Error: No articles to display

ڕیفۆرمى خوێندنى تەکنیکى لەزانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانى کوردستان ڕاگەیەندرا

ئاب 29, 2018
ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ هه‌ولێر ڕیفۆرمى خوێندنى تەکنیکى لەزانکۆ پۆلیتەکنیکییەکانى کوردستان ڕاگه‌یه‌نرا ، وه‌زیری خویندنی باڵا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو پێشبینی دەکرێ تا ساڵی ٢٠٢٥ لە سەدا پەنجای پیشەکانی ئێستا نەمێنن و پیشەو کارامەیی دیکە جێگەیان بگرێتەوە.
 
لەبارەى پڕۆژەکەش د.یوسف گۆران ئەوەى ڕاگەیاند : ئەم پڕۆژەیە هەمەلایەنەو زۆربەی بوارەکانی خوێندن لە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان دەگرێتەوە، بە تایبەت رێکخستنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن و گونجاندنی لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کارو گەشەکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان، هەروەها گرنگیدان بەو کارامەییانەی کە دەرفەتی کارکردن بۆ کادیرانی ناوەندی و تەکنیکی دەرەخسێنێت. ئەوەشى ڕوون کردەوە کە لەهەمان کاتدا بەپێی ئەم بەرنامەیە لەمەودوا سیستەمی خوێندن لە سەرجەم زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان لە رووی پرۆگرام و یەکەکانی خوێندن و ئاکامەکانی پرۆسەی خوێندن و فێرکردن و راهێنان بە تەواوەتی پەیڕەوی سیستمی بۆڵۆنیا دەکات و بابەتەکانی فاوندەیشن و زمانی ئینگلیزی و سۆفت سکڵ لە پاڵ خوێندن و راهێنان و دروست کردنی کارامەییە تەکنیکیەکان دەبێتە خەسڵەتی نوێی خوێندنی تەکنیکی لە زانکۆکانی کوردستان.
 
لەبارەى بڕوانامەى زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکانیش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئاستەکانی پێدانی بڕوانامەی پیشەیی گۆرانکاری بنەڕەتییان بەسەردا دێت، بەجۆرێک ئەم سیستەمە بتوانێت کادیری ناوەندی و تەکنیکی خۆماڵی بۆ بازاڕی کار ئامادە بکات، لەهەمان کاتدا ڕێچکەی تەواوکردنی خوێندنی بەکالۆریۆس و خوێندنی باڵاش بۆ بوارە تەکنیکیەکان دەڕەخسێنێت، بە جۆرێک بەشە زانستییەکان دەتوانن پرۆگرامی بروانامەی دبلۆم و بەکالۆریۆس و خوێندنی باڵا رێک بخەن.
 
ئاشکراشیکرد کە سیستمی نوێی خوێندن لەسەر بنەمای تێروانینی داهێنەرانە دادەریژرێتەوەو قوتابیان خوێندکارانیش لە رێگای پرۆگرامەکانی ( ئینتەنشیپ) بەبەردەوامی پەیوەندیان لەگەل بازاڕی کار دەبێت.
لەبارەى پەیوەندیەکانى خوێندن بەکەرتى تایبەت و پیشەسازیش، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: دەبێت پەیوەندی توندوتۆڵمان لەگەڵ کەرتی تایبەت و پیشەسازی هەرێم هەبێت، چونکە کارلێکی نێوانبازاڕی کارو دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا کلیلی گەشەکردنی ئابوری و رەخساندنی هەلی کارە بۆ دەرچووانمان، وتیشى: دەبێت لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندنەوە دەرفەتی کۆنتاکتی نێوان قوتابیان و خوێندکاران و کەرتی تایبەت و پیشەسازی بڕەخسێنین، بەمەش دەرفەتی کارپەیداکردن و تەنانەت کار داهێنانیش زیاتر دەڕه‌خسێنین.
 
