Error: No articles to display

کۆنفڕانسێک سه‌باره‌ت به‌ لامه‌رکه‌زییه‌ت و رۆل وکارى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاکان به‌ڕێوه‌چوو

ئاب 29, 2018
کاتژمێر 10ى ‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ 29 ى ئابى 2018، له‌ژێر چاودێریى جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان و به‌هه‌ماهه‌نگیى لیژنه‌ى کاروبارى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان و هه‌ردوو رێکخراوى ئه‌فرا و پاوى ناحکومی، کۆنفڕانسێکى فراوان له‌باره‌ى لامه‌رکه‌زییه‌ت و رۆل وکارى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان له‌هۆڵى په‌ناگیرى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
 
له‌ کۆنفڕانسه‌که‌دا که‌ به‌ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌ک له‌په‌رله‌مانتارانى فراکسیۆن و لیسته‌ جیاوازه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان و پارێزگارى هه‌ولێر و سه‌رۆکى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێرو نوێنه‌ران و ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاکانى هه‌ولێرو سلێمانى و دهۆک و ژماره‌یه‌ک له‌دادوه‌ران و چالاکوانانى رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى به‌ڕێوه‌چوو، دکتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینکی، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان له‌ وته‌یه‌کدا رایگه‌یاند: "به‌ناوى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌ ده‌ستخۆشى و سوپاسى رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و لیژنه‌ى کاروبارى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى له‌ په‌رله‌مان ده‌که‌ین بۆ رێکخستنى ئه‌و کۆنفڕانسه‌و ئه‌وه‌ په‌رۆشى و جدییه‌تى په‌رله‌مان ده‌رده‌خات له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى فراوانکردنى ئاستى حوکمڕانى له‌هه‌رێم". 
 
جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "پێویسته‌ لامه‌رکه‌زییه‌ت له‌سه‌ر بنه‌ماى پێشکه‌شکردنى باشترین خزمه‌تگوزارى بێت بۆ هاووڵاتییان و دووربێت له‌ ئه‌جێنداو ململانێى حیزبییانه‌و له‌ماوه‌ى رابردووشدا لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار له‌کاتى جێبه‌جێکردنى یاساى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاکان رووبه‌ڕووى چه‌ندین گرفت و ئاسته‌نگ بوونه‌ته‌وه،‌ بۆیه‌ کاتیه‌تى پێداچوونه‌وه‌ى جدیى بۆ بکرێت تاوه‌کو بتوانین به‌باشترین شێوه‌ کاروبارى هاووڵاتییان رایى بکرێت و ئه‌زموونى هه‌رێم پێشبخه‌ین".
 
دواتر له‌چوارچێوه‌ى کاره‌کانى کۆنفڕانسه‌که‌دا په‌رله‌مانتار سالار مه‌حمود، سه‌رکى لیژنه‌ى کاروبارى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان له‌باره‌ى گرنگیى کاره‌کانى ئه‌م کۆنفڕانسه‌ دوا و رایگه‌یاند: "پێدانى ده‌سه‌ڵات به‌ پارێزگاو ئه‌نجوومه‌نه‌کان ده‌بێته‌ هۆى گه‌شه‌کردن و په‌ره‌پێدانى ناوچه‌کان و رۆتینیات که‌مده‌کاته‌وه‌، بۆیه‌ لێره‌وه‌ پشتگیریى هه‌ر هه‌وڵێک ده‌که‌ینه‌ که‌ ببێته‌هۆى پێشخستنى کاروباره‌ ئیدارییه‌کان و که‌مکردنه‌وه‌ى رۆتین له‌پێناو جێبه‌جێکردن و ساناکردنى راییکردنى کاروبارى هاووڵاتییان و په‌رله‌مانیش ده‌توانێت له‌لایه‌نى یاسادانان و هه‌موارکردنه‌وه‌ پشتگیرو هاوکار بێت، هه‌روه‌ک سوپاسى هه‌ردوو رێکخراوى ئه‌فرا و پاوى ناحکومیى کرد بۆ رێکخستن و ئه‌نجامدانى کۆنفڕانسه‌که‌".
 
پاشان نه‌وزاد هادى پارێزگارى هه‌ولێر له‌ وته‌یه‌کدا تیشکى خسته‌ سه‌ر چه‌ند لایه‌نێکى پراکتیکى له‌چۆنیه‌تیى جێبه‌جێکردنى یاساى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاکان له‌عێراق و ده‌سه‌ڵاتى پارێزگاکان و رایگه‌یاند: "دواى تێپه‌ڕبوونى چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر ده‌رکردنى یاساى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاکان و ده‌رکه‌وتنى لایه‌نه‌ نه‌رێنى و به‌ربه‌سته‌کانى له‌ئه‌رزى واقیعدا پێویست ده‌کات به‌پێى بارودۆخى ئێستاو له‌به‌رچاوگرتنى لایه‌نى ته‌کنیکیى ئیدارى له‌جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌کان یاساکه‌ هه‌موار بکرێـته‌وه‌".
 
دواتریش له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ چۆنیه‌تیى جێبه‌جێکردنى سیستمى لامه‌رکه‌زى و رۆڵى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاکان گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ کرا.
 
به‌رنامه‌ى کۆنفڕانسه‌که‌ له‌ سێ ته‌وه‌ره‌ى سه‌ره‌کى پێکهاتبوو: یه‌که‌م تایبه‌تبوو به‌ پرسى یاساى ئه‌نجوومه‌ن و هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى ژماره‌ 3ى پارێزگاکانى هه‌رێمى کوردستان و دووه‌میش تایبه‌تبوو به‌ لامه‌رکه‌زییه‌ت و رۆڵ وکارى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاکان، دوا خاڵیش تایبه‌ت کرابوو به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى پانتایى به‌شداریى کاراى هاووڵاتییان له‌کاره‌کانى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاکاندا.