جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا په‌یوه‌ندی به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم ده‌كات

نیسان 26, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

نێچیرڤان بارزانى ، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و مایك پێنس، جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا له‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیدا دوایین پێشهاته ئه‌منییه‌كانى ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و پرۆسه‌ى سیاسییان له‌ هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرد.

له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا كه‌ ئێواره‌ى ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 25ی نیسان ئه‌نجام درا،  نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ گرنگى به‌رده‌وامیى هاوكاریى ئه‌مه‌ریكا كرده‌وه‌ بۆ سه‌قامگیریى ئاسایش و ئارامى له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و ڕێخۆشكردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى زیاتر له‌ ملیۆنێك ئاواره‌ى عێراقى بۆ ناوچه‌كانیان كه‌ هێشتا له‌ كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندان، هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى دوایین هه‌وڵ و گفتوگۆكانى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و په‌یوه‌ندى و دیالۆگى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور، پێشكه‌ش كرد.

 سه‌رۆك وه‌زیران سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌مه‌ریكا دووپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆردا پشتگیرى و هاوكارى پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمى كوردستان كرد و جه‌ختى له‌ گرنگى هاوبه‌شى و به‌رده‌وامى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى هه‌ردوولا كرده‌وه‌.

لاى خۆیه‌وه‌  پێنس ستایشى ب نێچیرڤان بارزانى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكى كوردستانى كرد بۆ حه‌واندنه‌وه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان و بۆ پاراستن و به‌رگریكردن له‌ پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌یییه‌كان كه‌ ڕووبه‌ڕووى تیرۆرى داعش ببوونه‌وه، هه‌روه‌ها پرسه‌ سه‌‌رخۆشى له‌ خانه‌واده‌ى شه‌هیدانى پێشمه‌رگه‌ و قوربانیانى تیرۆر كرد‌ و جه‌ختى له‌ به‌رده‌وامى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا كرده‌وه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر كه‌ هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ عێراق ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت ئارامى و سه‌قامگیریى وڵاته‌كه‌ تێكبده‌ن.