو هه‌وڵه‌کانى حکوومه‌ت و ئاژانس و ڕێکخراوه‌کان، مه‌ترسییه‌کى ڕاسته‌قینه‌ى له‌سه‌ر گۆى زه‌وى دروست کردووه‌ و چاره‌سه‌رکردنیشى به‌‌ به‌رپرسیاریه‌تى و ئه‌رکێکى هاوبه‌شى جیهان زانی.

له‌سه‌ر ژینگه‌ى کوردستانیش ڕایگه‌یاند که‌ نه‌ک ته‌نیا خه‌ڵکى کوردستان، به‌ڵکو ژینگه‌که‌یشى به‌ شێوه‌یه‌کى ڕێکخراو له‌ کۆتاییه‌کانى سه‌ده‌ى نۆزده‌وه‌ تا ئێستا ڕووبه‌ڕووى تێکدان بۆته‌وه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش پرۆسه‌ى ئه‌نفال و کیمیابارانکردنى بیرهێنایه‌وه‌ که‌ به‌ هه‌زاران گوندى کوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک وێران کران و به‌ گازى ژه‌هراوى و‌ ته‌قه‌مه‌نییه‌کان پیس کران و‌ هێشتا کاریگه‌ریى خراپیان له‌سه‌ر ژینگه‌ ماوه‌ و هۆکارى ده‌یان نه‌خۆشیى کوشنده‌ و ترسناکن، هه‌روه‌ها ئاشکراى کرد که‌ ژیان و جه‌سته‌ و ئه‌قڵێکى ته‌ندروست له‌ ژینگه‌یه‌کى پاک و پارێزراوى ته‌ندروسته‌وه‌ دێن و جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ژینگه‌پارێزى له‌ ژینگه‌ پاکه‌کاندا‌ ئه‌رکێکى له‌پێشینه‌یه‌‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش‌ دا که‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ‌له‌ یه‌که‌م ده‌رفه‌تدا هه‌زاران گوندى وێرانکراوى ئاوه‌دان کردو‌وه‌ و گیانێکى تازه‌ى به‌ به‌ر کوردستاندا کرده‌وه‌ و پارکى نیشتمانى دروست کردووه‌ و بۆ پاراستنى گیاندارانى کێوى و باڵنده‌کان و له‌سه‌ر پابه‌ندیى پاراستنى ژینگه‌یش بۆ پڕۆژه‌کانى‌ پیشه‌سازى و نیشته‌جێبوون ڕێنمایى ده‌رکردووه‌‌ و دواجاریش بڕیارى داخستنى چه‌ندین پاڵاوتگه‌ى داوه‌، هه‌روه‌ها ئاشکراى کرد که‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م کارانه‌ له‌ ئاست خه‌ون و ئاره‌زووه‌کان نین، به‌ڵام ‌کاروانه‌که‌ به‌رده‌وامه‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ هاوکاریى حکوومه‌ت، ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌کان، ڕێکخراوه‌کانى تایبه‌ت به‌ پاراستنى ژینگه‌، هاووڵاتیان، کولتوور و هۆشیاریى پاراستنى ژینگه‌، خۆبه‌خاوه‌ن زانینى ژینگه‌ و توندترکردنى سزاى سه‌رپێچیکارانى به‌ پێویست زانی.

 


ده‌قى وتاره‌که‌ى نێچرڤان بارزانى ...