په‌یامى حکوومه‌ت له‌ ساڵڕۆژى بۆمبارانکردنى شارى قه‌ڵادزێدا

نیسان 23, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


په‌یامى حکوومه‌ت له‌ ساڵڕۆژى بۆمبارانکردنى شارى قه‌ڵادزێدا

چل و پێنج ساڵ به‌سه‌ر کاره‌ساتى بۆمبارانکردنى شارى قه‌ڵادزێى خۆڕاگردا له‌سه‌ر ده‌ستى ڕژێمى پێشووى عێراق تێده‌په‌ڕێت که‌ ئاکامه‌که‌ى شه‌هیدبوون و برینداربوونى ده‌یان ڕۆڵه‌ى گه‌له‌که‌مان بوو، جگه‌ له‌ هه‌وڵى سڕینه‌وه‌ى زانکۆى سلێمانى که‌ ئه‌و ده‌مه‌ له‌ سایه‌ى شۆڕشى ئه‌یلوولدا له‌ ئامێزى شارى قه‌ڵادزێى ئازاددا بوو.

وێڕاى چه‌ندین شاڵاو و هه‌وڵى کاولکارى و جینۆساید و شه‌ڕانگێزیى ڕژێمه‌ سه‌رکوتکاره‌کانى پێشوو دژ به‌ کوردستان و گه‌له‌که‌ی، به‌ڵام شارى قه‌ڵادزێ وه‌ک سه‌رجه‌م شار و شارۆچکه‌ و گونده‌ خۆڕاگره‌کانى کوردستان به‌ سه‌ربه‌رزى مایه‌وه‌. له‌ جێگه‌ى زانکۆیه‌کى زامدار، ئێستا له‌ کوردستاندا ده‌یان زانکۆى سه‌رده‌میانه‌مان هه‌ن.

حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌میشه‌ و به‌رده‌وام له‌ خه‌مى سڕینه‌وه‌ى کاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌ ئابوورى و ده‌روونى و کۆمه‌ڵایه‌تى و ژینگه‌یى و فه‌رهه‌نگییه‌کانى ئه‌و کاره‌ساته‌ نه‌خوازراوانه‌یه‌ که‌ ده‌یان ساڵ له‌سه‌ر ده‌ستى ڕژێمه‌ سته‌مکاره‌کان له‌ دژى کوردستان و کوردستانییان ئه‌نجام دراون و کارى به‌رده‌وام ده‌کات بۆ بنیاتنانه‌وه‌ و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانى کوردستان و پێشخستنى کۆمه‌ڵگاکه‌ى له‌ هه‌موو ئه‌و بوارانه‌دا.

له‌م یاده‌دا سڵاو بۆ گیانى پاکى شه‌هیدانى بۆمبارانى ساڵى ١٩٧٤ و ڕاپه‌ڕینه‌ پیرۆزه‌که‌ى ساڵى ١٩٨٢ى قه‌ڵادزێى خۆڕاگر و سه‌رجه‌م شه‌هیدانى کوردستان.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان
23/4/2019