سەبارەى بەپێشکەوتنەکانى کۆمەڵگە و ململانێى وڵاتان بۆ دۆزینەوەى دەرفەتى کار، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەى نەشاردەوە کە ململانێی هەرە گەورەی سەدەی بیست و یەک بریتی دەبێت لە شەری دەستەبەرکردنی دەرفەتی کار، ئێمەش وەکو دامو دەزگاکانی خوێندنی باڵا لەبەردەم ئەرک و ئۆباڵی مێژوویدا دەبین، خۆمان بەبەرپرسیار دەزانین بەرامبەر نەوەکانمان.
 
لەو چوارچێوەیەشدا ئەوەى ئاشکراکرد کە: هەموو شارەزایانی ئابوری لەسەر ئەو ڕاستیە کۆکن کە ١٠ ساڵی ئایندە گۆڕانکاری گەورە بەسەر پێداویستیەکانی بازاڕی کارو کارپەیداکردندا دێت بەهۆی کاریگەریەکانی شۆرشی پیشەسازی چوارهەم و ئاوێتەبوونی تەکنەلۆجیای فیزیکی و دیجیتاڵی و بایلۆجییەوە گۆرانکاری گەورە بەسەر پیشە و سروشتی کارو کارامەییەکانی بازاڕی کاردا دێت، بۆ ئەوەش وتى: پێشبینی دەکرێ تا ساڵی ٢٠٢٥ لە سەدا پەنجای پیشەکانی ئێستا نەمێنن و پیشەو کارامەیی دیکە جێگەیان بگرێتەوە، بە تایبەت گەشەکردی زیرەکی دەستکرد و بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیای رۆبۆتیکی پێشکەوتوو پرێنتەری سێ رەهەندی و ماتریالی نوێ بە تەواوەتی سروشتی بازاڕی کار لەسەرتاسەری دونیا دەگۆڕن.
سەبارەى بە ڕیفۆرمى پڕۆسەى خوێندنى تەکنیکیش لە هەرێمى کوردستان، د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: پرۆسەی ریفۆرمی خوێندنی تەکنیکی پرۆسەیەکی داینامیکیە، بەردەوام توێژینەوەو داهێنان و نوێبوونەوەی دەوێت، نابیت تەنها لێرەدا بوەستین, بەڵکو دەبیت چاوکراوەو بەئاگابین بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوومان دەست و پێ سپی نەبێت، بتوانێت بە ئاسانی لە بازاڕی کاری ناوەخۆی و نێودەوڵەتی هەولێ بە دەستهێنانی هەلی کار بدات.
 
لەو ڕوانگەیەوەش وتى: هەر بۆیە وەکو وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بریارمان داوە کە گرانتێکی تایبەت بۆ توێژینەوەکانی بواری پێداویستیەکانی بازاڕی کار و کارداهێنان و نوێگەری تەرخان بکەین، داواکارین لە توێژەران سوود لەم گرانتە وەربگرن و بە توێژینەوەکانیان هاوکارمان بن بۆ پەرەپێدان سیاسەتی گشتی خوێندنی تەکنیکی.
 
لەکۆتایى وتەکەیدا د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: کاروانی ریفۆرم و گەشەکردن راناوەستێ، چونکە گەشەکردن و کێشەکان و داواکارییەکانی مرۆڤ نوێ و تازە دێنە پێشەوە، یەکێک لە پرۆژە گەورەکانی وەزارەت لە ئایندەندا دروستکردنی بانکێکی سەرچاوەکانی و زانیاری بۆ ئەکادیمستانی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانێ پرکردنەوەی پێداویستیەکانی بازاڕی کار.
 
وتیشى: هیوادارم زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان بە وردی ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکەن و بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی جێبەجێکردن و ئاستەنگەکانی ئەنجام بدەن، دووبارە دەستخۆشی لەسەرۆک و ئەندامانی لیژنەی باڵای ریفۆرمی خوێندنی تەکنیکی دەکەم سوپاسی ئەنجوومەنی زانکۆکان و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان دەکەم کە ماندوو بوون لە دارشتنی ئەم پرۆژەیە.