قوباد تاڵه‌بانی: کاتێکى سه‌ختمان تێپه‌ڕاندو ئاماژه‌کانیش به‌ره‌و باشترن

نیسان 22, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان پیرۆزبایى یادى 121 ساڵه‌ى رۆژنامه‌گه‌ریى کوردى له‌ رۆژنامه‌نوسانى کوردستان کرد و دڵخۆشیى خۆى به‌ جموجوڵه‌ ئابوورییه‌کانى کوردستان پیشان دا.

له‌میانه‌ى لێدوانێکى ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ پیشانگاى نێوده‌وڵه‌تیى بیناسازى له‌ شارى هه‌ولێر ئه‌مڕۆ 22 نیسانى 2019، قوباد تاڵه‌بانى به‌بۆنه‌ى ساڵڕۆژى رۆژنامه‌گه‌رى کوردییه‌وه‌ سڵاوى تایبه‌تى بۆ میدیاکاران و ده‌زگاکانیان نارد و یادى "شه‌هیدانى قه‌ڵه‌م"ى به‌رز ڕاگرت که‌ له‌میانه‌ى ئه‌نجامدانى کارى راگه‌یاندن و به‌هۆى پیشه‌کانیانه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ یان ئه‌وانه‌ى دووچارى زیانى گیانى هاتوون و برینداربوون و گوتى "له‌م رۆژه‌دا سه‌رى ڕێز و نه‌وازشیان بۆ دائه‌نه‌وێنین".

له‌به‌شێکى ترى لێدوانه‌که‌یدا تاڵه‌بانى داواى په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌ندروستى له‌نێوان میدیا و لایه‌نه‌ به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتداره‌کان کرد و هیواى خواست میدیا کوردیییه‌کان به‌رده‌وام بن له‌ په‌ره‌پێدانى کوالێتى خۆیان و دڵخۆشیى خۆى بۆ ئه‌و پێشکه‌وتنانه‌ ده‌ربڕى که‌ ڕاگه‌یاندنى کوردى تا ئێستا به‌ده‌ستى هێناوه‌.

له‌باره‌ى پێشانگاکه‌شه‌وه‌ قوباد تاڵه‌بانى گه‌شبینیى خۆى به‌ ئاینده‌ى ئابووریى هه‌رێمى کوردستان پیشان دا و ستایشى پێشانگا نێوده‌وڵه‌تییه‌که‌ى هه‌ولێرى کرد که‌ تێیدا کۆمپانیاى عه‌ره‌بى و بیانى و خۆماڵى نمایشى توانا و که‌ره‌سته‌ى خۆیان کردبوو، باسى له‌وه‌ش کرد که‌ کوردستان قۆناغێکى سه‌ختى تێپه‌ڕاندووه‌ و له‌مه‌ولا پێویستى به‌ڕۆڵى که‌رتى تایبه‌ت و کۆمپانیاکانه‌ چونکه‌ کارى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ ته‌نها به‌ حکوومه‌ت ناکرێت.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى ڕوونکردنه‌وه‌ که‌ به‌شداریى 150 کۆمپانیا که‌ زیاتر له‌ 20 یان سعودین له‌ پیشانگاکه‌دا، نیشانه‌یه‌کى باش و گه‌شه‌ بۆ دابینکردنى پێداویستییه‌کانى بیناسازى و ده‌کرێت هه‌رێمى کوردستان سوود له‌و توانا و شاره‌زاییانه‌ وه‌رگرێت.

جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا که‌ پردى به‌هێزى نێوان حکوومه‌تى هه‌رێم و کۆمپانیاکان، یاساى وه‌به‌رهێنان و جموجوڵى ئه‌م که‌رته‌یه‌ و ئێستاش ئاماژه‌کانى ئابووریى هه‌رێمى کوردستان به‌ره‌و باشترن، ئه‌مه‌ش ده‌رگا ده‌کاته‌وه‌ بۆ هاتنى کۆمپانیاى زیاتر چونکه‌ نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵکو عێراقیش بوه‌ته‌ بازاڕێک بۆ کوردستان، بۆیه‌ داواى له‌کۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌رانى کوردستان کرد بیر له‌وه‌ بکه‌نه‌وه‌ ته‌نها له‌کوردستان نه‌وه‌ستن، عێراق وه‌ک بازاڕى خۆیان ته‌ماشا بکه‌ن و به‌وێشه‌وه‌ نه‌وه‌ستن و چاویان له‌وه‌ بێت به‌رهه‌مى خۆماڵیى کشتوکاڵى کوردستان بۆ وڵاتانى ده‌وروبه‌ر هه‌نارده‌ بکه‌ن.

له‌کۆتاییدا وتى :"ڕۆژ دواى ڕۆژ ترس که‌متر و ئومێد زیاتر ده‌بن ده‌رباره‌ى بازاڕى کوردستان چ بۆ خه‌ڵکى ناوخۆ یان کۆمپانیا بیانییه‌کان".