لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ چه‌ند پرسێکى گرنگى تایبه‌ت به‌هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌و ناوخۆو ئاسایش تاووتوێ ده‌کات

نیسان 23, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌و ناوخۆو ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێییه‌کان چه‌ند پرسێکى گرنگى تایبه‌ت به‌هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌و ناوخۆو ئاسایش تاووتوێ ده‌کات

سه‌عات ۱۱ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ ۲۳/٤/۲۰۱۹ لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێییه‌کان له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیى عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود، سه‌رۆکى لیژنه‌و ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆکى لیژنه‌و بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى دیوانى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان و راوێژکارانى لیژنه‌که‌ کۆبۆوه‌.

کۆبوونه‌وه‌که‌ به‌ساتێک وه‌ستان بۆ رێزگرتن له‌ شه‌هیدانى کوردستان ده‌ستى پێکرد، دواتر تیشک خرایه‌سه‌ر کۆبوونه‌وه‌ى رابردوو و به‌رنامه‌ى کارى کۆبوونه‌وه‌که‌ خوێندرایه‌وه‌ که‌تیایدا باس له‌ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان و هێزه‌کانى ناوخۆو ئاسایش کراو به‌وردى تاووتوێى پێشنیازو داواکارى و ماف و ئیمتیازاته‌کانیان کرا، که‌ خۆى له‌ هاوتاکردنى مووچه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ى پاشه‌که‌وتى مووچه‌و ئیمتیازاتى که‌سوکارى شه‌هیدانى شه‌ڕى داعش و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى نیشته‌جێبوونى هێزى پێشمه‌رگه‌و ناوخۆو ئاسایش و ده‌رماڵه‌و پله‌و پایه‌و بڕوانامه‌ و خێزان و منداڵ و به‌خشینیان له‌پێشینه‌ى هاوسه‌رگیرى و خانووبه‌ره‌و گرنگیدان به‌جلوبه‌رگى سه‌ربازى و خواردنى گونجاو و له‌به‌رچاوگرتنى ساڵانى خزمه‌ت و خانه‌نشینکردنیان ده‌بینێته‌وه‌.

هه‌ر له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا باس له‌ سه‌ردانى مه‌یدانیى لیژنه‌که‌ بۆ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان و یه‌که‌کانى سه‌ربازى کراو تیشک خرایه‌سه‌ر هێزه‌کانى زێره‌ڤانى و به‌رگرى و فریاکه‌وتن و رێکخستنه‌وه‌ى واجبات و به‌رزکردنه‌وه‌ى پله‌ى سه‌ربازى و کردنه‌وه‌ى خول و کێشه‌کانى فه‌رمانبه‌رانى شارستانى که‌ له‌سه‌ر میلاکى وه‌زاره‌تى ناوخۆن، هه‌روه‌ها چاوخشاندنه‌وه‌ به‌پله‌ى سه‌ربازى و بڕوانامه‌کانیان‌.

له‌ کۆتایى کۆبوونه‌وه‌که‌شدا بڕیاردرا له‌ داهاتوویه‌کى نزیکدا کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى لیژنه‌ى به‌رگرى و ئاسایش له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئه‌نجام بدرێ.