حکومه‌تى هه‌رێم و قه‌ته‌ر جه‌خت له‌په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌کان ده‌که‌نه‌وه‌

نیسان 17, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


نێچیرڤان بارزانى له‌ دیدارێکدا له‌گه‌ڵ حسێن ئه‌لفه‌زاله‌ هه‌ڵسوڕێنه‌رى کاروبارى باڵیۆزخانه‌ى قه‌ته‌ر له‌ به‌غدا، خواستى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر نیشان دا، پوخته‌یه‌کیشى ده‌رباره‌ى قه‌یرانه‌کانی‌ ساڵانى ڕابردوو و تێپه‌ڕاندنیان به‌ شێوه‌یه‌کى سه‌رکه‌وتوو پێشکه‌ش کرد به‌تایبه‌تى ئاساییبوونه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و بڕیاردان له‌سه‌ر گفوگۆ بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان.

هه‌ر له‌م دیداره‌دا که‌ پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌17-4-2019 به‌ڕێوه‌ چوو، باسى له‌ پرۆسه‌ى سیاسیى هه‌رێمى کوردستان کرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ هه‌وڵه‌کان بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى هه‌رێم له‌ دوا قۆناغدان.

لاى خۆیه‌وه‌ ئه‌لفه‌زاله‌ سڵاو و ڕێزى سه‌رکردایه‌تیى وڵاته‌که‌ى گه‌یانده‌ نێچیرڤان بارزانى و پیرۆزباییى سه‌رکه‌وتنى هه‌ڵبژاردنه‌کانى هه‌رێمى کوردستان کرد و هیواى خواست کابینه‌ى نوێ به‌ زووترین کات پێکبهێنرێت، جه‌ختیشى له‌ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌کانى قه‌ته‌ر له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى کوردستان کرده‌وه‌ و ڕۆڵى هه‌رێمى کوردستانى له‌ تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌کان و شه‌ڕى دژى تیرۆر و پێشوازیکردن له‌ ژماره‌یه‌کى زۆرى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران به‌رز نرخاند.

هه‌ردوولا باسیان له‌ پرسى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران کرد و جه‌ختیان له‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى ناوچه‌ زیانبه‌رکه‌وتووه‌کانى شه‌ڕى داعش و گه‌ڕانه‌وه‌ى سه‌ربه‌رزانه‌ى ئاواره‌کان بۆ شوێنى خۆیان کرده‌وه‌.

ئه‌لفه‌زاله‌ باسى له‌ سه‌ردانى شاندێکى بزنسمانانى قه‌ته‌رى بۆ هه‌رێمى کوردستان به‌مه‌به‌ستى دروستکردنى ده‌رفه‌تى وه‌به‌رهێنان کرد و له‌مباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌م هه‌نگاوه‌ کرد و هاوکارى و ئاسانکاریى حکوومه‌تى هه‌رێمى بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانى دووپات کرده‌وه‌.