سلێمانی ... هه‌فته‌ی ژیاندۆستی بۆ په‌روه‌رده‌یه‌کی ژیاندۆست له‌ ١٤ قوتابخانه‌ به‌ڕێوه‌چوو‎

نیسان 21, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌ ئامانجی په‌ره‌پێدان به‌ په‌روه‌رده‌ی ژیاندۆستی و ئاشناکردنی منداڵان و دایکان و باوکانی قوتابیان‌و هاووڵاتیان به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی هوشیارییان بۆ بواره‌ جیاجیاکانی ژیان، به‌ به‌شداری ژماره‌یه‌ک به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی، هه‌فته‌ی ژیاندۆستی له‌ 14 قوتابخانه‌ی شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو.

ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌، 21ی 4ی 2019، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر، پارێزگاری سلێمانی‌و م.عومه‌ر گوڵپی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاودێری‌و گه‌شه‌پێدانی کۆمه‌لایه‌تی له‌پارێزگای سلێمانی‌و م.دڵشاد عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشت په‌روه‌رده‌و سالار حسامه‌دین، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی کاره‌با‌و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌کانی ژینگه‌و ئاوو ماف و په‌روه‌رده‌کانی ڕۆژهه‌ڵات‌و ڕۆژئاوای شاری سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌رو مامۆستاو قوتابیان، هه‌فته‌ی چالاکییه‌کانی ژیاندۆستی له‌ قوتابخانه‌ی دابانی بنه‌ڕه‌تی به‌ڕێوه‌چوو.

هه‌فته‌ی ژیاندۆستی له‌ ڕێگه‌ی چه‌ند چالاکییه‌ په‌روه‌رده‌یی، هونه‌ری، وه‌رزشییه‌وه‌ کارده‌کات بۆ ئاشناکردنی منداڵان و قوتابیان‌و دایک‌و باوکی قوتابیان‌و هاووڵاتیان به‌ پرسه‌کانی په‌یوه‌ست به‌ مافی مرۆڤ‌و مافی هاووڵاتیانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت‌و ژینگه‌و به‌فیڕۆنه‌دانی سامانی ئاوو کاره‌باو گرنگیدان به‌ ته‌ندروستی‌و وه‌رزش .

له‌و بۆنه‌یه‌داو بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ له‌ 14 قوتابخانه‌ی شاری سلێمانی چالاکییه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت که‌ بریتین له‌ قوتابخانه‌کانی (سه‌رشه‌قام، خۆشناو، سۆران، هه‌ورامان، پیشکه‌وتن، مه‌شخه‌ڵان، دابان) له‌ په‌روه‌رده‌ی ڕۆژهه‌ڵات‌و قوتابخانه‌کانی (مه‌م و زین، بێکه‌س، سیوه‌یل، نه‌هری، به‌خشنده‌، ئارین، جونیه‌ر) له‌ په‌روه‌رده‌ی ڕۆژئاوای شاری سلێمانی.

له‌و بۆنه‌یه‌دا به‌ڕێز د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر، پارێزگاری سلێمانی وته‌یه‌کی پێشکه‌شکردو له‌ وته‌که‌یدا ده‌ستخۆشی و سوپاسی ئاراسته‌ی قوتابی و مامۆستایان‌و سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌ به‌شداربووه‌کان کردو پاڵپشتی خۆی بۆ ئه‌و جۆره‌ چالاکییانه‌ی دووپاتکرده‌وه‌.
هه‌ر له‌و بۆنه‌یه‌دا به‌ڕێز ئاکۆ عه‌بدولمه‌جید، سه‌رپه‌رشتیاری گشتی پڕۆژه‌که‌ ده‌ستخۆشی له‌ سه‌رجه‌م نوێنه‌ری فه‌رمانگه‌کان‌و به‌ڕێوه‌به‌رو مامۆستایان کرد بۆ سه‌رخستنی بیرۆکه‌که‌، هه‌روه‌ک هیوای خواست له‌ ساڵی داهاتوودا به‌ پشتیوانی هه‌موو لایه‌ک بیرۆکه‌که‌ په‌ره‌ پێبده‌ن بۆ سه‌رجه‌م خوێندنگه‌کان.