پۆلیسى دارستانى دوو ڕاوچى ده‌ستگیر ده‌کات

نیسان 18, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


مه‌فره‌زه‌یه‌کى به‌شى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى چه‌مچه‌ماڵ به‌هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ بنکه‌ى پۆلیس و دارستانى شۆڕش دوو ڕاوچى ده‌ستگیر ده‌که‌ن.

ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ کێویه‌کان به‌شێکى سه‌ره‌کى پێکده‌هێنن له‌سیماى ئه‌و سروشته‌ جوانه‌ى کوردستان که‌ بۆته‌ جێگه‌ى سه‌ره‌نجى هه‌موانه‌ ، هه‌ربۆیه‌ پاراستن و پارێزگاریکردن له‌ ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ کێوییه‌کان ئه‌رکى پیرۆزى سه‌رشانى هه‌موانه‌ ، خۆشبه‌ختانه‌ مه‌فره‌زه‌کانى پۆلیسى دارستان به‌رده‌وامن له‌ ڕێگریکردن له‌ سه‌رپێچیکاران بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ سنورى چه‌مچه‌ماڵ توانرا (2) ڕاوچى ده‌ستگیربکرێت .

له‌و باره‌یه‌وه‌ عمید هێمن کمرخان به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندن له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان وژینگه‌ى سلێمانى ڕایگه‌یاند : مه‌فره‌زه‌یه‌کى به‌شى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى چه‌مچه‌ماڵ له‌ ئه‌نجامى ده‌رچونێکیان به‌هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ بنکه‌ى پۆلیس و دارستانى شۆڕش بۆ سنورى گوندى (مه‌نیله‌ ) توانیان (2) ڕاوچى ده‌ستگیربکه‌ن که‌ سه‌رقاڵى ڕاوکردنى باڵنده‌ى کێوى بوون هاوکات توانرا ده‌ست بگیرێت به‌سه‌ر (3) سێ باڵنده‌ له‌ جۆرى سوێسکه‌و له‌گه‌ڵ (2) دوو قه‌فه‌س دا .

په‌ڕاوى لێکۆڵینه‌وه‌ بۆ سه‌رپێچیکاران ڕێکخراوه‌ بۆ وه‌رگرتنى ڕێکارى یاسایى .


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى پارێزگاى سلێمانى / ڕاگه‌یاندن
18-4-2019