له‌ ڕووداوێكی هاتوچۆ شه‌ش كه‌س گیانیان له‌ ده‌ستدا

نیسان 19, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا پۆلیسی سلێمانی بڵاویكرده‌وه‌ پاش نیوه‌رۆی‌ ئه‌مرۆ 19ی نیسان له‌ئه‌نجامی‌ روداوێكی‌ هاتوچۆ له‌سه‌ر رێگای‌ ناحیه‌ی‌ بنگرد - رانیه‌، شەش كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداو حەوتی‌ دیكه‌ش بریندار بون.

روداوه‌كه‌ له‌نێوان دو ئوتومبیل له‌جۆری‌ تویتا هایلوكس‌و تویتا كامری‌ رویداو له‌ئه‌نجامدا شەش كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا كه‌ پێكهاتون له‌چوار ژن‌و دوو منداڵ، هه‌روه‌ها حەوت كه‌سی‌ دیكه‌ش بریندابون كه‌ سه‌رجه‌می قوربانییه‌كان دانیشتوی‌ سنوری‌ ناحیه‌ی‌ بنگردن.

پاش گه‌یشتنی‌ هێزه‌كانی‌ به‌شی‌ پۆلیسی‌ دوكان بۆ شوێنی‌ روداوه‌كه‌، برینداره‌كان گواسترانه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌و كه‌شف‌و هێڵكاریی بۆ شوێنی‌ روداوه‌كه‌ ئه‌نجامدراو له‌لایه‌ن بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ ناحیه‌ی‌ بنگردی‌ سه‌ر به‌به‌شی‌ پۆلیسی‌ دوكانه‌وه‌ په‌راوی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ روداوه‌كه‌ كرایه‌وه‌