قوباد تاڵه‌بانی: جگه‌ له‌ ڕێککه‌وتن، هیچ بژارده‌یه‌کى دیکه‌مان له‌به‌رده‌مدا نییه‌

نیسان 18, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان له‌ وتارى کردنه‌وه‌ی٢٢یه‌مین فێستیڤاڵى گه‌لاوێژ له‌ شارى سلێمان، ڕایگه‌یاند لایه‌نه‌کان بۆ پێکهێنانى حکوومه‌ت جگه‌ له‌ ڕێککه‌وتن هیچ بژارده‌یه‌کى دیکه‌یان له‌ به‌رده‌مدا نییه‌.

جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران له‌ ده‌ستپێکى وتاره‌که‌یدا سوپاسى به‌ڕێز مه‌لا به‌ختیارى کرد که‌ له‌ ماوه‌ى ٢٢ ساڵى رابردوودا به‌ فێستیڤاڵه‌که‌وه‌ ماندوو بووه‌ و ته‌نانه‌ت له‌کاتى قه‌یران و ناخۆشییه‌کانیشدا نه‌یهێشتووه‌ فێستیڤاڵه‌که‌ په‌کى بکه‌وێت.

باسى له‌وه‌ش کرد که‌ یه‌کێک له‌ جوانییه‌کانى فێستیڤاڵى گه‌لاوێژ کردنه‌وه‌ى ده‌رگاى ڕه‌خنه‌ و به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌ که‌ پێویسته‌ ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ له‌ کایه‌ى کولتوورى و ڕۆشنبیرییه‌وه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ سیاسه‌ت و حکومڕانى و ستایشى په‌ره‌پێدانى کولتوورى ڕه‌خنه‌گرتن و کرانه‌وه‌ى به‌رپرسیارانه‌ى کرد که‌ ئامانج لێى بنیاتنان و چاکسازى بێت.

جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا که‌ سلێمانى وه‌ک پایته‌ختى ڕۆشنبیری، شایسته‌ى چه‌ندین بۆنه‌ و دیدارى له‌ شێوه‌ى فێستیڤاڵى گه‌لاوێژه‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا له‌مباره‌یه‌وه‌ مافى وه‌کخۆى وه‌رنه‌گرتووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى هه‌رێمیش، جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ده‌بێت به‌ ڕه‌چاوکردنى شه‌راکه‌تى راسته‌قینه‌ بنه‌مایه‌کى به‌‌هێز بۆ کابینه‌ى داهاتوو ده‌سته‌به‌ر بکرێت و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ لایه‌نه‌کان جگه‌ له‌ ڕێککه‌وتن، هیچ بژارده‌یه‌کى دیکه‌یان له‌به‌رده‌مدا نییه‌.

قوباد تاڵه‌بانى سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندیى نێوان هه‌رێم و به‌غداش ڕایگه‌یاند که‌ له‌م کابینه‌ى ئێستاى عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ به‌ دانووستان کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن و بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ کورد سه‌ره‌تا له‌ناو ماڵى خۆیدا کێشه‌کانى چاره‌سه‌ر بکات بۆ ئه‌وه‌ى له‌ به‌غدا به‌رچاوڕوونتر و به‌ هێزێکى زیاتره‌وه‌ له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى ناوه‌ندى بکه‌ونه‌ دانوستانه‌وه‌.