هه‌ردوو حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و عێراقى فیدرال کۆده‌بنه‌وه‌

نیسان 28, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

 

کۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌شى هه‌ردوو حکوومه‌تى فیدرال و هه‌رێم سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 28-4-2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، شاندى حکوومه‌تى عێراقى فیدرال به‌ سه‌رۆکایه‌تیى د. فوئاد حسێن جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌زیرى داراییى عێراق و ئه‌ندامێتیى هه‌ریه‌ک له‌ وه‌زیرانى پلاندانان، کشتوکاڵ، پیشه‌سازی، بازرگانی، ژماره‌یه‌ک له‌ بریکار و ڕاوێژکارانى وه‌زاره‌ته‌ جیاوازه‌کان و شاندى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ سه‌رۆکایه‌تیى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیران، ئه‌ندامێتیى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران، مه‌سروور بارزانى ڕاوێژکارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى کوردستان، ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیر و ڕاوێژکار و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌کانى وه‌زاره‌ته‌ جیاوازه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، به‌شدار بوون.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و کێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌کانى نێوانیان کرا و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ پێویستیى بوونى دیالۆگى جددى له‌مباره‌یه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ى ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامیى کۆبوونه‌وه‌کانى پێشتر بوو، بۆیه‌ ئه‌نجومه‌نى ئابووریى عێراقى بڕیارى دا کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مجاره‌یان له‌ هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى کوردستان ئه‌نجام بده‌ن و له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ بواره‌کانى ئابووری، گومرگه‌کان، کوالێتى کۆنترۆڵ و کۆمه‌ڵێک بابه‌تى دیکه‌ گفتوگۆ بکه‌ن.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ کارکردن و جێبه‌جێکردنى ئه‌و بابه‌تانه‌ کرده‌وه‌ که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى گشتیى عێراق و هه‌رێمى کوردستاندایه‌ که‌ به‌پێى لێکگه‌یشتنه‌کانى ڕابردوو هه‌ندێکیان که‌وتوونه‌وه‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌ و ئه‌وانى دیکه‌ش پێویستى به‌ گفتوگۆى زیاتر و پێکهێنانى لیژنه‌ى تایبه‌ته‌ به‌تایبه‌تى ئه‌و بابه‌تانه‌ى ده‌رهاویشته‌ى یاساییان هه‌یه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌ ‌پێویست زانرا په‌رله‌مانى کوردستان بڕیارى هه‌موار و جێبه‌جێکردنى یاسا عێراقییه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان ده‌ربکات.

کۆبوونه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى گشتى ئه‌رێنى و له‌سه‌ر بنه‌ماى له‌به‌رچاوگرتنى به‌رژوه‌ندیى گشتى به‌ڕێوه‌چوو و بڕیارى به‌رده‌وامیى کۆبوونه‌وه‌ى له‌مجۆره‌ و سه‌ردانى شاندێکى وه‌زاره‌تى بازرگانیى هه‌رێمى کوردستان له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا بۆ به‌غدا درا.

له‌لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان وێڕاى دووپاتکردنه‌وه‌ى پشتگیرى له‌ حکوومه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدی، جه‌ختى له‌ قه‌واره‌ى سیاسیى هه‌رێمى کوردستان له‌ ده‌ستوورى عێراقدا کرده‌وه‌ و به‌ پێویستى زانى له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم بکرێت و ڕێز له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانى بگیرێت، هه‌روه‌ها پابه‌ندیى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى له‌ هاوکاریکردنى به‌غدا بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان ڕاگه‌یاند به‌تایبه‌تى ئه‌و بوارانه‌ى که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌موو خه‌ڵکى عێراقدایه‌.

جه‌ختیشى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان ده‌خوازێت به‌شه‌کانى دیکه‌ى عێراق له‌ڕووى په‌ره‌سه‌ندن و ئابوورییه‌کى باش و باشترکردنى بارودۆخى هه‌موو تاکێکه‌وه‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌ بچێت و له‌مباره‌یه‌وه‌ هاوکاریى هه‌رێمى کوردستانى بۆ به‌غدا نیشان دا.