نێچیرڤان بارزانى: زمان و کولتوور، گه‌لى کوردیان پاراستووه‌

نیسان 22, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

 

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22-4-2019 به‌ ئاماده‌بوونى ، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و وه‌زیر و په‌رله‌مانتار و که‌سایه‌تیى ئه‌کادیمى و نووسه‌ر و ڕۆشنبیرانى هه‌رێمى کوردستان و ده‌ره‌وه‌، ڕێوڕه‌سمى ڕێزلێنان له‌ مامۆستا که‌لیموڵڵاى ته‌وه‌حودى به‌ڕێوه‌چوو که‌ له‌لایه‌ن ئـه‌کادیمیاى کوردییه‌وه‌ ڕێکخرا بوو.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا نێچیرڤان بارزانى وته‌یه‌کى پێشکه‌ش کرد و تیایدا جیا له‌ به‌خێرهێنانى میوانانى ڕێوڕه‌سمه‌که‌ به‌تایبه‌تى مامۆستا که‌لیموڵڵاى ته‌وه‌حودى و ده‌ستخۆشیکردن له‌ ئه‌کادیمیاى کوردى بۆ ڕێکخستنى ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌، دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ شانازى به‌ خه‌باتى ڕۆشنبیرى و هونه‌ریى مامۆستا (ته‌وه‌حودی)ییه‌وه‌ ده‌که‌ن له‌پێناو داهاتوویه‌کى باشتر بۆ گه‌لى کوردستان که‌ نموونه‌ى ئـه‌و ڕۆشنبیرانه‌ن مێژووى کوردستان به‌ شانازییه‌وه‌ لاپه‌ڕه‌ى زێڕینیان بۆ ده‌کاته‌وه‌ و جه‌ختى کرده‌وه‌ که‌ هه‌ولێر و هه‌رێمى کوردستان و حکوومه‌تى هه‌رێم شانازى به‌ سه‌ردانى مامۆستا (ته‌وه‌حودی)ییه‌وه‌ ده‌کات.

هه‌روه‌ها به‌ بۆنه‌ى ساڵوه‌گه‌ڕى ڕۆژنامه‌وانى کوردییه‌وه‌ سڵاوى بۆ یادى مامۆستایان میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان، عه‌بدولڕه‌حمان به‌درخان که‌ له‌ هه‌نده‌ران و ده‌ربه‌ده‌ریدا گرینگترین لاپه‌ڕه‌یان له‌ مێژووى زمان و ڕۆشنبیرى و خه‌باتى سیاسیى کوردیدا تۆمار کرد و پیرۆزبایى له‌ سه‌ندیکاى ڕۆژنامـه‌نووسان و ڕۆژنامه‌وانانى کوردستان کرد، هه‌روه‌ها سڵاوى بۆ یادى پیره‌مێرد، حوسێن حوزنى موکریانی، ڕۆشنبیر و ڕۆژنامه‌نووس و نووسه‌رانى کوردستان نارد که‌ ژماره‌یه‌کیان له‌م ڕێگایه‌دا شه‌هید بوون وه‌ک دارا تۆفیق، ساڵح یووسفی، شاکر فه‌تاح و مووسا عه‌نته‌ر.

دواتر ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ گه‌لى کوردستان له‌پێناو مانه‌وه‌ى خۆى و پاراستنى وڵاته‌که‌ى به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک خه‌باتى کردووه‌ و خۆى به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌داوه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بێت تا دنیاى دوور و ده‌وروبه‌رى نزیک، بوونى گه‌لى کورد ده‌سه‌لمێنێ و کوردستان ده‌چێته‌ ڕیزى گه‌لانى دیکه‌ له‌ ژیانێکى سه‌رده‌مییانه‌دا، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند که‌ ئه‌و هه‌موو خه‌باته‌ بۆته‌‌ مایه‌ى سه‌رسامییه‌کى گه‌وره‌ له‌ مێژوودا که‌ بۆچى تا ئـێستا به‌رهه‌مى نه‌بووه‌ و گه‌لى کوردستان به‌ ڕۆژى خۆى نه‌گه‌یشتووه‌؟ له‌مباره‌یه‌وه‌ شیعرێکى مامۆستاى گه‌وره‌ (ئه‌حمه‌دى خانی) بیرهێنایه‌وه‌ که‌ ده‌ڵێت:

ئـه‌ز مامه‌ د حیکمه‌تا خودێدا
کورمانج د ده‌وله‌تا دنێدا
ئـایا ب چ وه‌جهى مانه‌ مه‌حرووم؟
بیلجومله‌ ژبۆ چ مانه‌ مه‌حکووم؟

 

 

 


ده‌قى وتاره‌که‌ى نێچرڤان بارزانى ...